رێككەوتنی جەزائیر (1) بەشی یەكەم

رێككەوتنی جەزائیر  (1) بەشی یەكەم
بەرلە هەڵگیرسانەوەی شەڕ، سەرکردایەتی شۆڕش بەو ڕاستییەی دەزانی کە ڕژێمی بەعس بۆ شکاندنی شۆڕش، ئامادەیە بەشێک لە سنوری ئاویی شەتولعەرەب بە ئێران ببەخشێت، بەڵام بارزانی و سەرکردایەتی پارتی دیموکرات کەمتر ئەوەیان لا گرنگبوو تا دەستهەڵگرتنیان لە کەرکوک، خانەقین و شەنگال و ناوچەکانی سەر بەو شارانە.
لە مەودای ئەو شەڕانەی دوواییدا، ئێران و عێراق لە گفتوگۆدا بوون و ڕژێمی ئێران بەو مەبەستە یارمەتییەکانی بە شۆڕش زیاد کرد کە ڕژێمی عێراقی پتر لاواز بکات و بتوانێت لە گفتوگۆکانیدا، داخوازەکانی باشتر بەسەردا بسەپێنێ. کێشەی ئێران و عێراق لەسەر هێڵی سنوری ئاویی ئەو دوو وڵاتە، بەدوای جەنگی یەکەمی جیهان و پێکهاتنی حکومەتی عێراق سەریهەڵدابوو. بە درێژایی ئەو ماوەیە، نە ڕژێمی پاشایەتی و نە حکومەتە یەک بەدوای یەکەکانی عێراق کە هەموویان بەرهەمی کودەتای سەربازیی بوون، چاویان لە بستێکی خاکی عێراق نەپۆشی و ئامادە نەبوون لەو مافەیان دەستهەڵگرن. تەنانەت نوری سەعید بەشداریی کۆبوونەوەیەکی پەیمانی ناوەندیی نەکرد کە لە تاران پێکهات و باسیان لە ناکۆکی هێڵی سنور کرد. لە لایەکی تردا بارزانی ڕۆژێک لە ڕۆژان باوەڕی بە محەمەد ڕەزا شا نەبوو. بارزانی ساڵانی ٤٦- ١٩٤٧ی لەبیر نەکردبوو، ئاگای لەوەش هەبوو کە لە ئێراندا چۆن مافی کوردی ڕۆژهەڵات پێشێل دەکەن و ڕۆڵەکانی کورد لە زیندانەکاندا ئەشکەنجە دەکرێن. لەبەر ئەوە بە بەردەوامی لە بەرامبەر داواکارییەکانی ئێراندا بە ئەندێشەوە دەجوڵاوە، تا ساڵی ١٩٧٢ کە هنری کیسنجەر وەزیری دەرەوەی وڵاتەیەکگرتووەکانی ئەمریکا لەلایەن حکومەتەکەیەوە بەڵێنی بە بارزانیدا کە ئەمریکا پشتی دەگرێت و شا وەک پشتیوانی شۆڕش دەمێنێتەوە و لەگەڵ بارودۆخەکە ناگۆڕێ، بەڵام دواتر لە بەڵینەکانیان پاشگەز بوونەوە و خیانەتیان بە کورد کرد. لەم بارەیەوە مەسعود بارزانی لە لاپەڕەی ١٦٨ی کتێبەکەیدا "بارزانی و بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کورد، بەرگی سێیەم، بەشی دووەم، شۆڕشی ئەیلول، ١٩٦١- ١٩٧٥"دا دەڵێت:
- (هاوینی ١٩٧٤ کاتێک شەڕ لە کوردستان گەرم بوو هەندێک زانیاری گەیشتە دەزگاکانی هەواڵزانیمان و وایان دەگەیاند گفتوگۆیەکی نهێنی لەنێوان ڕێژێمی عیراق و ئێراندا هەیە و بەو نیزیکانە ڕێککەوتنێک لەنێوان هەردوولادا دەبەسترێ. یەکێک لە نیشانەکانی ئەوەش کۆبوونەوەیەک بوو لەنێوان وەزیرانی دەرەوەی هەردوولا: دوکتۆر سەعدوون حەمادی و عەباس خەڵعەتبەری لە ئەستەمبوڵ. پاش ئەم کۆبوونەوەیەش گفتوگۆ لەنێوانیاندا هەر بەردەوام بوو. وترا کەوا ئیسرائیلیش ڕۆڵی گرینگی لەم گفتوگۆیەدا هەیە، چونکە دەزگاکانی ئیسرائیل کاتی خۆی جەختیان لەسەر ئەوە کردبووەوە کە شا هەرگیز ناپاکی لە شۆڕشی کورد ناکات. شۆڕشیش چەند هەوڵێکی بۆ زانینی ئامانجی ئەم لێک نیزیککەوتنەوەی عێراق و ئێراندا. نامەیەکمان بۆ وڵاتەیەکگرتووەکانی ئەمەریکا نارد و ئەو زانیارییانەمان تێدا باسکرد کە لەم بارەیەوە دەستمان کەوتبوون و داوامان لێکردن ئەو گفتەی خۆیان بەجێ بهێنن کە بە ئێمەیان دابوو و پشت لە شۆڕشەکەمان نەکەن. بەڕێوەبەریەتی ئەمەریکا بەتوندی نکۆڵی ئەوەی کرد کە هیچ لێکنیزیک بوونەوەیەک یا هیچ پیلانێکی سیاسی لە کایەدا بێت کە لەوانە بێ زیان بە خەباتی کورد بگەیەنێت. لە وەڵامەکەدا وترابووش کەوا ئەوان بەشبەحاڵی خۆیان زانیارییەکانی ئێمەیان ناردووە بۆ شا و ئەویش بەشبەحاڵی خۆی نامەیەکی نارد بۆ بارزانی لەوە دڵنیای کرد و نووسیبووی هەرگیز دەست لە شۆڕش هەڵناگرێ و یارمەتی خۆی بە شۆڕش لە هیچ ڕادەیەک ناوەستێنێت و هەر لەسەر قسەی خۆیەتی. هەروەها بارزانی زانیارییەکانی ئێمەی بەهۆی نێردراوێکی تایبەتەوە نارد بۆ شا حوسێن و سەرۆک ئەنوەر ساداتیش.
لە شوباتی ١٩٧٥ محەمەد مەحموود عەبدولڕەحمان "سامی" چوو بۆ قاهیرە و نامەیەکی لە بارزانییەوە بۆ سادات برد. لە نامەکەدا نووسرابوو: ئێمە حەز دەکەین ئێوەی عارەب و کەسی تر نا، بکەونە نێوانەوە بۆ چارەسەری ئەو گیروگرفتەی لەنێوان ئێمە و عێراقدا هەیە. ساداتیش گفتی دابوو چی پێ بکرێ لەم بارەیەوە بیکات.)
لە ڕاستیدا، سەرۆکی هەموو ئەو وڵاتانە لەسەر ئەوە هاودەنگ بوون کە سەدام و شای ئێران لە جەزائیر بەیەک بگەن و لەسەر حیسابی نەتەوەی کورد ڕێککەون. شای ئێران هاوکات لەگەڵ ناردنی تۆپی قورس و مووشەکی دژە فڕۆکە بۆ کوردستان، چەندان کەمپیشی بۆ خێزانی پێشمەرگەکان و خەڵکی ئاوارەی باشوری کوردستان، لە نزیک شارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لە قەسری شیرینەوە تا ورمێ کردەوە کە کوردە ئاوارەکانی وەک بارمتە لە دەستدابن کە کۆسپ نەخەنەبەر ڕێککەوتنی لەگەڵ سەدام.
حامید گه‌وهه‌رى مستەفا بارزانی
پێشمەرگە و سەرۆک
Top