دۆسیە گەرمەكانی بانگەشەی هەڵبژاردن

دۆسیە گەرمەكانی بانگەشەی هەڵبژاردن
تا هەڵبژاردنی پێشووی پەرلەمانی كوردستان و ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، گەرمترین دۆسیەی بانگەشەی هەڵبژاردن گەندەڵی بوو، بەڵام لە هەڵبژاردنی ئەمجارەدا، ژمارەی دۆسیەكان زۆر بوون، دیارترین ئەو دۆسیانەش بەپێی ریزبەندیی روودانیان بریتین لە: شەڕی داعش و رۆڵی پێشمەرگە، ریفڕاندۆم، خیانەتی 16ی ئۆكتۆبەر، داواكردن لە عەبادی كە مووچەی فەرمانبەرانی كوردستان نەدات.
حزبەكانی كوردستان بانگەشەیان بەم دۆسیانە گەرم دەكەن، لە ناو هەموو ئەو دۆسیانەدا، ریفڕاندۆم و خیانەتی 16ی ئۆكتۆبەر و ئەو لایەنانەی داوایان لە عەبادی كرد مووچە نەنێرن، دەبنە گەرمترین دۆسیەی بانگەشەكردن، ریفڕاندۆم لە عێراق و كوردستانیش دەبێتە بابەت، هەرچەندە تا ئێستاش لە عێراق گەندەڵی گەرمترین دۆسیەیە، عێراقییەكان شانازی بەوە دەكەن كە دژایەتی ریفڕاندۆمیان كرد، دەوڵەتە ئیقلیمییەكانیش دژایەتیی ریفراندۆمیان كرد، دەوڵەتە بڕیاربەدەستەكانی جیهانیش نەیانگوت دژی ریفڕاندۆمین گوتیان كاتی نییە، لە ئاستی ناوخۆی كوردستانیش، تەواوی حزبەكانی بەشدار لە پەرلەمان و دەرەوەی پەرلەمان پشتیوانی ریفڕاندۆمیان كرد، تەنیا بزووتنەوەی گۆڕان و كۆمەڵی ئیسلامی بە رەسمی لەگەڵی نەبوون، بەڵام لەبەر بەشداریی زۆری جەماوەر و هەیمەنەی داواكاریی سەربەخۆیی، رۆژی ریفڕاندۆم رێكخەری گشتی گۆڕان و ئەمیری كۆمەڵ دەنگیان بە بەڵێ بۆ ریفَراندۆم دا، لە ئەنجامدا نزیكەی 93% ی دەنگدەران دەنگیان بە بەڵێ دا.
دۆسیەی دووەم خیانەتی 16ی ئۆكتۆبەرە كە بە دۆسییەیەكی زۆر گەرمی بانگەشە دادەندرێت، ئەوانەی بە گرووپی 16ی ئۆكتۆبەر ناسراون، بە جێبەجێكار و لایەنگرانیان لە ناو یەكێتییەوە، زۆرترین چڕكردنەوەیان لەسەر ریفڕاندۆم دەبێت، بۆ ئەوەی پاساو بۆ 16ی ئۆكتۆبەر بهێندرێتەوە، لایەنی دیكەش وەك گۆڕان و كۆمەڵ دژایەتی ریفڕاندۆم بەرزدەكەنەوە، بەڵام ئەم دژایەتییەی ریفڕاندۆم دەبێتە پشتیوان بۆ بانگەشەی لایەنە عێراقییەكان، ئەوانەی دژایەتیكردنی كورد بە دەسكەوت بۆ دەنگ پەیداكردن دەزانن، لەم بانگەشەیەدا 16ی ئۆكتۆبەر زۆر زەق دەكرێتەوە.
دۆسیەی سیێەم هەم گەرم و هەم ترسناكە، ئەویش ئەو كەس و لایەنانەن كە داوایان كردووە بەغدا مووچەی فەرمانبەرانی كوردستان نەنێرێ، ئەمەش قسەیەك نییە لە خۆڕا كرابێت، بەڵكو حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیر لە كۆبوونەوەی سەرۆكی فراكسیۆنە كوردستانییەكان رایگەیاندووە هەندێ لایەن داوام لێدەكەن مووچە نەنێرم، ئەو لایەنانە بەغدایان وەك كارتی گوشار بەكارهێناوە.
لە ناو هەموو ئەو دۆسیانە، دۆسیەی پێشمەرگە و شەهیدانی شەڕی دژی داعش هەیە، بەڵام هەندێ لایەن، بەهۆی زاڵكردنی دۆسیەكانی دی، هەوڵ دەدەن ئەم بابەتە پشتگوێ بخەن، چونكە زیاتر بەلای عێراقچێتیدا رۆیشتوون، ئێ لە عێراقیشدا پێشمەرگە لەمێژە لەبەردەم سێرەدایە.
چڕكردنەوەی بانگەشەی لایەنەكان لەسەر ئەو دۆسیە گەرمانە، هێندە ئاسان نییە، هیوادارم تەپوتۆزی ئەو بانگەشەیە زوو بنیشێتەوە، چونكە وێڕای دۆسیە گەرم و ترسناكەكان، جیابوونەوە و زیادبوونی لیستی تازەش هەن، دڵنیام لایەنەكان هەرچەند قسە بەیەكتر بڵێن، لای بەغدا هیچ لە مەسەلەكە ناگۆڕێت، چونكە دەمێكە بەتەمای زۆرینەی سیاسین كە كورد تیایدا زەرەرمەندی یەكەمە.
Top