کێ راست دەرچوو؟

کێ راست دەرچوو؟
یەکێتی و گۆڕان و کۆمەڵی ئیسلامی چ وەک حزب و چ وەک فراکسیۆن لە بەغدا هیچ نەما بۆ رژێمە کۆنەخواز و مەزهەبچی و عەرەبیەکەی بەغدا نەیکەن و نەیڵێن، لە کێشە و قەیرانە کۆن و نوێیەکانی نێوان کورد و عەرەب کوردیان وەک زاڵم و ستەمکار و عەرەبیشیان وەک زوڵم لێکراو و ستەم لێکراو دەردەخست و بۆ ئەو مەبەستەش کەوتنە پێشبڕکێ، لە ئاست گەندەڵی و ناشەفافی و پرسی بوون و نەبوونی دیموکراتی لە ئاست بەغدا کلکیان دەخستە ناوگەڵیان و لە ئاست کوردستانیش کلکیان بۆ سەر شانیان بەرز دەکردەوە.
کاک نەوشیروان لە بەراورد کردنی سیستەمی فەرمانڕەوایی نێوان حکومەتی هەرێم و حکومەتە کۆنەخوازەکەی بەغدا، سیستەمی فەرمانڕەوایی کوردستانی رەت دەکردەوە و ئاخیشی بۆ سیستەمی بەغدا هەڵدەکێشا و دەیگوت: سیستەمێکی هاوشێوەی سیستەمی (بەغا)مان دەوێ.
عەلی باپیری ئەمیری کۆمەڵی ئیسلامیش لە هەمان بەراوردکاریدا، ئەمیر بوونی خۆی بیر چۆبۆوە و وەک ناوبژیوان و نوێنەر و پێشەنگی دیموکراتخوازان بە دوای سیستەمێکی دیموکراتیدا دەگەڕا و دەیگوت: حکومەتی بەغدا لە حکومەتی هەرێم دیموکراتی ترە.
لە عرووبەچێتی ئەو دوو بەرپرسەی کەسی یەکەمی دوو حزبی بەناو کوردستانی، باڵێکی ناو یەکێتی ترسی ئەوەیان لێنیشت لە خزمەتی عرووبە بەجێ بمێنن و لە دەستکەوت و ئیمتیازاتەکانی بێبەش بکرێن، هەر بۆیەش لە ئۆپەراسیۆنێکی خیانەتکاریدا کەرکوکیان رادەستی حەشدی شەعبی کرد و خورماتووشیان خستە گەرووی ئەژدیهای جینۆسایدەوە.
فراکسیۆنەکانیشیان لە پەرلەمانی بەغدا بۆ کاول کردنی کوردستان و بە تاڵان بردنی ماڵ و سەروەتی خەڵک، میلیشیای حەشدی شەعبیان بە یاسایی کرد و پشتیشیان لە پێشمەرگەی پارێزەری کوردستان کرد، وەفدە حزبی و پەرلەمانیەکانیان راکەڕاکیان بوو بۆ ئەو وڵات و ئەو پەرلەمانی ئەوروپی و کاریان لەسەر بە دێوەزمە کردنی دەسەڵاتی کوردی و لە پاڵیشیدا جوانکاریان بۆ دەسەڵاتە داگیرکار و کۆنەخوازەکەی بەغدا دەکرد، بەوەشەوە نەوستان هەڵگرانی خواستی سەربەخۆیی کوردستانیان بە ناسۆنالیزمی توندڕەو و شەڕانی ناو دەبرد، ئەنفالی کۆن و نوێ و کیمیاباران و کاولکردن و قووت و مووچە بڕینی خەڵکی کوردستانیان حزبشۆر کرد و رق و کینەی پەنگخواردووی سەدان ساڵەی عرووبەیان لە پرسی ریفراندۆمدا چڕ کردەوە، هەموو ئەو هەڵوێستە ناکوردانەیان لە پێناو دوو ئامانجدا بوو، یەکەمیان دژایەتی کردنی پارتی و ماڵباتی بارزانی نەمر و دووەمیشیان پێشکەش کردنی ئۆڤەری خۆ بە جاش کردن بوو، تەنانەت لە پێشکەش کردنی ئۆڤەری خۆ بە جاش کردندا کەوتبوونە ململانێ و پێشبڕکێیەکی توند و لەو پێناوەشدا هێڵە سوورەکانی کوردبوون و کوردایەتیشیان دەبەزاندن، بەڵگەش بۆ بوونی ئەو راستییە و وەک پاڵپشتی کردن لە سیاسەتی دژە کوردانەی رژێمە کۆنەخوازەکەی بەغدا و لاواز کردنی دەسەڵاتی کوردی لە بەرامبەریدا، هەر رۆژە و بیانوویەکیان دەگرت و هەر جارە و بە پاساوێک دەستیان دەکرد بە ئاژاوەگێڕی و هەڵکوتانەسەر و بەردە فڕکێ و سووتاندن.
لە سەرەتاوە کێشەی پارتی و ئەو لایەنانە لەسەر کوردستانی بوون و عێراقچێتی بوو، بەڵام ئەو لایەنانە بۆ خۆڵ کردنە چاوی خەڵک و دەستکەوتنی دەستکەوتی حزبی و کەسی لە بەرگی تردا نمایشیان دەکرد، ئێستا دوای دەرکەوتنی راستیەکان و دوای ئەوەی لە سیاسەتی عێراقچێتی سەرنەکەوتن و تێگەیشتوون کە بەغدا نەک بە عێرقیان وەرناگرێ، بەڵکو بە جاشێکی رێز لێگیراویش قبوڵی نین، ئەوەتا بایان داوەتەوە و کەوتوونە سەر رێبازی درووستی کوردایەتی و کوردستانی بوون و وازیان لەو رێچکەیە هێناوە کە پێشتر پارتی دیموکراتی کوردستانیان لەسەر ئاستی ناوخۆ و نێودەوڵەتی پێ تاوانبار دەکرد و دەڵێن: عەبادی درۆ دەکات، ئەوەش بەڵگەی بوونی ئەو راستیەیە کە پارتی گرەوی کوردایەتی و کوردستانی بوونی بردەوە و لە رێڕەی ناساندنی دوژمنان و هەڵوێست وەرگرتن و خەبات و قوربانیداندا راست دەرچوو.
Top