دەوڵەتی سەربەخۆیی كوردستان ،واتا ئاشتی وسەقامگیری لە رٍۆژهەڵاتی ناوین..

دەوڵەتی سەربەخۆیی كوردستان ،واتا ئاشتی  وسەقامگیری لە رٍۆژهەڵاتی ناوین..
زڵهێزان گەورەترین هەڵەیان كرد كاتێ‌ خاكی كوردستانیان بە هۆی بەرژوەندییە تایبەتییەكانی خۆی لە ت لەیت كرد ،چونكە لەو كاتەوە تا بە ئەمرٍۆ ناوچەكە ئاشتی و سەقامگیری بە خۆیەوە نەبینیووە .پەیمانی سیڤەری ساڵی 1920مافی دامەزراندنی دەوڵەتی بەگەلی كورد لەباكورو باشوری كوردستان بەخشی بوو، بەڵام بەرژەوەندی زلهێزەكانی دوای جەنگی یەكەمی جیهان وایكرد كە لەپەیمانی لۆزانی ساڵی 1923دا لەپێدانی ئەو مافە بەگەلی كورد پەشیمان ببنەوە.لەوكاتەوە پرسی گەلی كورد لەپرسێكی دانپێدانراوی نێودەوڵەتییەوە بوو بەپرسی ناوخۆیی ئەو دەوڵەتانەی كە كوردستانیان بەسەردا دابەشكرابوو.لەو كاتەوە خەباتی نزیكەی یەك سەدەی گەلی كورد لەناو سنووری دەوڵەتە داگیركەرەكانی كوردستاندا هەر دروشم‌و ناوونیشانێكی هەبوبێ‌ لەگەوهەردا بۆ سەربەخۆیی‌و دامەزراندنی دەوڵەتی خۆماڵی بووە..كوردستانی باشور لەبەدەستهێنانی مافە نەتەوەییەكانی لەپێش پارچەكانی دیكەوەیەو سەرباری ئەوەی بەشێكی فراوانی باشور لەساڵی 1992ەوە ئازادەو خاوەن حكومەت‌و پەرلەمانی خۆیەتی.كیمیاباران،ئەنفال و بەكارهێنانی چەكی قەدەغەكراوە و ئابڵوقەدان و سزادانی میللەتی كورد ،ئەزموونەكانی زیاتر لە 90ساڵی گەلی كورد لەگەڵ حكومەتە یەك لەدوای یەكەكانی عێراقدا ئەو راستییەی سەلماند كە كێشەكانی ئەم گەلە لەرێی ئۆتۆنۆمی‌و فیدراڵییەوە چارەسەر نابێت‌و پێویستی بەوە هەیە وەك هەموو گەلانی دیكەی جیهان بەمافی چارەنوسی خۆی لەدامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆدا شاد بێ‌.
رێگاكانی گەیشتن بەسەربەخۆیی زۆرن، بەڵام كورترین رێگا رێگای بەغدایە، بەوەی كە قەناعەت بە نوێنەرانی عەرەبی سوننە‌و شیعە بهێنرێ‌ كەرێگری لەدروستبوونی دەوڵەتی سەربەخۆی كوردستان نەكەن‌و پشتیوانی بكەن كە مایەی كۆتایی هاتنی كێشەكان‌و لەقازانجی هەردوو گەلی كوردو گەلی عەرەبدا دەبێت.
ئەزموونی جیابوونەوەی باشوری سودان ئەزمونێكی زیندووە كە دەكرێ‌ سوودی لێوەبگیرێ‌، ساڵی 2005 عومەر حەسەن بەشیری سەرۆك سودان‌و جۆن گەرەنگی سەرۆكی بزووتنەوەی گەلیی رزگاری سودان رێكەوتننامەی نیفاشایان ئیمزا كرد بۆ دامەزراندنی سودانی نوێ‌ لەماوەی شەش ساڵی قۆناغی ئینتقالیدا، ئەگەر ئەوەیان بۆ نەكرا گەلی باشووری سودان لەرێی راپرسیی گشتییەوە چارەنووسی خۆی دیاری بكات.ئەوەبوو لەماوەی شەش ساڵی ئینتقالیدا نەیانتوانی تێزی سودانی نوێ‌ بەرجەستە بكەن. ئەوەبوو لەمانگی كانوونی دووەمی 2011 دا رێگە بەگەلی باشوری سودان درا لەرێی راپرسیی گشتییەوە بڕیاری دیاریكردنی چارەنووسی خۆی بدات‌و گەلی باشوری سودان بەراپرسیی چارەنووسی خۆی دیاری كردو بڕیاری سەربەخۆیی خۆی داو كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی پێشوازی لەو بڕیارە كردو دەوڵەتی باشوری سودان بووە 193 هەمین دەوڵەتی ئەندامی رێكخراوی نەتەوەیەكگرتووەكان.
گەلی باشوری كوردستانیش هەموو شێوازەكانی پێكەوەژیانی لەئۆتۆنۆمی‌و فیدراڵی لەعێراقی كۆن‌و تازەدا تاقی كردەوە، دەركەوت هیچ یەكێك لەو شێوازانە كێشەی نەتەوەیی ئەم گەلەیان پێ چارەسەر نەكرا.ئێستا میللەتی كورد خاوەن دەنگی میللەتە بۆ راگەیاندنی سەربەخۆیی كوردستان،چونكە ئیتر هیچ هیوایەك بۆ مانەوە لەگەڵ رژێمێكی ستەمكار و چەوسێنەری وەك بەغدای مەزهەبی ،تائیفی و شۆڤێنی نەماوە .هەروەها تا كورد خاوەنی دەوڵەتی سەربەخۆیی نەبێ‌ ناوچەكە و رۆژهەڵاتی ناوین ئاشتی و سەقامگیری بەخۆیەوە نابینێت.
Top