مستەفا بارزانیی ، رۆحی نەتەوەیی ، رەمزی بەرخودان و یەكبوونی گەلی كورد

مستەفا بارزانیی ، رۆحی نەتەوەیی ، رەمزی بەرخودان و یەكبوونی گەلی كورد
مستەفا بارزانیی" ماوەی 76 ساڵی تەمەنیدا مێژووییەك گەورەتر لە بەرخوردان و قارەمانییەتی بێوێنە بەرامبەر دوژمنانی كورد و جوانتر لە فیداكاری بۆ دەستبەبەركردنی مافە ڕەواكانی نەتەوەیەكی ژێردەستە و دابەشكراو. ئەو سەرباری ئەوەی لە 30ی ساڵی تەمەنیدا بەشداری كارای لە ڕاپەڕینی بارزاندا كرد لە ساڵانی 1932-1933 دا، لە 40ساڵی تەمەنیشیدا سەركردایەتی شۆڕشی بارزانی كرد لە ساڵانی 1943-1945 دا، كەچی زۆر بە سادەیی لە سەركردەی شۆڕشێكەوە بەبێ لەبەرچاوگرتنی سنوورەكان بارزانی توانیی بە كارەكانی خۆی لە وتە و كردار بە خەڵكی بسەلمێنێ كەسێكی خاوەن پرۆژەیە بۆ میللەتی كورد و، ئامادەیە قوربانی بدات بە خۆی‌ بۆ ڕزگاری ئەو میللەتە، چونكە بارزانیی نەمر تەنیا شۆڕش بوو بە سەركردایەتی خۆی بگات بە ئامانجی خۆی پێش ئەو شۆڕ‌شە گشت شۆڕشەكانی تر شكان و تووشی ڕوخان بوون بەڵام لە شۆڕشی ئەیلول بارزانیی نەمر سەركردایەتی شۆڕشێكی كرد توانیی ئۆتۆنۆمی كە بەرنامەی بوو بەسەر حكوومەتی عێراقدا بسەپێنێ و بیگەیێنێتە ئەنجام ئەمەش یەكم جار بوو شۆڕشی كورد لەسەر دەستی بارزانی بگاتە ئەنجامی خۆی و شۆڕشەكانی تر سەڕەرای قوربانی زۆر بەڵام دوژمن زەفەری پێ بردن." بزوتنەوەی رزگاریخوازی كوردستان بە سەرۆكایەتی بارزانیی باوك ، رٍۆڵێكی یەكجار مەزنییان بیینی بۆ پاراستنی كورد وكوردستان و مێژووییەكی پرشنگداریان تۆمارٍكرد.هەر بۆیە هەتاكو ئەمرٍۆ هەموو كوردێكی دڵسۆز و نیشتیمانپەروەر شانازی بە باوكی رٍۆحی نەتەوەیی خۆیان دەكەن و لە رێككەوتی 1/3 هەر ساڵێك یادی ئەم رٍێبەرە مەزنە دەكەنەوە . 39 ساڵ لەمەوبەر و لە رۆژێكی وەكو ئەمڕۆدا كورد و كوردستان رۆژێكی پڕ ماتەمینیان بەخۆوە بینی، ئەو شۆڕشگێڕەی سەركردایەتی مەزنترین شۆرشی كوردستانی كردبوو لە ناسكترین و ئاڵۆزترین قۆناغی مێژووی عێراق و ناوچەكە و جیهاندا كۆچی دوایی كرد. مستەفا بارزانیی ، هەموو ژیانی خۆی لە پێناو گەلە زوڵملێكراوەكەی تەرخانكردبوو، هەروەها بڕوای بەوە بوو ڕۆژێك هەر دێت كورد بە مافە ڕەواكانی خۆی دەگات. ڕوونیشی دەكەنەوە، سەرۆك بارزانی، بۆ دوا قۆناغەكانی خەباتی بارزانی نەمر هەوڵدەدات، ئەویش گەیشتنی كوردە بە هیوا و ئاواتەكانی خۆی.
بارزانی سەرۆكی نەتەوەی كورد بوو، داهێنەری كوردایەتی و شۆڕش بوو، داهێنەری عەداڵەتی كۆمەڵایەتی بوو، ئەو كەسە بوو كە لە پێناو كورد و كوردستان تێدەكۆشا، بارزانی سیمبولی نەتەوایەتی گەلی كوردە، كورد بە بارزانی ناسراوە، بارزانی جیاوازی لە نێوان كوردی نەهێشت، پێشمەرگەیەكی بادینان لە سلێمانی شەهید دەبوو، پێشمەرگەیەكی سلێمانی، لە دهۆك شەهید دەبوو، بارزانی توانی پێكەوەژیان و تەبایی لەنێو گەلی كورد دروست بكات، بارزانی سەركردایەتی چەندین شۆڕشی كردووە و لە هەموو ئەو شۆڕشانە سەركەوتنی بە دەستهێناوە و توانی كورد بە دونیا بناسێنێت، فێرمان بكات چۆن بەرگری لە خۆمان بكەین، فێرمانی كرد كە چۆن وڵاتی خۆمان خۆش بوێت و خۆشەویستیمان بۆ وڵات هەبێت، چۆن چۆك بۆ دوژمن دانەنوێنین و بەرامبەر بە دوژمن بوەستین. بارزانی نەمر بە سەرەتای گەورەترین بناغەی گوتاری هەستی نەتەوەیی مۆدێرن دادەندرێت، چونكە ئەو كاتانەی سەرانی حكومەتی عێراق داوای لێدەكەن هەرچێیكی دەیەوێت بۆی جێبەجێ دەكەن لە بەرامبەردا واز لە شاری كەركوك بێنێت.بارزانی نەمر لە وەڵام دا دەفەرموێت: "كەركوك هی من نییە هی كەركوكیەكانە، تا كوردێك لە كەركوك مابێت كەركوك كوردستانیە" هەروەها دەفەرموێت: (كەركوك دڵی كوردستانە) ئا ئەمەیە گیانفیدایی و بەرزی هەستی نەتەوەیی، بەمەش ئاراستەیەكی نوێ و تازەی هێنایە نێو كایەی خەبات، تاوەكو تاك بە تاكی كورد ماف و دەسكەوتەكانی پێ بەدی بێنێت، هەر بۆیە دەكرێت بڵێن بارزانی نەمر كەسایەتێكی كارێزما بوو، جگە لەلایەنی سیاسی گرینگی بەلایەنی كۆمەڵایەتیش داوە، هەر لەبەر ئەوەش بوو توانی خەڵكێكی جیاواز كۆبكاتەوە هەر لە سونە و شیعە و كۆمۆنیستی و لیبرال و ئیسلامی و .........هتد بەبێ بەرژەوەندی ماددی و بەكارهێنانی هێز، ئائەوەیە سیفاتی كەسایەتی كارێزما گەواهیدەرێكی حاشا هەڵنەگرە گەر بڵێن بارزانی نەمر خەمخۆرێكی مەزن و بەرچاوی نەتەوەكەی بووە و هیچ كاتێك سڵی لە خزمەت نەدەكردەوە، هەر بۆیە بەرێزیان لای دۆست و نەیاران جێگەی بایەخ و رێز بووە، چونكە ئەوان باش دەركیان بەوە كردبوو كە بارزانی زیاتر لە پیاوێكی مێژوویی دەچێت، ئەمەش دەسكەوتێكە هەموو كەس نایبینێت و پێی نادرێت.
لە یەكی ئاداری ساڵی 1979، بارزانیی سەركردەی مەزنی كورد و كوردستان، لە نەخۆشخانەی جۆرج تاون لە واشنتۆنی پایتەختی ئەمریكا كۆچی دوای كرد، لە رۆژی چواری ئادار تەرمی پیرۆزی مستەفا بارزانیی گەیشتەوە تارانی پایتەختی ئێران و، دواتر بە هەلیكۆپتەر، تەرمی پیرۆزی بارزانی نەمر گەیەنراوەتە شاری شنۆی كوردستان و لەوێ لەلایەن سەدان هەزار كەس لە پەنابەرانی هەرێمی كوردستان و هاووڵاتیانی رۆژهەڵات و كوردەكانی باكوور و رۆژئاوا پێشوازی لە تەرمی بارزانی كرا، رۆژی پێنجی ئادار تەرمی مستەفا بارزانیی لە گۆڕستانی شنۆ لەسەر وەسیەتی خۆی لە پاڵ گۆڕی شێخ بابۆ بەخاك سپێردرا، بەوەش كوردستان و گەلانی ئازادیخوازی جیهان یەكێك لە مەزنترین سەركردە شۆرشگێڕەكانی مێژووی خەباتی گەلانی جیهانی سێیان لەدەست چوو، پاش ئەوەی ئەو سەركردە مەزنە كە رابەرایەتی بزافی رزگاریخوازی هاوچەرخی كوردستانی، بۆ ماوەی نیوسەدە، لە پێناوی دەستەبەركردنی ژیانێكی ئازاد و پڕسەرفرازی بۆ گەلی كوردستان كرد بارزانی نەمر رەمزی یەكبونی گەلی كوردستان بووە، تەنانەت پاش كۆچباربوونیشی بۆتە هێمایەك بۆ خەباتی نەتەوایەتی كورد لە هەموو جیهاندا و بۆتە پاڵپشت بۆ خەباتی نیشتمانی گەلی كوردستانیش، بارزانی بە نەمری لەناو میللەتەكەیدا و، بە مەزنی لەناو مێژووی جیهاندا مایەوە، لە پاش راپەڕین و لە شەشی تشرینی یەكەمی 1993 تەرمی بارزانی نەمر و شەهید ئیدریسی هەمیشە زیندوو لە گۆڕستانی شنۆ هێنراوەتەوە و بە خاكی بارزان زێدی خۆیان سپێردران. مستەفا بارزانی هەر وا بە سانایی نەبووەتە باوكی كورد یا سەرۆكی رۆحی نەتەوەیی یا رەمزی خۆبەختكردن و گیانی بەرخودان و یەكبوونی گەلی كورد، زۆرن ئەوانەی لە مێژووی گەلانی دونیادا زۆر كەمتر لە بارزانیشیان بۆ میللەتەكەی خۆیان كردووە، كەچی نەك هەر بەرز راگیراون لە لایەن میللەتەكەیانەوە، بەڵكو چ سەركردەكانی دوای ئەو هاتوون، چ میللەت خۆی، هەوڵیانداوە رۆحی ئەو سەركردەیە بەوە زیندوو بكەنەوە كە پێڕەوی لە كردارو گوفتاری بكەن، پێڕەوی رێبازەكەی بن. ئەمەیان لەناو كورد بە سەركردایەتی و بنكردایەتی نەتوانراوە تەواو پابەند بن بە ئەو میتۆدەی بارزانی نەمر كە بێ جیاوازی بۆ هەموانی رەنگڕێژ كردو كردی بە میتۆدێك بۆ بەرەو سەرفرازی و پێشەوەچوون.
ئەوەی جێی نیگەرانییە ئەوەیە، هەموو گەلانی دونیا كاتێك پێڕەوی سەركردەو رابەرە رووحییەكانیان دەكەنەوە، لە كاتی خۆیدا یادی دەكەنەوەو هەر لە كات و شوێنی خۆیشیدا میتۆدەكەی بەرز هەڵدەسەنگێنن، كەچی لەناو ئێمەی كورد زۆر بە پێچەوانەوەیە، هەموومان رۆژانە كە باس لە بارزانی نەمر دەكەین، بۆ ئەوە باس ناكەین كە لاپەڕە شاراوەكانی بارزانی هەڵدەینەوە (كە پێموایە هێشتا زۆر لاپەڕەی پڕشنگداری بارزانی ماون و هەڵنەدراونەتەوە)، بۆ ئەوە باس ناكەین جارێكی تر گەرمی و گوڕییەكی تر بە بەرگیانی خۆماندا بكەینەوەو، ئەمڕۆمان باشتر بكەین لە دوێنێمان و بنەمایەكیش بۆ سبەی بونیاد بنێین، یان هەڵەكانی دوێنێمان راست بكەینەوەو جارێكی دیكە بە باشترین شێوە خزمەتكاری میللەتی خۆمان بین،
Top