كورد لای بەغدا مەوالییە
February 28, 2018
وتار و بیروڕا
بەدرێژایی مێژووی بزووتنەوەی رزگاریخوازیی كورد لە باشووری كوردستان، وەك ئێستا بەغدا گاڵتەی بە كورد و بزووتنەوە سیاسییەكەی نەكردووە، جاران كورد تەنیا بوو، بەڵام دیفاكتۆی شۆڕش و تەسلیم نەبوون بەغدای ناچار بە گفتوگۆ دەكرد، ئێستا كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەڵێ هەولێر و بەغدا گفتوگۆ بكەن و گەمارۆی سەر كوردستان نەمێنێ، كەچی حەیدەر عەبادی بە بەرچاوی هەموو دونیا، كات بەڕێ دەكات و بە ناوی وردبینی لیژنە دەنێرێ و مووچەش نانێرێ، پێرێ كردنەوەی فڕۆكەخانەكانی كوردستانی بۆ كۆتایی مانگی ئایار و دوای هەڵبژاردن دواخست.
پێویستە بزانین چەند بێئاگاییە كە دەڵێین خەتای خۆمانە بەغدا وامان لێدەكات، هەڵەیەكی چەند گەورەیە كە دەگوترێ ریفڕاندۆم نەكرابا ئەوە رووی نەدەدا، باشە پرسیار لە خۆمان ناكەین، چ شتێك دوای ریفڕاندۆم كراوە پێش ریفڕاندۆم بەرنامەی بەغدا نەبووبێت؟ ساڵی 2008 مالیكی سوپای بۆ ناوچەی خانەقین جوڵاند، مووچە و بوودجەی كوردستان لە مانگی 2 ی ساڵی 2014 بڕدرا، نیەتی بەغدا بەرامبەر كوردستان هەر لە سەرەتای قۆناغی عێراقی بەناو نوێ دەركەوت، بەڵام بۆ نەهێشتنی مافە دەستوورییەكانی كوردستان، قۆناغ بە قۆناغ كاری خۆی كردووە، نەدانی مووچە و پێداویستی سەربازی بە پێشمەرگە، وێڕای ئەوەی بەپێی دەستوور بەشێكە لە سیستەمی بەرگریی عێراق، جێبەجێ نەكردنی ماددەی 140 ی دەستوور، باشترین بەڵگەن كە بەغدا بەرنامەی بۆ لاوازكردنی كوردستان هەبووە.
بەغدا كوردی لە تاقیگە داناوە، پشتكردن لە مافە دەستوورییەكان، بۆ ئەوەیە بۆی دەركەوێ پاش ئەو سوكایەتییەی بە كوردی دەكا، كورد چۆن مامەڵەی لەگەڵدا دەكات، ئایا بەو سوكایەتی و گاڵتەپێكردنە رازییە، یان بیر لە خۆی دەكاتەوە و بە دوای چارەسەرییەكدا دەگەڕێ؟ بەغدا دەیەوێ لە تاقیكردنەوەی كورد دا، لە ڕێی برسیكردن و زەلیلكردنەوە، كوردی چاكی دەست بكەوێت، بەپێی پێوەری بەغدا كوردی چاك ئەو كوردەیە بە بەندیخانەی عێراق رازی بێ، باسی نەك هەر سەربەخۆیی نیشتمان، بەڵكو بە نەهێشتنی قەوارەی هەرێمی كوردستانیش رازی بێت، بەغدا وەك پایتەختی خەلافەتێك ببینێ كە باسی كوردی تێدا نەكرێت، لە خەلافەتەكەدا كورد هەر مەوالی بێت، ئەو زاراوەیەی بۆ كورد و نەتەوە ناعەرەبەكانی موسڵمان بەكارهێندرا، سەیرەكە ئەوەیە كورد لە بەغدا بە مەوالی دەبینن، كەچی هەندێ حزب، بۆ عێراق ئاگریان تێبەر بووە، كەسانێكیش بەناوی رۆشنبیری و دیموكراسییەوە بەغدا دەبینن، ئەرێ شەرم نییە بەغدا بەمەوالیت بزانێ و تۆش بە دیموكراسیتر لە هەولێر بیزانی؟