دابەش بوونێکی ترسناک

دابەش بوونێکی ترسناک
کورد بەسەر دوو بەرەی ئاراستە جیاواز و ناکۆک بە یەکتری دابەش بووە، ئەوانیش بەرەی مووچە ویست و بەرەی سەربەخۆ ویستن، ئەگەر لە رووی حەز و ویستی سیاسی و هەڵوێستی حزبی و نەتەوەیی جیاکارییەک لە نێوان ئەو دوو بەرەیە بکەین دەگەینە ئەو دەرئەنجامەی خوارەوە:ــ
١ــ هەرچی بەرەی مووچە ویستە کۆی حەز و ویستەکانی لە گەڕانەوە بۆ بەغدا و یەکپارچەیی خاکی عێراقدا دەبینێتەوە، بۆ ئەو مەبەستەش بۆتە پارێزەری سەرەکی یەکپارچەیی خاکی عێراق و لەو پێناوەشدا دەستبەرداری هەموو ماف و سەروەریە نەتەوەییەکان بووە و هەموو هێز و تواناکانیشی بۆ پاراستنی یەکپارچەیی خاکی عێراق و باڵادەستی رەوتی شیعەگەرایی خستوونەگەڕ، ئەو بەرەیە لە لایەن هەندێ حزب و دەستە و گرووپی گوماناوی ئاراستە دەکرێ، ئەو حزب و دەستە و گرووپانەش بوون و مانەوەی خۆیان لە گەشە پێدانی ئەو بەرەیەدا دەبینن، بۆ ئەو مەبەستەش چەندی بۆیان بکرێ و کرابێ شەقامیان خستۆتە ژێر کاریگەریەکانی ئیرهابی فکری و چەواشەکاری سیاسی، لەوەش مەترسیداتر ئەو بەرەیە شەڕی تێکشکاندنی ئیرادەی سەربەخۆییان کردۆتە دوا ئامانج و بۆ سەرکەوتنیش ئامادە بوون هێز لە دوژمنان و داگیرکارانی کوردستان وەربگرن و لەمەولاش ئامادەن هێزیان لێوەرگرن.
٢ــ هەرچی بەرەی سەربەخۆ ویستیشە بوون و مانەوەی کورد و پاراستنی دەستکەوت و بەرگری کردن لە پیرۆزیە نەتەوەییەکان لە سەربەخۆیی کوردستاندا دەبینێ، لە پێناو بەدیهێنانی ئەو خەونە لە مێژینەی سەربەخۆییش لە رابردوودا ئەو بەرەیە هەموو باجێکی داوە و لە داهاتووشدا ئامادەی هەر جۆرە باجدانێکی ترە، چونکە چارەسەری پرسی کورد و چارەنووسی خەڵکی کوردستان لە سەربەخۆیی کوردستان دایە و جگە لەو رێگەیەش کورد هیچ رێگەیەکی تری لەبەردەمدا نەماوە، چونکە هەموو رێگاکان تاقی کرانەوە و لە کارەسات و نەهامەتی و وەیشوومە زیاتر شتێکی تری دەست نەکەوت.
Top