دیموکراتی لە قۆناغی رزگاری نیشتیمانیدا
February 27, 2018
وتار و بیروڕا
کورد لە هەر چوار بەشەکەی کوردستان خاکی داگیر کراوە و زوڵم و ستەمی نەتەوەیی لەسەرە، کەچی لە باشوور بەناوی دیموکراتی ئەوەندەی چاوەکان لەسەر بایکۆت و جنێوفرۆشی و ئاژاوەنانەوە و یووک کردنی مێژووی بەرخودان و بێ بەها کردنی ئێستا و گومان خستنە سەر داهاتوو و دەست تێکەڵ کردنن لەگەڵ ئەم دوژمن و ئەو داگیرکار، چاوەکان ئەوەندە لەسەر بەدیهێنانی خواست و ئامانجە نەتەوەییەکان و پاراستنی دەستکەوتەکان و بەگژدا چوونەوەى ئەو زوڵم و ستەمە نین کە کوردیان دووچاری دەیان کارەسات و وەیشوومە کردووە.
مێژوو ئەو راستییەی سەلماندووە کە مەترسیەکانی بەردەم یرۆسەی رزگاری نیشتیمانی و سەربەخۆیی هەر گەل و نەتەوەیەک کاتێک دەردەکەون کە پرۆسەی بنیاتنانی دیموکراسی پێش بخرێ، چونکە لە حاڵەتێکی وەهادا دوو ئەگەری ترسناک دێنە پێش پرۆسەی رزگاری نیشتیمانی و سەربەخۆیی.
ئەگەری یەکەم:ــ بەناوی دیموکراتی دەرگا بە رووی دوژمنان و دەزگا هەواڵگریەکانیاندا دەکرێتەوە و دەتوانن بە ئاسانی لێیەوە بێنە ناو ریزەکانی شۆڕش، بەوەش کۆدەنگی یەکهەڵوێستی نەتەوەیی لەبار دەبرێ.
ئەگەری دووەم:ــ دەستە و گرووپە بەرژەوەند خوازەکان بوونی دیموکراتی وەک پەردە بەسەر هەڵوێستە نانەتەوەیی و نانیشتیمانیەکانیان هەڵدەکێشن و تەنانەت خیانەتیش پێ حەڵاێ دەکەن.
ئاخر دیموکراتی بە رزگار بوون لە دیکتاتۆری و توانەوەی بەستەڵەکی کۆنەخوازی لادانی پەردە لەسەر دەموچاوە بەرژەوەند خوازەکان دێتەدی، ئەتۆ ژێردەستەی رژێمێکی کۆنەخوارز و دیکتاتۆری وەک ئەوەی عێراق و پرێزەری بەرژەوەندی بەرژەوەند خوازەکان بیت، چۆن دەکرێ دیموکراتی پێش پرۆسەی رزگاری نیشتیمانی و سەربەخۆیی بخرێ؟!