گرنگی خیوه‌تگه‌ى دێده‌وانى بۆ قوتابیان

گرنگی خیوه‌تگه‌ى دێده‌وانى بۆ قوتابیان
نوسه‌ر و دامه‌زرێنه‌رى بزوتنه‌وه‌ى دێده‌وانى و ئه‌فسه‌ری سوپاسى به‌ریتانیا روبه‌رت بادن باول ده‌لێ " ئه‌وانه‌ى ده‌توانن سه‌ركردایه‌تى بكه‌ن ئه‌وانه‌ن سه‌ره‌تا فێری گوێ ڕایه‌لی بوون، من وه‌ك سه‌ركرده‌یه‌ك وا به‌باش ده‌زانم مرۆڤ فێر ببێ چۆن سه‌ركردایه‌تى ده‌كات نه‌ك چۆن گوێ ڕایه‌لی ده‌كات".
یه‌كه‌مین خیوه‌تگه‌ى دێده‌وانى تاقیكردنه‌وه‌ى له‌ ساڵى 1907له‌ ئینگلته‌را له‌ لایه‌ن (بادن باول) ئه‌نجامدرا و به‌ڵام یه‌كه‌مین كۆبوونه‌وه‌ى جیهانى دێده‌وانى له‌ 30ی ته‌موزی ساڵى 1920له‌ به‌ریتانیا ئه‌نجامدرا كه‌ (36)ووڵات به‌شداربوون به‌ (18)زمانى جیاواز كه‌ ئه‌و گۆڕانكارییه‌ به‌ یه‌كه‌مین بزووتنه‌وه‌ى دێده‌وانى ناوزه‌د ده‌كرێ به‌ره‌وو ئاشتى و (بادن باول) به‌ سه‌رۆكى دێده‌وانى جیهانى ناسراو نوسینگه‌ى نێوده‌وڵه‌تى بۆ دێده‌وانى و ڕابه‌ره‌كان له‌ شارى له‌نده‌ن دامه‌زرا به‌ سه‌رۆكایه‌تى (بادن باول)، وه‌ له‌ ووڵاتانى عه‌ره‌بیش هه‌ریه‌ك له‌ (عێراق و لوبنان و سوریا و فه‌له‌ستین و میسر) بزوتنه‌وه‌ى دێده‌وانى سه‌رى هه‌ڵدا له‌ ساڵى (1912) له‌ سه‌ر ئاستى ووڵات بزوتنه‌وه‌ى خیوه‌تگه‌ى دێده‌وانى گرنگى زۆرى پێ ده‌درێ له‌ ووڵاتانى جیهانی و به‌ بلاوی ئه‌نجام ده‌درێ وه‌كو جۆرێك له‌ جۆره‌كانى چاڵاكى ژیانى تاكه‌كان به‌ ڕاده‌یه‌ك كه‌ بۆته‌ به‌شێكى جیانه‌كراوه‌ له‌ به‌رنامه‌ و پڕۆگرامی په‌روه‌رده‌یی گشتگیر له‌ هه‌مان كاتدا هۆكارێكه‌ یارمه‌تیده‌رێكه‌ بۆ زیاتر كردنى شاره‌زایی فێربوون كه‌ هه‌ر تاكێك له‌ كۆمه‌ڵگه‌ پێویستیه‌تى به‌تایبه‌تى له‌ قوتابخانه‌كان.
له‌ هه‌رێمى كوردستان له‌به‌ر هۆكارى قه‌یرانى دارایى چه‌ندین ساڵه‌ خیوه‌تگه‌ى دێده‌وانى ئه‌نجام نه‌دراوه‌ له‌ سه‌ر ئاستى پارێزگاكان و وه‌زاره‌ت ئه‌وه‌ى گرنگه‌ هه‌لوه‌سته‌ى له‌ سه‌ر بكه‌م قوتابیان و قوتابخانه‌كان ساڵانێكه‌ تینووی ئه‌نجامدانى خیوه‌تگه‌ى دێده‌وانین بۆ قوتابیان و مامۆستاكان بۆ قوتابییه‌ خۆشه‌ویسته‌كان به‌شدارى كردنیان له‌و جۆره‌ چاڵاكیانه‌ بایه‌خ و گرنگى خۆی هه‌یه‌ كه‌ قوتابیانى قۆناغى ئاماده‌یی بۆ ماوه‌ى چه‌ند ڕۆژێك به‌شداربن له‌ به‌رنامه‌ و چاڵاكیه‌كانى دێده‌وانى كه‌ قوتابی فێری ئارام گرتن و پشت به‌خۆبه‌ستن و پراكتیزه‌كردنى جۆره‌ها كارمه‌یی و هونه‌ری و خزمه‌تى گشتى و فێربوونى جۆره‌ها زانیارى و زانستى گشتى و دیتن و شاره‌زایی په‌یداكردن له‌ سه‌ر سروشت و جوانى كوردستان كه‌ كاتێكى خۆش به‌ سه‌ر ده‌به‌ن دوور له‌ ژاوه‌ ژاو و قه‌له‌بالغی ، به‌ڵكو تێكه‌ل بوون و هه‌ناسه‌دان به‌ هه‌وای پاك و هێمنى و پشوودان و پراكتیزه‌كردنى ژیانى كۆمه‌لی و دیموكراسی و هاوكاری كردن و خۆخزمه‌ت كردن و رێزگرتنى كه‌سانى تر و رێزگرتنى دیمه‌ن و سروشته‌ ئاڵ ووالاكانى كوردستان و گرنگیدان به‌ ته‌ندروستى جه‌سته‌ و ئه‌نجامدانى جۆره‌ها چاڵاكى ئه‌وانه‌ و چه‌نده‌هاى تر گرنگه‌ قوتابیان ببینن له‌ ژیانى قوتابیاتى و قوتابخانه‌دا ، جگه‌ له‌وانه‌ش له‌ ناو قوتابخانه‌دا چاڵاكیه‌كانى چاك و خاوێن ڕاگرتنى قوتابخانه‌ و رێزگرتن له‌ سیسته‌مى گشتى ناو قوتابخانه‌ و چۆنیه‌تى چوون و گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ قوتابخانه‌ ورێزبوونى به‌یانیان و به‌رزكردنه‌وه‌ى ئاڵاى كوردستان و گووتنه‌وه‌ى سرودی (ئه‌ی ره‌قیب ) و ئه‌نجامدانى كۆبوونه‌وه‌ى قوتابیان وهه‌وڵبدرێ سه‌ردانى كردنى نه‌خۆشخانه‌كان و زانكۆكان و شوێنه‌وار و شوێنى به‌ ساڵاچوان و زۆری تریش كه‌ هه‌ر یه‌كێك و چه‌ند وانه‌یه‌ك فێری قوتابیان ده‌كات و ئه‌نجامدانى چه‌نده‌ها سیمینار بۆ برایانى پۆلیس و هات و چۆ و دام و ده‌زگاكانى تری خزمه‌ت گوزاری تایبه‌ت به‌ كۆمه‌ڵگه‌. ئه‌وانه‌ و چه‌نده‌هاى تر هه‌مووى به‌ پراكتیكى هه‌وڵى بۆ بدرێ ئه‌نجام بدرێ، به‌ڵام له‌ بیر نه‌كه‌ین به‌ تیۆریش گرنگه‌ خیوه‌تگه‌ى دێده‌وانى مێژوو و ئه‌نجامدان و زانیارییه‌كان پێویسته‌ له‌ پڕۆگرامه‌كانى خوێندن ڕه‌نگ بداته‌وه‌ و وه‌كو بابه‌تێكى پێویست و تایبه‌ت به‌ ژیانی قوتابی بتوانرێ له‌ پۆڵه‌كان بخوێندرێ و قوتابیان شاره‌زاییان له‌ سه‌ر هه‌بێت ، كاتێك خۆیان ئه‌نجامى ده‌ده‌ن لایان نامۆ نه‌بێت.
به‌رێوه‌به‌رى گشتى چاڵاكى وه‌رزش و هونه‌ر
ماسته‌ر له‌ كارگێرى په‌روه‌رده‌یی

Top