نەوەكانی حزب
February 25, 2018
وتار و بیروڕا
تێپەڕاندنی رابردوو بەوە نییە، زۆرترین خوێندەوار كۆبكەیتەوە، لە هەمان كاتدا پرۆگرامێكی شاراوە رۆڵی سەرەكی لە پەروەردەكردنیاندا ببینێ، ئەو پرۆگرامەی هێشتا دیلی رابردووە، لە ناو نەهامەتییەكانی ناكۆكیی خوێناوییەوە سەرچاوەی گرتووە، نزیكەی نیو سەدەیە، بە تایبەتیش لە هەفتاكان و هەشتاكانی سەدەی رابردوو، ناوە ناوە حزب و گرووپی نوێ سەر هەڵدەدەن، بەوە خۆیان نمایش دەكەن كە قۆناغی مەلایی و جەلالی تێدەپەڕێنن، كەچی هەر لە شەستەكانی سەدەی بیستەم ماونەتەوە.
نەوەكان بەوە گۆشكراون بەرامبەرەكانیان بسڕنەوە، لە كاتێكدا ئەزموونێكی تاڵی رابردووی خوێناوی هەیە، هیچ لایەنێكیش بە خوێنڕشتن لەناو نەچوو، لەوانەیە بگوترێ ئەو نەوەیە چەك هەڵگر نییە تا رابردوو دووبارە بكاتەوە، بەڵام میدیا وەك كەرەستەیەك كاریگەرتر لە چەك بەكاردەهێندرێ، هاندراوەكانی دەستی ئەو میدیایە كراونەتە ئاگر، بۆیە زۆرجار لەبیریان دەچێت كە لەژێر بەرگێكی نوێدان، هەر لە میدیاوە دەڵێن چارە نییە، بەرامبەرەكانمان بە چەك نەبێ لەناو ناچن.
بازاڕی ئێستای حزبایەتی بەوە گەیشتووە، ململانێ لە سەر ئەوە دەكرێ كامەیان زیاتر هەوڵ بدات نەتەوایەتی بپووكێنێتەوە، بە جۆرێك حزبایەتی ئاراستە دەكرێ، وەك ئەوەی نەتەوەكانی سەردەست، زۆر بڕوایان بە مافەكانمان هەبێ، لێ خۆمان نازانین مامەڵەیان لەگەڵدا بكەین، كەچی دوور ناڕۆین، دوای 16ی ئۆكتۆبەر، لە كەركووك و عەفرین چ شاڵاوێكی دڕندانەی توندی نەتەوەیی لە بەرگی ئایینی و مەزهەبیدا دەكرێتە سەرمان.
راستە گەندەڵی رۆڵی خراپی لە كاڵبوونەوەی نەتەوایەتی و نەهێشتنی بەها مرۆڤایەتییەكاندا هەیە، بەڵام ناكرێ ناكۆكی بەوە نوێ بكرێتەوە، لە پێناوی خستنی لایەنی بەرامبەر، نەتەوەی سەردەست بە پاك و بێگەرد و بێ خەتا و دیموكراتخواز، كوردیش بە پێچەوانە بخوێنرێتەوە، ئەمە سەری بۆ ئەوە كێشاوە، لە كاتێكدا بەغدا هەوڵی نەهێشتنی هەرێمی كوردستان دەدات، كەچی ئەو ئاراستە حزبییەی لە هەناوی ناكۆكییە كۆنەكانەوە سەرچاوەی گرتووە، لە رێی بەكارهێنانی هەموو كەرەستەیەك بۆ دژایەتیكردنی هەولێر، زەمینەی عێراقچێتی خۆش دەكات، لە بەغداش گرەو لەسەر زەلیلكردنمان دەكەن، كێ زیاتر زەلیلمان بكات، ئەو هەڵبژاردن دەباتەوە.
ئەوەی لە پەروەردەكردنی ئەم نەوەیەی حزبایەتیدا دەبیندرێ لەبیركردنی خاكە، بەغداش ئەو دۆخەی قۆستۆتەوە، چاوی لەوەیە بمانگێڕێتەوە پێش 1991 و باری ئابووریمان لە وێرانەوە بۆ وێرانتر ببات، بەداخەوە تادێت نەتەوەكانی سەردەست نەتەوەییانەتر رووبەروومان دەبنەوە، ئێمەش بە دیموكراسی و قسەی بێمانا لێیان وەردەگرین، ئەوان یەكدەگرن و ئێمە پەرت دەبین، نەوەیەكیش پەروەردە دەكەین، خۆی بە كەم بزانێت، ئەوان بە هەق و خۆی بەناهەق بزانێ.