پەکەکە و بزووتنەوەی رزگاریخوازی کورد

پەکەکە و بزووتنەوەی رزگاریخوازی کورد
پەکەکە بێ چاو خشاندن بە مێژووی سەرهەڵدانی پرسی کورد و لەبەرچاو گرتنی تایبەتمەندی داگیرکارانی کوردستان، پرسی کوردی لە پرسێکی نەتەوەییەوە بە ئایدۆلۆژی کردووە، چارەسەرکەشی لە روانینە سیاسیە توندڕەوەکانی خۆیدا کورت هەڵێناوە، بۆ ئەو مەبەستەش لە هەر بەشێکی کوردستان چەند کلک و باڵێکی بۆ خۆی درووست کردووە و دوور لە تایبەتمەندی خەباتی ئەو بەشەی کوردستان و هەماهەنگی لەگەڵ حزب و لایەنەکانی ئەو بەشەی کوردستان، وەک خۆی دەیەوێ کلک و باڵەکانی ئاراستە دەکات، هەموو راستیەکانی لە بۆچوونە ئایدۆلۆژیەکەی خۆیدا کۆکردوونەوە و خۆی بە رابەر و دەمڕاستی کوردانی هەر چوار بەشەکەی کوردستانیش دەزانێ، هەر بیر کردنەوە و بۆچوونێکیش لە دەرەوەی بیر کردنەوە خەیاڵی و سیاسەتە دیکتاتۆریەکەی خۆی رەت دەکاتەوە، پرسی کوردی لە پرسی نەتەوەیەکی ستەمدیدە و خاک داگیرکراو و ژێردەستەوە، گۆڕیوە بۆ پرسی دووبەرەکی چینایەتی و بەرجەستە کردنی خەیاڵاتی دیموکراسی و بنیاتنانی کۆمەڵگەی دیموکراتیک، بەوەش خواستی دوژمنان و داگیرکارانی کوردستان لە دووبەرەکی سیاسی و تێکدانی ناوماڵی کورد و فرە گوتاری و فرە ئامانجی دێنێتەدی، لەگەڵ رژێمە داگیرکار و کوردکوژ و کۆنەخوازەکانی ئێران و عێراق و سوریا بەردەوام هاوپەیمانی و سەنگەربەندی هەیە و کوردانی دەوڵەت ویست و سەربەخۆخوازانی کوردستانیش لە هەر شوێنێکی دنیادا بن بە نەتەوەپەرست ناو دەبات.
بەلای پەکەکەوە تەنها تورکیا داگیرکاری کوردستان و دوژمنی کوردە و ئێران و عێراق و سوریاش دۆست و هاوپەمان، بەڵام رووداوەکان و مێژووی بزووتنەوەی رزگاریخوازی کورد شتێکی ترمان پێدەڵێن و ئێران و عێراق و سوریاش هاوشانی تورکیا دوژمنی کورد و داگیرکاری کوردستانن، بەڵام پەکەکە خۆی لەو راستییە دەبوێرێ و گوتنی ئەو راستییە بە نەتەوەپەرستی دەزانێ، ئەوەش پشتیوانی کردنە لە سیاسەتی داگیرکاری ئەو سێ دەوڵەتە داگیرکار و کورد کوژە، لێرەوە پەکەکە دەبێتە ئاستەنگ لە بەردەم خەباتی رزگاریخوازی کورد و ئامانجی سەربەخۆیی کوردستان و کولانەی پیلانگێڕی و پەناگەی بە لاڕێدا بردنی پرسی کورد.
گریمان وەک پەکەکە دەڵێ چارەسەری پرسی کورد لە دامەزراندنی کۆمەڵگەی دیموکراتیک دایە، بەوەش گۆڕینی ئەقڵیەتی شۆڤێنی و دیکتاتۆریانەی تورک و فارس و عەرەب بۆ ئەقڵیەتێکی دیموکراسی و دوور لە خواستی شەڕانگێزی دەبێتە ئەرکی لە پێشینەی پەکەکە، نەک وەک ئەوەی ئێستا بە گژدا چوونەوەی هەڵوێستی شۆڤێنیانە و وەڵامدانەوەی شەڕانگێزیەکانی تورک و فارس و عەرەب بە نەتەوە پەرستی تۆمەتبار بکات، بۆیە دەبێ پەکەکە بە هەموو کلک و باڵەکانیەوە لەو راستییە بگەن کە پرسی کورد لە هەر چوار بەشە داگیرکراوەکەی کوردستان پرسێکی نەتەوەیی و نیشتیمانیە و هەر یەک لە وڵاتانی تورکیا و ئێران و عێراق و سوریاش داگیرکاری کوردستان و دوژمنی کوردن، دەبێ لەوەش بگەن کە چارەسەری پرسی کورد جگە لە سەربەخۆیی هیچ چارەسەرێکی تری نییە و هەر جێگرەوەیەک بۆ چارەسەری پرسی کورد، کات کوشتن و درێژە دانە بە مەینەتیەکانی کورد و بە هەدەردانی خوێن و خەباتی خەڵکی کوردستانە، جا بۆ ئەوەی پەکەکە بگەڕێتەوە ناو بازنەی خواست و ئامانجە نەتەوەییەکان و ناسنامەی کوردایەتی و کوردبوون وەربگرێتەوە، نابێ چیتر لە جەنگەڵستانی داگیرکاران و بە چاویلکەی ئایدۆلۆژی بە دوای چارەسەری پرسی کورددا بگەڕێ و گەنج و لاوی کورد لە مەداری خواستی داگیرکارانی کوردستاندا بخولێنێتەوە وەک ئەوەی ئێستا دەیکات,
Top