بزووتنەوەى گۆڕان و ستراتیجی کۆنی نەوشیروان مستەفا

بزووتنەوەى گۆڕان و ستراتیجی کۆنی نەوشیروان مستەفا
لەو رۆژەوەی بزووتنەوەى گۆڕان وەک بزووتنەوەیەکی رقاوی سیاسی و هۆگری ئاژاوە نانەوە و هەڵگری ڤایرۆسی شێرپەنجەی کوردایەتی هاتۆتە ناو کایەی سیاسی، بەردەوام هێزی لە هزر و بیری شەڕانگێزی نەوشیروان مستەفا وەرگرتووە و بە پێی بۆ لوان و دەرفەتیش بە ئامانجی رقاوی و ستراتیجی رشتنی کۆنەقینی ئەو خۆی فۆرمات کردۆتەوە، بە درێژایی ئەو ماوەیەش لەسەر سێ ئاست و لە ئاستی بەرپرس و هەڵسووڕوانی باڵا هزر و بیری شەڕانگێزی نەوشیروان مستەفایان نمایش کردووە و هەوڵیانداوە چۆن کێشەی رەوای کورد ناشیرین بکەن و خەبات و خواست و ئامانجە نەتەوەییەکان بە لاڕێدا بەرن.
یەکەم:ــ لەسەر ئاستی ناوخۆ
نەشیروان مستەفا لەسەر ئاستی ناوخۆ و بە مەبەستی ئاژاوە نانەوە لە بانگەشەی هەڵبژاردنەکان هەوادارانی هان دەدان و دەیگوت: چیتان پێدەکرێ بکەن، هەوادارانیشی وەک پابەند بوون بە پەیامە ئاژاوەگێڕیەکانی لەسەر ئاستی ناوخۆ لە هەر شار و شارۆچکەیەک دوو کەس بە مەبەستی گەیاندنی داواکاری یان دەربڕینی ناڕەزایی هاتبنە سەر شەقام، گۆڕان سواری ئەو شەپۆلە بووە و لە رێگەی پەرلەمانتار و هەڵسووڕاوانیەوە بە لاڕێیدا بردووە، ئەوەندە ئاشقە گۆڕان بووە خواست و داواکاری رەوای خەڵکی گۆڕیوە بۆ توندوتیژی و پەلامار و هەڵکوتانەسەر و بەردەفڕکێ و سووتاندن، بەلای گۆڕان و گۆڕانخوازانەوە گرنگ بوونی ئاژاوەگێڕی بووە، تەنانەت لە بایکۆتی پارساڵی مامۆستایان و ئەو کاتەی بۆ شکاندنی بایکۆت هەوڵەکان خرانەگەڕ، ئارام شێخ محەمەدی هەڵسووڕاو و جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق بە هەڵەداوان گەڕایەوە کوردستان و بە بایکۆتچیانی گوت: بەردەوام بن لەسەر بایکۆت و لە بەغداوە مووچەتان بۆ دێنم،
دووەم:ــ لەسەر ئاستی عێراقی
لەو رۆژەوەی بزووتنەوەى گۆڕان وەک فراکسیۆن چۆتە پەرلەمانی عێراق شتێک نەما بەناوی کۆدەنگی و یەکهەڵوێستی نەتەوەیی، پەرلەماتارانیان بوونە پارێزەری رژێمە مەزهەبیکەی بەغدا و لە کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا، بەردەوام رەواییان بە بەغدا دەدا و حکومەتی هەرێمیان تاوابار دەکرد، تەنانەت وشیار عەبدوڵای پەرلەمانتار لەگەڵ ئەو هەموو زوڵم و ستەمە نەتەوەییەی سەر کورد و ئەنفال و کیمیاباران و بڕینی مووچە و قوتی خەڵکی کوردستان، وەک ئەوەی کورد خاکی عەرەبی داگیر کردبێ و عەرەب بچەوسێنێتەوە، خواستی سەربەخۆیی خەڵکی کوردستانی بە ناسیۆنالیزمی توندڕەو و شەڕانی ناودەبرد، لە هەموو ئەوانەش خراپتر بۆ کوردکوژی و داگیر کردنەوەی کوردستان میلیشیای حەشدی شەعبییان بە یاسایی دەکرد و پێشمەرگەی کوردستانیشیان بە میلیشیا ناوزەد دەکرد، فراکسیۆن و پەرلەمانتارانیشیان لەو هەڵوێستە ناکوردانەیان ئیلهامیان لەو گوتنەی نەوشیروان مستەفا وەردەگرت کە بە شانازیەوە دەیگوت: سیستەمێکی هاوشێوەی (بەغا)مان ئەوێ.
سێیەم:ــ لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی
نەوشیروان مستەفا لە ساڵی ١٩٦٩و لە گۆڤاری رزگاری کە خۆی بە وەکالەتی موخابەراتی رژێمی بەعس خاوەن ئیمتیازی بوو، کوژراوی جاشی بە شەهد و قارەمان و پێشمەرگەشی بە چەتە و رێگری مەلا مستەفای بارزانی ناو دەبرد، بەعس لە رووی سیاسی و دیبلۆماسی و لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی و بۆ ناشیرین کردنی شۆڕش و پێشمەرگە کەڵکی لەو راوبۆچوونانەی نەوشیروان مستەفا وەردەگرت، لە ئێستاشدا هەڵسووڕاو و گۆڕانخوازانی بزووتنەوەکەی هەمان رێچەکەیان گرتۆتەبەر، بۆ ئەو مەبەستەش چەندین وەفدی پەرلەمانی رەوانەی هەندەران دەکردن و سیاسەتی کۆنی خۆی پێ کاوێژ دەکردنەوە، لەو سەردانانەی وەفدەکانیدا خراپتر لە دوژمنان و داگیرکارانی کوردستان کاریان لەسەر ناوزڕاندنی پێشمەرگە و ناشیرین کردنی ئەزموونی هەرێمی کوردستان دەکرد، بەوەش بۆچوونی دوژمنکاری دوژمنانیان لەسەر پێشمەرگە و ئەزموونی هەرێمی کوردستان پشت راست دەکردەوە، ئەرێ لە کوێی دنیادا بینراوە و بیستراوە لە قۆناغی رزگاری نیشتیمانیدا وەک ئەوەی نەوشیروان مستەفا و شوێنکەوتووانی جوانکاریان بۆ دوژمنانی خۆیان کردووە؟! لە کوێ دنیادا دەستەو گرووپی وا دەرکەوتوون تفیان بە رووی خۆیاندا کردبێ و رەواییان بە چەوسانەوەی گەلەکانی خۆیان دابێ؟!
لێرەوە دەگەینە ئەو راستییەی کە نەوشیروان مستەفا چۆن ستایلی شەڕی ناوخۆی گۆڕی و لە چیاکانەوە هێنایە سەر شەقام، ئەوهاش ستراتیجە رقاویە کۆنەکەی ناوەڕاستی شەستەکانی سەدەی رابردووی بە سەردەمی کردووە و بەناوی گۆڕان و گۆڕانخوازیەوە بە گەرووی هەڵسووڕاو و گۆڕانخوازانیدا کردووە، لەو ستراتیجەشدا تەنها مەبەستی دوژمنایەتی کردنی ماڵباتی بارزانی نەمرە، باجی ئەو ستراتیجە رقاویەش لە کۆن و ئێستاشدا پرسی کورد و ئامانجە نەتەوەیی و نیشتیمانیەکان داویانە و دەیدەن.
Top