فرە حزبی چی پێ بەخشین و چی لێ ستاندین

فرە حزبی چی پێ بەخشین و چی لێ ستاندین
فرە حزبی و رای جیاواز لە بنەما سەرەکی و خەسڵەتە جوانەکانی دیموکراسین، بە مەرجێ فرە حزبی لەسەر بنچینەی یەکتری قبوڵ کردن و رای جیاوازیش دوور بێ لە تەشهیر و ناوزڕاندن و سووکایەتی کردن بە رای بەرامبەر، بەڵام لە کوردستان ئەو راستییە پێچەوانە کراوەتەوە، فرە حزبی بە گەڕەلاوژە و لاساری سیاسی پێناسە کراوە و رای جیاەازیش بە تەشهیر و ناوزڕاندن و تۆمەت هەڵبەستن بۆ بەرامبەر، بۆیە دەپرسین: ئەو فرە حزبی و رای جیاوازەی لە کوردستان موزایەدەی پێوە دەکرێ چی پێ بەخشیوین و چی لێ ستاندووین؟
فرە حزبی و رای جیاواز لە کوردستان نەوەیەکی جنێوفرۆشی سیاسی وای بەرهەم هێناوە جوانی خۆی لە ناشیرین کردنی بەرامبەرەکەیدا دەبینێ، دوور لە هەموو یاسا و رێسایەکی سیاسی و کۆمەڵایەتی پەلاماری هەموو راوبۆچوونە جیاوازەکان دەدات، خەون بە شکست و خستنی بەرامبەرەکەیەوە دەبینێ ئەگەر ئەو شکست و خستنە بە هێزی دوژمنان و لەسەر دەستی داگیرکارانی کوردستانیش بێ، بە راست و چەپدا تۆمەت دەبەشێتەوە و ئیرهابی فکری و تەخوینی بەرامبەری کردۆتە کلتوور و فەرهەنگی سیاسی، بەناوی رای جیاواز ژەهری عێراقچێتی و دژە کوردستانی دەڕێژێ و لە عەرەب عەرەبتر تاکی کورد لەسەر بیری عرووبە رادێنێ.
بە لەبەرچاو گرتنی ئەو راستیانەی سەرەوە و ئەو فەوزا سیاسی و ئاژاوەگێڕیەی هەندێ کەس و دەستە و گرووپیش بەناوی بوونی فرە حزبی و رای جیاواز دەیکەن، فرە حزبی و رای جیاواز دووبەرەکی و وڵاتفرۆشی و روو کردنە دوژمنان و پشت کردنە خواست و ئامانجە نەتەوەییەکانی پێ بەخشیوین، کوردایەتی و کۆدەنگی و یەکهەڵوێستی نەتەوەیی و خۆشەویستی خاک و نیشتیمانیشی لێ ستاندووین.
Top