شەڕی ناوخۆ بە تامی خۆپیشاندان و داواکاری شەقام

شەڕی ناوخۆ بە تامی خۆپیشاندان و داواکاری شەقام
ئەگەر کەسێک لە بوارێک گەیشتبێتە لوتکەی پسپۆڕ و شارەزایی کورد پێی دەڵێ: گۆشت قابیلی بازە، نەوشیروان مستەفاش ئەوەندەی حەز بە شەڕی ناوخۆ دەهات ستایل گۆڕینی بەلاوە وەک ئاو خواردنەوە بوو، لە شەڕی ناوخۆ ئەوەندە کارامە و شارەزا بوو دەیتوانی هەر رۆژە و بەرگێکی بە بەردا بکات، بە راستی نازناوی قارەمانی شەڕی ناوخۆی بە خەسار نەدابوو.
دوای رێککەوتنی پارتی و یەکێتی لە ساڵی ١٩٩٨و بڕیاری حەرام کردنی شەڕی ناوخۆ، دواتر رووخانی رژێمی بەعس و هاتنە پێشی قۆناغێکی نوێ، ئەو دوو حزبە بە یەکجاری دەرگایان بە رووی هەڵگیرسانەوەى شەڕی ناوخۆدا داخست، ئەوەش کێچی خستە کەوڵی نەوشیروان مستەفا، بۆیە ئەویش بیری لەوە کردەوە دەستبەرداری ئەو شەڕە تەقلیدیە ببێ و بە ستایلێکی نوێ کورد دووچاری شەڕی نەگریسی ناوخۆ بکاتەوە، بۆ ئەو مەبەستەش خۆپیشاندان و ناڕەزاییەکانی خەڵکی قۆستەوە و کۆمەڵگای کوردی کرد بە دوو بەشی دژ بە یەک و لە راست یەکتریڕا هێنان، دەکرێ ئاژاوەگێڕەکانی ١٧ی شوبات و زنجیرە ئاژاوەگێڕیەکانی دواتر بە ئەو شەڕە ناوخۆییە ناوبەرین کە نەوشیروان مستەفا شوێنی شەڕە تەقلیدیەکەی پێگرتەوە.
ئەگەر سەرنج لە رووداوەکانی ١٧ی شوبات و رووداوەکانی دواتر بدەین و لە بێژیتگی دەربڕینی خواست و داواکاری خەڵک و خواستی شەڕانگێزی و بنەماکانی هەڵگیرساندنی شەڕی ناوخۆیان بدەین، تێدەگەین کە نەوشیروان مستەفا بەردەوام خواست و داواکاری شەقامی بە ئاڕاستەی خواستی شەڕانگێزی خۆی و هەڵگیرساندنی شەڕی ناوخۆدا گۆڕیون.
لە ١٧ی شوبات خواستی پشتیوانی لە راپەڕینی گەلانی تونس و میسری گۆڕی بۆ (ارحل)و هەڵکوتانەسەر لقی چواری پارتی، ئایا پشتیوانی لە راپەڕینی گەلانی تونس و میسر لە کوێ و هەڵکوناتەسەر لقی چواری پارتی لە کوێ؟! ئایا گەلانی تونس و میسر دژی لقی چواری پارتی راپەڕیبوون؟! ئایا پاسەوان و کادیرانی لقی چواری پارتی بوون کە گەلانی تونس و میسریان دەچەوساندەوە؟!
لە زنجیرە رووداوەکانی ئەم دواییەش خواستی داواکاری مووچەی فەرمانبەرانیان گۆڕی بۆ هێرشی چەکداری و بەردەفڕکێ و هەڵکوتانەسەر و سووتاندنی دامودەزگا خزمەتگوزاریەکانی خەڵک، ئایا خواست و داواکاری مووچە لە کوێ و سووتاندنی فەرمانگەکانی هاتووچۆ و تاپۆ و شوێنەوارەکان لە کوێ؟!
جیاوازی شەڕی ناوخۆ لە کۆن و ئێستادا:ــ
١ــ لە کۆندا شەڕی ناوخۆ لە شاخ و لە نێوان دوو هێزی چەکدار بوو، نەوشیروان مستەفا شەڕی شاخی هێنایە شەقام و هێزێکی پەلاماردەری لە هەرزەکاری پێکهێنا کە تەمەنیان لە نێوان ١٢ بۆ ١٦ ساڵان بوو.
٢ــ لە کۆندا فەرماندە سەربازیەکان لە دواوەی مەیدانی جەنگ پلانی شەڕیان دادەنا، لە ئێستادا فەرماندە سەربازیەکان زیاتر هەڵسووڕاو و بانگخواز و پەرلەمانتارن و لە شاشەی کەناڵەکانەوە نەخشەی جەنگ دادەنێن و هەر لە کەناڵەکانیشەوە کاتژمێری سفر دیاری دەکەن و فەرمانی هێرش بردن دەردەکەن.
٣ــ لە کۆندا خواستی حزب و تۆڵەی سیاسی و رشتنی کۆنەقینی کەسەکان هۆکاری هەڵگیرساندنی جەنگەکان بوون، لە ئێستادا خواست و داواکاری خەڵک کراوەتە بیانووی هەڵگیرساندنی جەنگەکە، بۆیە مەترسی ئەو جەنگە مۆدێل تازە زۆر لە جەنگە مۆدێل کۆنەکە ترسناکترە، چونکە جەنگە مۆدێل کۆنەکە جەنگی نێوان دوو حزب بوو، بەڵام جەنگە مۆدێل نوێیەکە جەنگی ناوخۆی کۆمەڵگایە و هەوڵدەردرێ هەموو چین و توێژەکان تێوەبگلێنرێن.
Top