به‌ پشوودرێژییه‌كه‌ی گه‌مارۆكانی تێكشكاند

به‌ پشوودرێژییه‌كه‌ی گه‌مارۆكانی تێكشكاند
له‌ دوای 16ی ئۆكتۆبه‌ره‌وه،‌ حكوومه‌تی عێراق، به‌ سه‌رۆكایه‌تیی حه‌یده‌ر عه‌بادی، گوشاره‌كانی زیاتر كرد تا هه‌موو ده‌رگه‌كان له‌سه‌ر هه‌رێمی كوردستان دابخات، به‌تایبه‌تی درێژه‌دان به‌ سیاسه‌تی داخستنی فڕۆكه‌خانه‌كانی هه‌رێم. ئه‌مه‌ یه‌كێك بوو له‌و ئامانجه‌ دوژمنكارانه‌ی عه‌بادی تا به ‌هۆیه‌وه‌ هه‌ولێر له‌ دونیای ده‌ره‌وه‌ داببڕێت، به‌تایبه‌تی سه‌رۆكوه‌زیران و كاربه‌ده‌ستانی هه‌رێم نه‌توانن بچنه‌ وڵاتان بۆ دیداری دیپلۆماسی و كۆنفرانسه‌ جیهانییه‌كانی له‌ شێوه‌ی كۆنفرانسی ئاسایشی میونشن و داڤۆس، به‌ڵام نێچیرڤان بارزانی، وه‌ك سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێم، به‌وپه‌ڕی هه‌ستكردن به‌ به‌رپرسیارێتی بۆ تێپه‌ڕاندنی ئه‌و قۆناغه‌ سه‌خته‌، به‌ ئۆتۆمبێل له‌ هه‌ولێره‌وه‌ هه‌زاران كیلۆمه‌تر ده‌بڕێت و له‌ توركیاوه‌ خۆی ده‌گه‌یه‌نێته ناو رۆحی‌ ئه‌ورووپا.
هه‌ڵبه‌ته‌ كه‌م سه‌رۆك و سه‌ركرده‌ی ئێستای جیهانی هه‌ن، ئه‌و پشوودرێژی و هه‌ستكردن به‌ به‌رپرسیارێتییه‌یان هه‌بێت‌ و‌ له‌ پێناوی وڵاته‌كه‌یاندا هه‌نگاوی له‌مجۆره‌ بهاوێژن، به‌مه‌ش‌ خه‌ریكه‌ هه‌موو هه‌وڵه‌كانی عه‌بادی بۆ په‌راوێزخستنی هه‌ولێر شكست ده‌هێنێت، چونكه‌ ‌به‌غدا ده‌یوست سه‌رۆكی حكوومه‌ت نه‌توانێت سه‌ردانی هیچ وڵاتێك بكات، به‌ڵام ئه‌وه‌تا نێچیرڤان بارزانی، به‌ ئۆتۆمبێل ده‌چێته‌ توركیا و له‌وێیشه‌وه‌ بۆ وڵاتانی ئه‌ورووپا‌ بۆ دیداری سیاسی و كۆنفرانسی له‌ شێوه‌ی داڤۆس و ئاسایشی میونشن، به‌مه‌ش عه‌بادی دووچاری شۆك بوو‌.

نێچیرڤان بارزانی له‌ قۆناغێكی سه‌ختدا و له‌ كاتێكدا كه‌ فڕۆكه‌خانه‌كان داخرابوون، ئه‌و خۆی ده‌گه‌یه‌نێته‌ پاریس و له‌گه‌ڵ ئیمانوێل ماكرۆن، سه‌رۆكی فه‌ره‌نسا كۆ ده‌بێته‌وه‌، ئه‌مه‌ بۆ عه‌بادی شۆك بوو، هه‌ر بیریشی له‌ هه‌نگاوێكی له‌مجۆره‌ نه‌كردبووه‌وه‌‌، ئیدی سه‌ردانه‌كانی نێچیرڤان بارزانی زیاتر بوون، ئێستا قۆناغه‌كه‌ به‌وه‌ گه‌یشتووه‌‌ خودی سه‌رۆكوه‌زیرانی هه‌رێم ده‌ڵێت، گوشاره‌كان له‌سه‌ر هه‌رێم نه‌مان. 
به‌ڵێ نێچیرڤان بارزانی، به‌و پشوودرێژییه‌ی خۆیه‌وه‌، به‌و هه‌نگاوه‌ دیپلۆماسییانه‌ و هه‌ستكردن به‌ به‌رپرسیارێتی، هه‌رێمی كوردستانی گه‌یانده‌وه‌ ناو بازنه‌ی په‌یوه‌ندیگرێدان له‌گه‌ڵ وڵاتانی ئه‌ورووپا، به‌ڵێ، ئه‌و هه‌موو قوربانییه‌كی دا له‌ پێناوی ئه‌وه‌ی چیتر عه‌بادی نه‌توانێت گه‌مارۆكانی بۆ سه‌ر خه‌ڵك و حكوومه‌تی هه‌رێم زیاد بكات، چونكه‌ عه‌بادی ده‌یویست شتێك به‌ ناوی قه‌واره‌ی هه‌رێمی كوردستان له‌ عێراقدا نه‌هێڵێت، كه‌چی ئه‌وه‌تا دواجار هه‌رێمی كوردستان، به‌شداریی كۆنفرانسی ئاسایشی میونشنی كرد، كه‌ به‌ ده‌ستكه‌وتێكی گه‌وره‌ی دیپلۆماسییه‌تی هه‌رێمی كوردستان وه‌سف ده‌كرێ.
له‌و كۆنفرانسه‌دا نێچیرڤان بارزانی چاوی به‌ ده‌یان كه‌سایه‌تی و به‌رپرسی باڵای وڵاتان كه‌وت و، پاڵپشتیی ئه‌وانی بۆ هه‌رێمی كوردستان به‌ده‌ست هێنایه‌وه‌، ئاخر نێچیرڤان بارزانی، چونكه‌ دیپلۆماسییه‌تی له‌ بری شه‌ڕ به‌ كار هێنا بۆ قۆناغی ئێستا، زۆربه‌ی وڵاتانی جیهان پێشوازییان لێی كرد بۆ چاره‌كردنی كێشه‌كان له‌ رێگه‌ی ده‌ستووره‌وه‌، ئه‌مه‌ش عه‌بادی دووچاری نیگه‌رانی كرد به‌وه‌ی نه‌هێڵدراوه‌ته‌وه‌ تا درێژه‌ به‌ له‌شكركێشییه‌كانی خۆی بدات بۆ سه‌ر خاكی كوردستان، چونكه‌ نێچیرڤان بارزانی، وه‌ك سیاسییه‌كی هۆشیار، تێگه‌یشت له‌وه‌ی كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی شه‌ڕیان ناوێت، بۆیه‌ش حكوومه‌تی هه‌رێم ئه‌نجامه‌كانی ریفراندۆمی بۆ ئه‌م قۆناغه‌ سڕ كرد، بۆ ئه‌وه‌ی عێراق هیچ بیانووێكی به‌ ده‌سته‌وه‌ نه‌بێت بۆ تێكدانی قه‌واره‌ی هه‌رێمی كوردستان، یه‌كسه‌ریش كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی و به‌تایبه‌تی ئه‌مه‌ریكا و فه‌ره‌نسا پێشوازییان له‌و هه‌وڵه‌ دیپلۆماسییه‌ی هه‌رێمی كوردستان كرد.
هه‌روه‌ها ده‌توانین بڵێین نێچیرڤان بارزانی توانی كوردستان له‌ مه‌ترسی بپارێزێت و ده‌ستكه‌وته‌كانی هه‌رێم وه‌ك خۆی بهێڵێته‌وه‌ و، هه‌نگاو به‌ هه‌نگاویش قه‌ره‌بووی ئه‌و شكستانه‌ بكاته‌وه‌ كه‌ به ‌هۆی خیانه‌تی 16ی ئۆكتۆبه‌ره‌وه‌ به‌سه‌ر هه‌رێمی كوردستان هاتن، به‌ڵام نێچیرڤان بارزانی ده‌یه‌وێت له‌ رێگه‌ی ده‌ستوور و یاسا و به‌ چاودێریی كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی، قه‌ره‌بووی ئه‌و شكسته‌ بكاته‌وه‌ و له‌وه‌شدا سه‌ركه‌وتوو ده‌بێت.
Top