نێچیرڤان بارزانی هاوکێشە سیاسییەکان دەگۆڕێت؟
February 20, 2018
وتار و بیروڕا
نێچیرڤان بارزانی وەکچۆن بە درێژایی ئەو ماوەیەی پێش 16 ئۆکتۆبەر و دوای ئەو رۆژە شوومەش ڕۆڵی کاریگەرو ئیجابی بینیوە لە گۆڕانکاریکردن لە هاوکێشە سیاسییەکاندا، ئەمڕۆیش بەگوێرەی پێگە بەهێزەکەی لە ناوچەکە لەم هەلومەرجە ناسکەشدا بە ڕابەرایەتی و سەرکردایەتیی حەکیمانەی خۆی، توانیویەتی تەواوی هاوکێشە سیاسی و ئابوورییەکان بگۆڕێت و بە بەرژەوەندی کوردستانی دابشکێنێتەوە لە هەمان کاتیشدا هەمان ڕۆڵی بەرچاو و دیاری خۆی ببینێت لەپێناو هێنانە ئارا و چەسپاندنی کۆدەنگی و یەکڕیزیی نیشتمانی لە ئاست باسە گرنگ و جێبایەخە چارەنووسسازە هەنووییەکاندا چ لە ئاستی ناوخۆو لە ئاستی عێراقیشدا.
سیاسەتی دیپلۆماسییانەی حکوومەتی هەرێم لە دوای ئۆکتۆبەری شوومەوە وای کرد دونیا لە ئاست کورد هەست بە بەخۆداچوونەوە بکەن، بەوەی کورد گەلێکی ئاشتیخوازەو لەسەر مافە ڕەواکانی شەڕی پێدەفرۆشن، راستە حکوومەتی هەرێم ئەنجامەکانی ریفراندۆمی سڕکرد، بەڵام ئەوە لە تۆقین و خۆڕادەستکردن نییە، بەڵکوو حکوومەتی هەرێم پەیامی ئەوەی دایە جیهان کە ئێمە گەل و حکوومەتێکی ئاشتیخوازین و ناخوازین کێشەکانمان لە رێگەی شەڕەوە چارەسەر بکەین، نێچیرڤان بارزانی وەك سەرۆکوەزیرانی هەرێم چەندینجار داوای دیالۆگی کرد بۆ ئەوەی بەبێ شەڕ کێشەکان چارەسەر بکرێن، ئەگەرچی حکوومەتی عێراق خۆی لە دیالۆگ دەدزێتەوە، سەرەڕای ئەوەش دیپلۆماسییەتی هەرێم سوورە لەسەر چارەسەرکردنی کێشەکان لە رێگەی دەستوورەوە و ئەمەش پاڵپشتی جیهانی بۆ ئەو هەوڵە دیپلۆماسییانەی سەرۆکی حکوومەت بەدەستیهێناوە و دواجاریش دەبێتە هۆی شکاندنی سەرجەم گەمارۆکانی سەر هەرێمی کوردستان، بەوپێیەی حکوومەتی هەرێم باشترین هەنگاوی ناوە کە دونیا پاڵپشتی دەکات ئەویش دانوستانە لەسەر مێزی دیالۆگ.