با نۆرەی کوردایەتی بێ

با نۆرەی کوردایەتی بێ
دەزانم هەر باسی وشەی کوردایەتی بکەی ئەو حزبانەی بە ڤایرۆسی کۆنەقینی سیاسی و هاتووهاواری چەواشەکاری دووگیان بوون، چاویان دەچێتە پشتی سەریان و دەڵێن: دیسان مەبەستی لە پارتی و رێبازی بارزانی نەمرە، چونکە ئەمڕۆ کوردایەتی و پارتایەتی و رێبازی بارزانی نەمر وا ئاوێزەی یەکتری کراون، کوردایەتی و سەربەخۆیی کوردستان بوونە ناسنامەی پارتی بوون، جا ئەگەر کوردایەتی ناسنامەی پارتی بوون بێ، ئەوا پارتایەتی شەرەفێکی گەورەیە و تەنها کوردپەروەران شایستەی ئەوەن ببنە خاوەنی ئەو شەرەفە.
بوغزوکینەی ئەو لایەنانە گەیشتۆتە ئاستێک کە بۆ شکست پێهێنانی پارتی خۆیان خستۆتە سەنگەری دوژمنان و شەڕ بە کوردایەتیش دەفرۆشن، ئەوەتا دەیان ساڵە تۆوی کوردایەتی دەچێنین، بەڵام لە سەروبەندی هاتنە بەرهەم، بە داسی حزبی درەوی دەکەین و بە شەنەی حزبیش دەیدەینە بە باوبۆرانی دوژمنان و داگیرکارانی کوردستان و لە (کا)و تەپوتۆز زیاتر شتێکی ترمان دەست ناکەوێ.
زۆر حزبی کوردی بەوە قوشقی دەبن کە ئەم داگیرکاری کوردستان یان ئەو داگیرکار بە دۆست و هاوپەمانی خۆیان دەزانن کە پیلان دژی نەیارە کوردستانیەکەیان دەگێڕن، دەبێ ئەو حزبانە لەوە بگەن کە دوژمنان سیاسەتی پەرتکە و زاڵبە لە کوردستان پەیڕەو دەکەن، بە درێژایی مێژووش کورد باجی ئەو سیاسەتەی دوژمنانی داوە، لێرەدا دەپرسم: کێ لە دوژمنی خۆی سوودمەند بووە؟ ئایا لە ئەنفال و کیمیاباران و رووداوەکانی ئەم دوواییەی داعش و حەشدی شەعبی جیاوازیان کرد لە نێوان ئەندام و دۆستانی حزب و لایەنە سیاسیەکانی کوردستان؟! ئایا لە راگواستن و کاول کردنی کوردستان و تەعریبی کۆن و نوێدا پرسییان کرد کێ چ لایەنکە؟!
زۆرمان حزبایەتی کرد و هیچمان دەست نەکەوت و وەڵامی ئەو پرسیارانەشمان وەرنەگرتەوە، دەبا کەمێکیش کوردایەتی بکەین، چونکە دڵنیام بە کوردایەتی هەموو ئەو سەروەریانە وەردەگرینەوە کە بە حزبایەتی لە دەستمان داون و وەڵامی ئەو پرسیارانە و زۆر پرسیاری تریشمان دەست دەکەون.
Top