عێراقچیێتی بە دەنگی كورد
February 18, 2018
وتار و بیروڕا
تا كارەساتی 16ی ئۆكتۆبەر، دەكرا هەر كەس و گرووپێكیش بە لای عێراقچیێتیدا چووبێت، بەوە لێكدرابێتەوە كە بە هۆی ناكۆكیی حزبییەوە بێت، لێ دوای ناپاكییەكەی 16ی ئۆكتۆبەر، زەمینەكە باشتر بۆ مەیلی عێراقچیێتی رەخساوە، ئەوانەی برەو بەو مەیلە دەدەن، هەر ئەوانەشن كە بەغدا بۆ گوشارخستنە سەر هەولێر بەكاردێنن، روونتر زیاتر ئەوانە كاری بۆ دەكەن كە هەڵگری ڤایرۆسی دووبەرەكین.
كاركردن بۆ عێراقچیێتی، لەگەڵ شاڵاوی ناشیرینكردنی حوكمڕانیی كوردی دەستی پێكردەوە، ئەو دژایەتیكردنە وەك پاساوێك بۆ ئەوە بەكارهێندرا، كێشەكانی كوردستان ببرێنە بەغدا، وەك ئەوەی ئەگەر عەدالەت لە سەر زەوی هەبێت لە بەغدایە، پاساوێكی دیكەی برەودان بەو مەیلە، ململانێی حزبی و جیابوونەوە و دەركەوتنی گرووپ و حزبی نوێیە، زیاتر لە 10 ساڵە ماشێنی میدیا بۆ ئەوە تەرخانكراوە، هەولێر ناشیرین بكرێت و بەغداش جوان، یەكەم بەرهەمی ئەم رەوتە سیاسییە، فرە لیستی كوردبوو لە ئاستی عێراقدا.
سەیر لەوەدایە، بەغدا هەر لە دوای 2005ـەوە كە راپرسی بۆ دەستووری عێراق كرا، بەرە بەرە پاشەكشەی لە جێبەجێكردنی دەستوور كرد، تا لە 2014 بوودجەی كوردستانی بڕی و لە دوای 16ی ئۆكتۆبەریشەوە، بە بیانوی ریفڕاندۆمەوە كە رێوشوێنێكی دیموكراسییە، بەغدا پەلاماری كوردستانی دا و بە تەواوی پشتی لە دەستوور كرد، كەچی قۆناغی دوای 16ی ئۆكتۆبەر بۆ عێراقچیێتی بەكاردەهێندرێت، ئەمەش وایكرد رەوتی حیكمە نووسینگە لە سلێمانی بكاتەوە، لە ناو كوردیش هەن حەز دەكەن لە سەر ئاستی عێراق كار بكەن، كار بەوە گەیشت رەوتی نوێ وەك هێزی جوگرافیای عێراق بێنە مەیدان.
راستە لە كوردستان گەندەڵی پەتایەكی كوشندەیە، بەڵام تامی عێراقچیێتیمان لە چوار مانگی رابردوودا كرد، عەبادی دەیەوێ بە زەلیلكردنی خەڵكی كوردستان دەنگ كۆبكاتەوە، چ كارەساتێكە لە دەوڵەتێكدا بەم شێوەیە سەیری كورد بكرێت، بەغدا هیچ منەتی بە عێراقچیێتییەكەی ئێمە نابێت، لەوانەیە عێراچیێتییەكانمان بۆ پرۆپاگەندە بەكاربێنێت و زیاتر زەقیان بكاتەوە، بەتایبەتیش دوای شكاندنی گەمارۆی دیپلۆماسی سەر كوردستان، بۆیە پێویست بەوە ناكات بە دەنگی كورد عێراقچیێتی لە كوردستان بكرێتە مۆدێل، ئەوانەی خۆیان بەو مەیلە ماندوو دەكەن، دەبێ نزیكەی 93% ی بەڵێی ریفڕاندۆمیان لەبیرنەچێت، بەغداش تەنها ئەوەندەی بەگوێ كردوون كە مووچەی نەناردووە، ئەرێ عێراقچیێتی ئەوەندە دەهێنێ خۆت هیلاك بكەیت و پشت لە خەڵك بكەی؟