بەهێزبوونی میللەتی كورد لە یەكریزی دایە ..
February 18, 2018
وتار و بیروڕا
ئێمەی كورد و خەڵكی دوڵەتانی جیهان و عەرەبی عێراقیش دەزانین كە سیستمی فیدڕاڵی لە عێراق سەركەوتوو نەبووە و شكستی هێناوە، بۆیە ئێستا كوردستان داوای سەربەخۆیی و جیابوونەوە لە عێراق دەكات، لەسەر ئەو بنەمایەشی كە لە دەستووری فیدڕاڵیی عێراقدا هاتووە، كە پێكەوەژیانی كورد لە عێراقدا پێكەوەژیانێكی ئارەزوومەندانەیە، بۆیە كاتێك ئەم سیستمە سەركەوتوو نەبوو، ئەوا ئەو سەردەمەش بەسەر چووە كە كورد رازی بێت بەوەی عەرەب وەك كۆیلە مامەڵەی لەگەڵ بكات، بۆیە بڕیاری كۆتایی خۆی دەدات. بۆ ئەم بڕیارەش لە پرۆسەی ریفراندۆم باشتر نییە، لەبەر ئەوەی لەگەڵ دەستووری عێراق دەگونجێت.
پرسیاری ئێمە ئەوەیە لە میللەتی خۆمان دەپرسین: بڕیاری سەربەخۆیی دەدەن، یان لە عێراقدا دەمێننەوە؟ ئەمەش هەم بۆ میللەتی ئێمە باشە و هەم بۆ میللەتی عەرەبیش و كێشەكە یەكلایی دەبێتەوە.بەڵام ئەوە بەشێك لە شۆفینیزمی عەرەب یان ئێرانە كە سەبارەت بەم پرۆسەیە دەڵێن، ئێمە نە بە ئەنجامدانی پرۆسەی ریفراندۆم و نە بە سەربەخۆیی كوردستان رازی نابین! پرسیار ئەوەیە ئایا ئەمە بەدبەختی ئەوان نییە؟ میللەتێك كاتێك بیەوێت لەگەڵ تۆ پێكەوە بژی، یان جیابێتەوە، ئەمە دژایەتی دەوێت، بەڵام دەبێت باش بزانن میللەتی كوردی ئەمڕۆ، میللەتەكەی دوێنێ نییە، ئەمڕۆ 68 دەوڵەت پشتیوانی دەكەن بۆ سەربەخۆیی و ناتوانن دژایەتی پرۆسەی سەربەخۆیی بكەن.لەناو ئەم چوارچێوەیەدا هەندێك كەس و لایەن لە ناوخۆدا هەن، بە هاندانی دەوڵەتانی دەوروبەر دژایەتی ریفراندۆم و پرۆسەی سەربەخۆیی كوردستان دەكەن، من بۆ ئەو كەس و لایانانە دڵم دەسووتێ و پێیان دەڵێم ئەگەر ئەو دەوڵەتانەی ئێوە هان دەدەن خۆیان نەتوانن دژایەتی پرۆسەی سەربەخۆیی كوردستان بكەن، ئێوە چۆن دەتوانن دژایەتی سەربەخۆیی كوردستان بكەن؟بۆیە ئێستاش ئێمە تورك و عەرەب و فارس بە برای خۆمان دەزانین و دەمانەوێت ئەوانیش تێبگەن و سەربەخۆیی كوردستان لە دژی خۆیان نەبینن و ئەوەی دەیكەین مافی خۆمانە و دەمانەوێت پێكەوە دراوسێیەكی باش بین بۆ یەكتری.لە ئێستا سیاسەتی ئیدارەی ئەمریكی بە سەرۆكایەتی دۆناڵد ترەمپ و سیاسەتی رووسیا بە سەرۆكایەتی پۆتین و سیاسەتی ئیسرائیل بە سەرۆكایەتی نەتانیاهۆ، هەوڵدانە بۆ داڕشتنەوەی هاوكێشەیەكی تازە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.چۆن هەموومان پێكەوە ئامانجمان بڵاوكردنەوەی ئاشتی نەبێت ، لەم باردۆخەدا پێویستە هەر تاكێك لە ئێمەی كورد بیر لە ژیان و چاكەی گشتی كوردستان بكەینەوە بەبێ بەرژەوەندی تایبەت ، تا مێژووە تاریكەكەی چەندەها ساڵەی كورد لە ژێر دەستی بسڕینەوە ، وا ئەركە لەم ساتە هەستیارەدا لایەنیگیری حیزبی وەلابنێین ، لە ئێستادا لە هەموو كات زیاتر پێویستیمان بە یەكرێزی و یەك دەنگی هەیە ، با واز لە چەواشەكردنی یەكتری بهێنین چونكە ئەوەی روویدا ڕۆیشت بوو بە رابردوو وەكو رووداوەكانی تری مێژوو بەڵام با ببێتە هەوێنێك بۆ ئاواتی سەربەخۆیمان ، چونكە ئیمرۆ گرنگە و پێویستیمان بە یەكرێزی هەیە بۆ پاراستنی دەستكەوتەكانی گەلی كورد ، بەڕای من ئاشتی و ئارامی و برایەتی ناوخۆ هێندەی سەركەوتن لە جەنگێكدا بە سودترە ، ئەم ڕەوشەی ئێستاش هەمووانی نیگەران كردووە خەڵكێكی زۆریش لەسەر زێدی خۆی ئاوارەی شوێنەكانی تر بوون و ژیان بە ئەستەم دەگوزەرێنن ، كە بیر ئەكەمەوە خودایە ئەبێت هەستێكی چەندە غەریب بێت مرۆڤ هەر لە سەر زێدی باو باپیرانی خۆی ئاوارەببێت و ئەشكەنجە بدرێت ، بۆیە وا پێویست دەكات ژیرانە مامەڵە لەگەل دۆخەكە بكەین و هەموومان دەست لە ناو دەستی یەكتر بین بۆ یەكریزی گەلی كورد ، چونكە بەم شێوەیە دەتوانین شوناس و خاكمان بپارێزین، باشترین وەفاداری بۆ گەل و خوێنی شەهیدان یەكریزیمانە دژی داگیركەران ، لە كۆتاییدا تەنیا رێگای كورد بۆ سەركەوتن و سەربەخۆی یەكریزی و یەكگرتن بەدی دێ.