خەڵک و حزب

خەڵک و حزب
هەندێ حزب و بە تایبەتیش زمان درێژ و موزایەدەچیەکانی سلێمانی کۆمەڵگای کوردیان بەسەر بەرەی خەڵک و بەرەی دەسەڵات، بەرەی فریشتە و بەرەی دێوەزمە، بەرەی پاک و بەرەی پیس دابەش کردووە، ئەو دابەش کردەنەش لە کاتێکدایە ئەو بەرەیەی هەموو جوانی و چاکەکاریەکانی لە خۆیدا کۆکردوونەوە و ناشیرینی و خراپەکاریەکانیشی هەڵداونە حەوشەی بەرەی نەیاریەوە، وەک خۆیان دەڵێن لەسەر خوانی بەرەی دز و دژە گەل شەڕە پاروو دەکەن و هەر کاتێکیش توێژێک بۆ هەر مەبەستێک خۆپیشاندان بکەن یان ناڕەزایی دەرببڕن، ئەو حزبانە بەناوی چوونە بەرەی خەڵک و پشتیوانی لە داواکاریەکانین، سواری شەپۆلی ناڕزایەتیەکان دەبن و بەسەر سەروەریەکانی مێژوو و دەستکەوتەکانی ئێستادا دەڕشێنەوە، ئاراستەی خۆپیشاندان و ناڕزایەتیەکان دەگۆڕن بۆ هەڵکوتانەسەر و بەردەفڕکێ و سووتاندن و کاولکاری، لە میدیا و کەناڵەکانیش دەست بە چەواشەکاری و هاتووهاوار دەکەن و دەڵێن: ئێمە دژی توندوتیژین و لەگەڵ خواست و داواکاری رەوای خەڵکین، ئەوە لە کاتێکدایە هەر خۆیان خواست و داواکاری رەوای خەڵک دەگۆڕن بۆ توندوتیژی و ئاژاوەگێڕی، ئەو سیاسەتەش جگە لە تێکدانی ناوماڵی کورد و خزمەت کردنی دوژمنان و داگیرکارانی کوردستان شتێکی تری لێ نەکەوتۆتەوە.
ئەوەی مایەی سەرنج و جێگای هەڵوەستە لەسەرکردنە، هەر ئەو حزب و لایەنانەی بەردەوام موزایەدەی بەرەی خەڵک و پشتیوانی خواست و داواکاری خەڵک دەکەن، لە ریفراندۆمدا نەک هەر لەگەڵ خواست و داواکاری خەڵکی کوردستان نەبوون، بەڵکو دژیشی وەستانەوە و بۆ شکست پێهێنانی خۆیان خستە ناو سەنگەری دوژمنان و داگیرکارنی کوردستانیش، هەقە خەڵک لەو حزب و لایەنانە بپرسێ: ئەگەر ئێوە ناتانەوێ خواست و داواکاری خەڵک بکەنە مەزەی سەرمێزی گەعدە سیاسیەکانتان، ئەرێ هیچ خواست و داواکارییەک لەو خواست و داواکاریە رەواتر و پیرۆزتر کە %٩٣ خەڵکی کوردستان داوای سەربەخۆیی کوردستانیان کرد و لە کەرنەڤاڵکی جەماوەریدا ژێردەستەییان رەت کردەوە؟! ئەی بۆچی و لە پێناو چیدا دژی ئەو خواست و داواکاریە رەوایە وەستانەوە و بوونە پشت و پەنای خواست و داواکاری دوژمنان کە هێشتنەوەى کوردە بە ژێردەستەیی؟!
Top