درۆی سێشەممان

درۆی سێشەممان
سەرۆك وەزیرانی عێراق حەیدەر عەبادی، سێشەممان كۆنگرەی رۆژنامەوانیی هەیە، قسەم لەسەر كۆنگرەكانی پێش كۆتایی شەڕی داعش نییە، تەنیا ئاماژەیەكی خێرا بۆ چوار مانگی دوای 16ی ئۆكتۆبەر دەكەم، لەو ماوەیەدا زۆرترین قسەی لەبارەی كوردستانەوە بووە، لە یەكەم كۆنگرەی رۆژنامەوانیی دوای 16ی ئۆكتۆبەر گوتی حەشد و سوپای عێراق ئازایانە چوونە كەركووك و خورماتوو بێ ئەوەی دڵۆپێك خوێن بڕژێت، كەچی ئەوەی روویدا هەمان شت بوو كە داعش كردی، جارێ هەر زوو نوری مالكی جێگری سەرۆك كۆمار، درۆیەكی عەبادی سۆركردەوە و گوتی ئەگەر رێككەوتنی گرووپێكی كوردی و ئێران نەبوایە نەماندەتوانی كەركووك بگرین.
دوای ئەوەی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی داوایان لە بەغدا كرد لەگەڵ هەولێر رێكبكەوێ و مووچەی فەرمانبەرانی كوردستان بنێرێت، حەیدەر عەبادی هەفتانە قسەی لەبارەی مووچەی كوردستانەوە كردووە، لێ هەر پەیمان و بەڵێنی داوە و هێنان و بردنی كردووە، تا كار گەیشتە ئەوەی بۆ وردبینی لە لیستی مووچەخۆران، لە بەغداوە لیژنە بێنە هەرێمی كوردستان.
عەبادی یارییەكی جوانی كات بەڕێكردن دەكات، بەڵام سەیر و سەمەرەكە لەوەدایە، هەندێ حزبی كوردستان، هیوایان لەسەر ئەو درۆیانە هەڵچنیوە، ئەمەش پاش ئەوە هات بۆ گەرمكردنی ناكۆكیی حزبی، خۆیان نا بەڵكو لە رێی ژمارەیەك داماوەوە، لە خۆپیشاندانەكاندا دروشمی "ئەی هاوار عەبادی مووچەمان بۆ بنێرە"، "بەڵێ بۆ عەبادی و نەخێر بۆ كوردستان"یان بەرزكردەوە، كاتێ شاندێكی گۆڕان و كۆمەڵ و هاوپەیمانیش لە سەرەتای ئەمساڵەوە چووە بەغدا، پێشنیازیان بۆ عەبادی كردبوو لە رێی حكوومەتی هەرێمەوە مووچە دابەش نەكات، لە دوا كۆبوونەوەی عەبادی و سەرۆكی فراكسیۆنە كوردستانییەكانی پەرلەمانی عێراق لەبارەی بوودجەی 2018 ، عەبادی گوتبووی هەندێ لایەنی كوردستان داوام لێدەكەن مووچە نەنێرم.
ئەوەی عەبادی بە كوردستانی دەكات، وەك چیڕۆكی باوك و كوڕێكە، كوڕەكە بە گوێی باوكی نەدەكرد، باوكەكە هەر داوایەكی لێكردبا، كوڕەكە نەیدەكرد یان پێچەوانەی دەكرد، جارێكیان پێكەوە گوێدرێژێكیان بە بارەوە وەپێش خۆ دابوو، گەیشتنە سەر پردێك بارەكە خوار بوو، خەریك بوو گوێدرێژ بە بارەوە بكەوێتە رووبارەوە، باوك لە دڵی خۆیەوە گوتی كوڕی خۆم دەناسم هەر داوایەكی لێ بكەم پێچەوانەكەی دەكات، پێی بڵێم بارەكە راست بكەوە، زیاتر خواری دەكات و گوێدرێژ و بارەكەم دەكەونە رووبار و زیانم پێدەكەوێ، بۆ ئەوەی بارەكە راست بكاتەوە، باشتر وایە پێی بڵێم كوڕم ئەو بارە راست مەكەوە، كوڕەكەش دەڵێ باوكە لە ژیانمدا بە قسەی تۆم نەكردووە و هەرچی گوتووتە پێچەوانەكەیم كردووە، ئەمجارە بە قسەت دەكەم و بارەكە راست ناكەمەوە.
عەبادیش گوێ لە كەس ناگرێت، تا ئێستا لەو چوار مانگەدا، تەنیا یەك داوای كوردستانی جێبەجێ كردووە، ئەویش داوای حزبەكانە بۆ نەدانی مووچە، خودایە لە زیانی ئەو درۆیانە پەنامان بدە، دەوڵەتداری و پێكەوەژیان و ئیدارەدانی میللەت بە درۆ بەڕێوە ناچێت.
Top