ئەبی ھۆرەیرە و بارزون و بارزان و دەوڵەتی کوردستان

ئەبی ھۆرەیرە و بارزون و بارزان و دەوڵەتی کوردستان
ئەبی ھۆرەیرە (ڕ.) ئەو فەرھەنگنامەیەی کە لە دیرۆک دا توانی کەلتوور و فەرھەنگێکی دەوڵەمەند لە کۆمەڵێک لە جوانترین بەھاکانی مرۆڤدۆستانەی پیاوێک بۆ نەسلەکانی دوای خۆی بگۆازێتەوە، کە مرۆڤایەتی و شارستانیەت شانازیی بە ڕەفتار و گۆتار و کردار و کەسایەتیەکەی خۆی و ڕەوشتی بەرەبابەکانی دەکاتن، کە ئەویش بریتیە لە محەمەدی ئەمین (س)، دوایین پەیامبەری ئاسمانی.
ئەبووھۆرەیرە لە میانەی داڕشتنی ئەو فەرھەنگنامەیە لە شوێنێک لە وتەکانی دا، بە پشت بەستن بە ناوەرۆکی قۆرئانی پیرۆز ناو و وشەیەک بەکار دێنێ کە بریتیە لە ( بارێز) یان ( بارێزوون)، کە مەبەست لێی کوردەکان بووە. ڕاستە لە شرۆڤەکردنی ئەم قسەیە و گێڕاوەیە دا بیروڕای جیاواز ھەیە، بەڵام گرنگ ئەو بیروباوەرانە نین کە چین و چۆنن، گرنگ ئەوەیە کە لە ھزر و مێشکی ئەبووھۆرەیرە دا دان بە بوونی نەتەوەیەک دانراوە کە بریتیە لە کوردەکان. ئەو نەتەوە و کوردانەی، کە ئەو پیاوە مەزنە بەر لە نزیکەی ھزار و چوار سەد ساڵ وەک دانپێدانێک بە بوونیان باسیان لێوە دەکاتن، بەداخەوە ئەمڕۆ لە چەرخی بیست و یەکەم دا و لە سایەی لووتبەرزی و خۆباییبوون و بەرژەوەندیی تایبەت و تەسکی نەتەوایەتی و دەمارگیری ڕەگەزپەرێستانەی ئەوان، ھەن کەسانێک دانی پێنانێن. ھیچ گۆمانی تێایدا نیە دوورە لە ڕاستی و ( عەقلی سەلیم ) و لۆژیک، کە ھەبن کەسانێک بڵێن کەڵە پیاوێکی دیرۆکی وەک ئەبی ھۆرەیرە، کە خۆی قوتابییەکی لێھاتووی قوتابخانەیەکی مرۆڤدۆستی و مرۆڤپەروەری، و بڵاوکردنەوەی بەھاکانی دادپەروەری و یەکسانی و ڕێزگرتن لە کەس و نەتەوە و بیروباوەر و چین و توێژەکانی جیاواز بێ، شتێکی خراپ و ناشیاو و ناوازە و نامۆ و دژی بنەماکانی ئەو قوتابخانەیە بڵێتن و باس بکاتن و بگێڕیتەوە. ھەر کەسێک بڕوا بەو جۆرە قسە و قسەلۆکانە بکاتن دەبێ گۆمان لە دروستی دەروونی و ھاوسەنگی کەسایەتیەکەی دا بکرێتن. ئەگەر مامۆستای ئەبی ھۆرەیرە محەمەدی ئەمین (س) بێ و قوتابخانەکەش ئیسلامی ڕاستەقینە و قۆرئانی پیرۆز بێ، بێگۆمان ھەر شرۆڤەیەکی بۆ ئەم وشەیە و ناوی ئەو نەتەوەیە کرابێ، جگە لە چاکە و خێر ھیچی تری مەبەست نابێ. بەڵام دیارە و ئەگەر وەک زۆر نموونە و ڕوودا و گێڕانەوەی ھاوشێوە، ھەر شتێکی تری جگە لە چاکە گۆترا بێ دەستێکی نامۆ و ناحەز و دوژمنکار و چەواشەکارانەی لە پشتە و ھیچ ڕاستیەکی بۆ نیە.
بەڵێ ئەو ( بارز ) یان ( بارزون)، یان ئەوەی کە لەوانەیە دواتر پەیتاپەیتا گۆڕانکاریی زمانەوانیی بەسەردا ھاتووە و بووەتە ( بارزان)، مەبەست لێی ئەو کۆمەڵە مرۆڤ و کەس و ھۆز و نەتەوەیە کە لە شوێن و جێگای (بارز = بەرجەستە ) یان بەرز و بڵند و شاخاوی و ناوچە چیایەکان دەژین و مەبەستی لە ئەوانیش ھەمان کوردەکانن، کە بە درێژایی ھزار و چۆار سەد ساڵی ڕابردوو زۆریان خزمەت بەو ئایینە و ڕێبازە کردووە.
ئەو وشەیە پێش ئەوەی کە لە لایەن ئەبووھۆرەیرە بەکار بھێنرێتن، لە سەردەمی زەردەشت، واتە زیاتر لە ھەفت سەدە پێش زاینیش لە لایەن ئەو پەیامبەرە لە شێوەی وشەی بەرزە (berze) یان بەرز، لە پەرتووکی ئاڤێستا دا بوونی ھەبووە، و تەنانەت ناوی یەکێک لە پاشاکانی دەوڵەتی ئەخمینی ( ھەخامەنشی )، کە بریتیە لە ( بەرزیا )، لە ساڵی ( ٥٢٢-٥٢٣ پ. ز. ) شاھی ئەو ئیمپراتۆریەتە بووە و تا ئێستا و دوای نزیکەی ( ٢٥ ) سەدە ھێشتان لە نێو فەرھەنگۆکی زمانی کوردی دا بە ھەمان واتا و ڕامان دەبینرێتن، و لە سەردەمی ئەبووھۆرەیرە جارێکی تر بۆ ناساندنی کورد بەکار ھاتووە.
ئەمە جگە لەوەی کە دەسەلمێنێ ئەبووھۆرەیرە، زۆر شارەزا و ئاگاداری کەلتوور و فەرھەنگ و زمانەکانی تری نەعەرەب بووە، ئەو ڕاستیەش دەگەینێ کە نەتەوەکان لە بیردانکی ئەو پیاوە دا ئاماژەیەکن بۆ ئەوەی بە ڕاستی ئایینی ئیسلام لە میانەی بڵاوکردنەوەی بەھا جوانەکانی خۆی دا گرنگی بە نەتەوەکان داوە و بۆ بڵاکردنەوەی ئەو ئایینە و بنەما جوانەکانی پشتی بەو نەتەوانە بەستووە.
بەڵێ ھاوشێوەی ئەو وشەیە، ئەمڕۆ ئێمە ناوی جەنابی سەرۆک بارزانی وەک پەرەپێدراوی ھەمان چەمک دەبینین، کە بۆوەتە وێردی زۆبانی میدیاکانی جیھانی، کە ئاڵایەکی پیرۆزی ھەڵگرتووە و دەیەوێ دەوڵەتێک ڕابگەینێ کە چاکان و سەحابەی وەک ئەبی ھۆرەیرە ( ١٥ ) سەدە بەر لە ئێستا ھاوشێوەی مامۆستایەکەی خۆی و وەک ھەر نەتەوەیەکی تر، و بێگۆمان وەک چاکە، دانی پێناوە و ئەو دەوڵەتە ناوی "کوردستان" دەبێ، کە نەک ئیسلام دژی نیە، بەڵکۆ تەواو بە پێچەوانەوە بڕوایەکی تەواو و سەداسەدیشی پێیە. بۆیە ئەوەی تۆزقالێک لە ناوەڕۆکی پەرتووکە پیرۆزەکەی و پەیامی پەیامبەرەکەی گەیشتبێ، بە ئەندازەی سەرە دەرزیەکیش لە دەنگدان پێی و ھەڵبژارتنی گۆڕاوی " بەڵێ بۆ سەربەخۆیی کوردستان" درێغی و سستی ناکاتن.
دەوڵەتی کوردستانەکەمان ئەو دەوڵەتەیە کە شانازی بە خۆیەوە دەکات پێش ھزار و چوارسەد ساڵ ناو و یادی لە بیردانک و مێشک و مێنتالیتەی ئەبووھۆرەیرە (ڕ.) دا بوونی ھەبووە، و ئەوەی بە پێچەوانەوە بڕیار بداتن نافەرمانی پەیامبەر و ئەو پیاوە نیزیکە لێی، واتە ئەبی ھۆرەیرەشی، کردووە. ئەو دەوڵەتەی کە بۆ مرۆڤایەتی شانازییە کە دانی پێدا بنێتن چونکە مەبەست لێی تەنھا بەرگریکردنە لە بەھا جوانەکانی مرۆڤایەتی، کە ئایینەکانی تریش کاریان بۆ کردووە و نموونەی ھەرە زیندوویشی ئەوەیە کە بۆوەتە شوێنی حەوانەوەی سەدان نەتەوە و ھزاران ئاوارەی ئەو جەنگە نەخوازراوەی کە کەسانێک بەرپایان کردووە و خۆشیان نازانن چییان دەوێ.
سەرچاوەکان:
١. رچائی، عبدالعڤیم ( ١٣٧٦ ). تاریخ دەە ھزار سالە ایران از پیدایش یریایھا تا انقراچ پارتھا، جلد اول، چاپ اقبال، چاپ ھشتم، تھران: ایران، ( ٣٤٥ )ێ.
٢. ( بوورەکەیی) ێفی زادە، ێدیق ( ١٣٨٥). تاریخ پنج ھزار سالە ایران، چ. ٢، آرون، تھران:ایران، ( ٩٥٥ )ێ.
٣. الخلیل، ڕحمد محمود(٢٠١٢).ێورە الکرد فی المێادر التراپ الاسلامی، گ ١ مگبعە آراس، ڕربیل ،(٢٧١)ێ.

*پسپۆری زانستەکانی پێداگۆگی و پەروەردەیی/فاکۆلتیی پەروەردە/ زانینگەی زاخۆ
_ ئەم بابەتە بە ھەندێ گۆڕانکارییەوە لە ژمارەی (٥٣٠٠) رۆژنامەی خەبات ڕێکەوتی ( ٤/٧/٢٠١٧) لاپەڕە(٦) بڵاوکراوە.
Top