جیاوازی گشتپرسی و هەڵبژاردنەکانی تر

جیاوازی گشتپرسی و هەڵبژاردنەکانی تر
لە هەڵبژاردنە پەرلەمانیەکان ململانێ و رکابەریەکان لەناو ماڵی کورد و لەناو حزب و لایەنە کوردستانیەکاندا بوو، بۆیە بۆ دەنگدەر زۆر گرنگ نەبوو کام لایەن سەردەکەوێ و کام لایەن دەدۆڕێ، کام لایەن دوو کورسی زیاتر یان کەمتر دێنێ، چونکە لە هەڵبژاردنە پەرلەمانیەکان ئەوە حزبەکان بوون دەدۆڕان و دەنگدەر و خەڵکی کوردستان لە هەردوو حاڵەتەکەدا براوە دەبوون، بۆیە دەنگدەر ئەگەر نەچووبایە سەر سندووقەکانی دەنگدانیش زۆر گرنگ نەبوو، یان ئەگەر بە بایکۆتی دەنگدانیش تووڕەیی و ناڕازی بوونی خۆی بە لایەنەکان دابا زۆر ئاسایی بوو.
بەڵام پرۆسەی گشتپرسی جیاواز لە هەڵبژاردنە پەرلەمانیەکان و دۆڕان و بردنەوەی ئەم حزب و ئە حزب، بڕیاردانە لە چارەنووسی دوور و نزیکی هەموو خەأکی کوردستان، ململانێ و رکابەریەکان لە دەرەوەی ماڵی کوردن و لە نێوان کورد و دوژمنانی دایە، بڕیار دانە لەسەر گەیشتن بە مافی سەربەخۆیی یان مانەوە بە ژێردەستەیی، رەواندنەوەی مەترسیەکان و رێگری کردنە لە دووبارە نەبوونەوەى ئەنفال و کیمیاباران و کۆمەڵکوژی و سنوور دانانە لەبەردەم راگواستن و وێران کردنەوەی کوردستان، بڕیاردانە لەوەی خۆمان خاوەنی خۆمان بین، یان وەک رابردوو دوژمن بە هێز و زەبروزەنگ خاوەدارێتیمان بکات، بەڵی بۆ سەربەخۆیی نەفرەتباران کردنی نوگرەسەلمان و سەگە رەشەکە و (حەجاج)ی عەرەبییە، نەخێریش خەڵات کردن و دەساتخۆشی کردنە لێیان، بۆیە دەنگدەر دەبێ ئەو راستییە بزانێ کە دەنگی بەڵێی ئەو درێژە پێدەر و تەواوکەری دەنگی تفەنگی شانی پێشمەرگە و بەدی هێنەری ئەو ئامانجانەیە کە لە پێناویدا خوێنیان بەخشیوە، بە بایکۆتی ئەو یان دەنگدان بە نەخێر ئەم حزب و ئەو حزب نادۆڕێ، ئەوە هەموو کوردە دەدۆڕێ و دۆژمنان سەردەکەون، ئەوە بایکۆتی ئەوە، یان دەنگی نەخێری ئەوە بەری رەنجی خوێنی شەهیدان دەوەرێنێ و کورد دەخا و دوژمنان سەردەخات.
لێرەوە روو دەکەمە ئەو دەنگدەرانەی بە واتەواتی هەندێ بەناو رۆشنبیری عەبا بەسەر لە دەنگدان دوودڵ کراون، یان بۆ بەرژەوەندی حزبی و بە مەبەستی رشتنی کۆنەقین بارگاوی و سواری قیتاری نەخێر کراون و بەغدای عرووبە و ئەنفال و کیمیایان لێ کردوونە رووگەی چارەسەری کێشەی کورد، بۆیە پێویستە دەنگدەر نەتەوەییانە مامەڵە لەگەڵ گشتپرسی بۆ سەربەخۆیی کوردستان بکا و بەر لەوەی بەرەو بەغدا بەڕێ بکرێن ئاوڕێک لە ئەمنە سوورەکەی سلێمانی بدەنەوە و مولازم موحسینی لاوکوژەکەش بێنەوە بەرچاوی خۆیان، دەبێ دەنگدەران ئەو راستییە بزانن کە بایکۆت و دەنگی نەخێری ئەوان دەرگای ئەمنە سوورەیەکی تر بە رووی سلێمانیەکاندا دەکاتەوەو مولازم موحسینێکی تریش دەکاتەوە کەڵەگای شار و بکوژی لاوەکان.
کورد لە ئێستادا بڕیار لە دەستی خۆی دایە و بە (بەڵێ) کۆتایی بە کۆی نەهامەتیەکانی رابروو دێنێ و داهاتوویەکی گەشیش بنیات دەنێ، بە (نەخێر)یش خۆی دەخاتەوە ناو دۆزەخی ئەنفال و کیمیا و خۆراکی سەگە رەشەکە و دەرگای ئەمنە سوورەکەش بە رووی خۆیدا دەکاتەوە و شەقامەکانی شاریش دەکاتەوە کوشتارگەی مولازم موحسینەکان.
Top