ئایا ھەڵوێستی دەوڵەتان لە بەرامبەر دەوڵەتی کوردی گۆڕاوە؟

ئایا ھەڵوێستی دەوڵەتان لە بەرامبەر دەوڵەتی کوردی گۆڕاوە؟

وەرگێڕانی/ زێبار عەزیزخان مھاجیر

دەوڵەتی کوردی خەونێکە لەوەتەی زیاد لە سەد ساڵ کورد خەونی پێوە دەبینێ. ھەرگیز کورد بەم شێوەیەی ئێستا نزیک نەبووە لە ڕاگەیاندنی دەوڵەت، لەبەر ئەوەی ھەموو ڕووداوەکانی دەڤەرەکە لە بەرژەوەندی کورددا دەشکێنەوە، ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاستیش بە بارودۆخێکی جیاواز تێدەپەڕێت، سەبارەت بە کورد ئەوا لەو ڕووداوانەدا یاریکەرە نەوەک سەیرکەر، تەنانەت ئێستا کورد لە یاریکەرە سەرەکییەکانە کە ڕۆڵێکی بنەڕەتیان ھەیە لەسەر شانۆی ڕووداوەکاندا. لە دەرەنجامی ئەم گۆڕانکاریانەدا و ئەم ڕۆڵەی کورد ھەیەتی، ئەوا ھەڵوێستی زۆرێک لە دەوڵەتە ھەرێمییەکان بەرامبەر بە کوردستانی عێڕاق گۆڕی، بەتایبەت دوای ئەوەی کورد لە میانەی بیست و پێنج ساڵی حوکمڕانیدا ئەوەیان سەلماند کە ئەوان فاکتەری سەقامگیرین لە دەڤەرەکەدا، نەوەک بە پێچەوانەوە. لە دیارترین ئەم ھەڵوێستانەش ھەڵوێستی شانشینی عەرەبی سعودییە لە بەرامبەر دەوڵەتی کوردی، بەوەی ڕاوێژکاری شا سەلمان (ئەنوەر عشقی) لە پەیمانگەی واشنتۆن بۆ توێژنەوە لە خۆرھەڵاتی نزیکڕایگەیاند یەکێک لە ئامانجەکانی سیاسەتی دەرەوەی سعودییە لە ئێستادا کارکردنە بۆ دامەزراندنی کوردستانی مەزن، و زیاتر وتی: بە دامەزراندنی کوردستانی مەزن پارچەیەک لە ھەریک لەو دەولەتانە دەکاتەوە (ئێران و تورکیا و عێڕاق و سوریا).ئەم وتەیە بە لە دەیەیێک لە ئێستا، بە کوفرێکی ئاشکرا و مەزن دادەنرا، بە پاساوی ئەوەی ئەمە سەردەکێشێ بۆ پەرتەوازەبوونی نەتەوەی ئیسلام.
یەکێکی تر لە دەوڵەتە گرنگەکانی کە ھەڵوێستی گۆڕاوە لەبەرامبەر دەوڵەتی کوردی تورکیایە، بەتایبەت دوای گوتاری ئەم دواییەی گوتەبێژی حکومەتی تورکی، بەوەی ڕایگەیاند تورکیا دەروازەکانی داناخات لەگەڵ ھەرێمی کوردستاندا دوای ئەنجامدانی گشتپرسی، بە ڕای من ئەمە ئاماژەیەکی مەزنە لەسەر گۆڕانی ھەڵوێستی تورکیا بەرامبەر کورد و دەوڵەتی کوردستان، ئەم گوتارەی گوتەبێژی ناوبراو ئەوە دووپات دەکاتەوە کە ئەو وتانەی ھەندێک لە بەرپرسە تورکەکان تیایدا ڕایانگەیاند دژی گشتپرسین، دوای ڕاگەیاندنی وادەی گشتپرسی، تەنھا بۆ ڕازیکردنی ڕای ناوخۆیی تورکیا بووە، چونکە تورکیا لە سیاسەتی دەرەوەیدا یەکەم کارت کە بەکاریدەھێنێ، کارتی ئابوورییە، ئەمەش بە ڕوونی لە قەیرانەکەی دوای لەگەڵ روسیا دیارکەوت.
سەبارەت بە ئەمریکا و ئەوڕوپا، ھەرچەندە ئەوەیان ڕانەگەیاندووە کە دژی گشتپرسی نین، وە بەئاشکرا دەلین گشتپرسی یەکێکە لە مافە سەرەتاییەکانی گەلی کورد، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ھاوڕا نین لەگەڵ سەرکردایەتی کورد لەبارەی وادەی بەڕێوەچوونی گشتپرسی و ترسی ئەوەیان ھەیە ئەمە کاریگەری بکاتە سەر بەڕێوەچوونی جەنگی دژی داعش و بەتایبەت لە شەڕی موسڵ و ڕەقە. بەڵام چەند ئاماژەیەکی تر لێرەدا ھەن وەک ھەوڵی ئەمریکا و بەڕیتانیا لە ڕێکەوتنی کۆتاییدا بۆ پڕچەککردن و مەشقپێکردنی پێشمەرگە، و ئەنجامدانی چاکسازی بۆ یەکخستنی ھێزەکانی پێشمەرگە و زیاتر بە فەرمیکردن و ڕێکخستنی ھێزەکانی پێشمەرگە، بەڕای من ئەمە ئاماژەیە بۆ گۆڕانی ھەڵوێستیان لەبارەمبەر کورد، لەبەر ئەوەی کارێکی نا لۆژیکییە ئەمریکا و ئەوڕوپابەو کارە ھەستن، لەھەمان کاتدا کورد پێداگربێ لەسەر بەڕێوەچوونی گشتپرسی و ڕاگەیاندنی دەوڵەت. بۆیە ئەمە ئاماژەیەکی ناڕاستەوخۆی بۆ ئەوەی کە ئەوان پاڵپشتی سەرکردایەتی کورد دەکەن بۆ بەردەوامبوون لە ھەنگاونان بەرەو ڕاگەیاندنی دەوڵەتی کوردستان.
بەھەمان شێوە ڕێکەوتنەکەی ئەم دواییەی حکومەتی ھەرێمی کوردستان لەگەڵ کۆمپانیای ڕوسنەفتی ڕووسی، کە زیاتر لە ٥١% موڵکەکەی دەگەڕێتەوە بۆ حکومەتی ڕوسی و پوتین، ئایا دەچێتە عەقڵەوە کۆمپانیایەک بەم قەبارەیە وەبەرھێنان بکات لە ناوچەیەکدا کە چارەنووسەکەی نادیاربێ و سەرکێشی بکات بە خستەژێرمەترسی ئەم چەندین ملیار دۆلارە، لەھەمان کاتدا ئەگەر شارەزایی تەواویان نەبێ لە بارەی ھەڵوێستی نێودەوڵەتی و ھەرێمی لەبارەی سیاسیەتی کوردستان و ئەوەی دەیەوێ بیکات؟ چۆن کارێکی لەو جۆرە دەکەن؟
ئەگەر بەگریمانە وا دایبنێین تورکیا و دەوڵەتانی دراوسێ، گەمارۆ دەخەنە سەر کورد، دوای ئەوەی دەوڵەتی خۆیان ڕادەگەیەنن، پێم وابێ ئەمڕۆ جیھان گۆڕاوە و ئێستا لە جیھانێکدا دەژین کە بەرگری لە سنوورەکانەوە نییە، جیھانگیری ھیچ بەربەستێکی نەھێشتووە، ھەموو لەمپەڕەکانی بەردەم کۆمپانیا و دامەزراوەکانی لاداوە، پێموابێ ھیچ دەوڵەتێک ئەمڕۆ ناتوانێ سنوور لە دەوڵەتێکی تر دابخات، چونکە جیھانگیری چەندین بژاردەی فەراھەمکردووە لەبەردەم وەبەرھێن و کۆمپانیاکان بۆ ئەنجامدانی ئەوەی دیانەوێ لە ھەر شوێنێک لە جیھاندا بێ ئەوەی کارتێکراو بێ بە سنوور و بەربەستی نێوان دەوڵەتان. سەرباری ئەمە بەرژەوەندییە ئابورییەکانی دەوڵەتان ڕۆڵێکی مەزن دەگێڕن لە کێشانی نەخشەی سیاسەتی دەرەکی، بەتایبەت دوای ئەوەی کوردستان کەوتووەتە سەر نەخشەی وزەی جیھانی.
بۆیە پێموابێ شتێکی زۆر کاڵفامانەیە بوترێت کورد خاوەنی سنووری دەریایی نییە، بۆیە ڕووبەڕووی مەرگ دەبنەوە، ئەگەر بیر لە سەربەخۆیی بکەنەوە. بەڵام لە ھەمان کاتدا سەربەخۆبوون بەدەر نییە لە بوونی مەترسی، بەڵام لە ھەر بارودۆخێکدا پێویستە کورد دەستپێشخەری بکات و ھەنگاوی بوێرانە بنێت تا سەربەخۆیی بەدەستبخەن، چونکە مافەکان بەدەستدەھێنرێ نابەخشرێ.

Top