کورد و دابەشبوون بەسەر دوو بەرەدا
February 21, 2017
وتار و بیروڕا
گومان لەوەدا نییە کە هەر چوار داگیرکارەکەی کوردستان دژ بە خواستی سەربەخۆیی و دامەزراندنی دەوڵەتی کوردین، بۆ رێگری کردنیش لەو خواستە هەموو رێگاکانیان تاقی کردوونەوە و لەمەولاش ئامادەن سەر بە هەموو کوونێکدا بکەن، بۆیە هەر پەیوەندییەکی حزبی کوردی لەگەڵ هەر داگیرکارێکی کوردستان، ئەگەر بە مەرجی دەستبەردار بوونبێ لە سەربەخۆیی کوردستان رازی بوونە بە ژێردەستەیی و چونە ژێر ئیرادەی دوژمنانە، لە هەر پەیوەندییەکیشدا مەرجی سەرەکی هەر داگیرکارێکی کوردستان لەگەڵ حزبی کوردی دوور کەوتنەوەى ئەو حزبەیە لە خواستی سەربەخۆیی و ناو نەهێنای دەوڵەتی کوردییە، جا ئەگەر ئەو مەرجەی داگیرکاران بکەینە دەروازەی چوونە ناو باسەکەمان، تێدەگەین کام بەرەیان داگیرکاران دەیجووڵێنن و کام بەرەشیان خواستی سەربەخۆیی و ئیرادەی کوردایەتی و کوردبوون دەیجووڵێنێ.
بەرەی یەکەم کە هەڵگری ئامانجی سەربەخۆیی و دامەزراندنی دەوڵەتی کوردییە و سەرۆک بارزانی رابەرایەتی دەکات، نەیشاردۆتەوە و بە ئاشکرا رایگەیاندووە کە پرسی کورد پرسێکی نەتەوەییە و چارەسەریشی لە سەرلەخۆیی و دامەزراندنی دەوڵەتی کوردی دایە، بەرەی دووەم کە دواتر لێیدەدوێین بەرەی یەکەم بەوە تاوانبار دەکات کە گوایە پەیوەندی لەگەڵ تورکیا هەیە، پێش هەموو شتێک ئەو پەیوەندیەی بەرەی دووم بە پەیوەندی نێوان بەرەی یەکەم و تورکیا ناوی دەبات، بۆ چەواشەکردنی رای گشتییە و لە راستیدا پەیوەندی نێوان حکومەتی هەرێم و حکومەتی تورکیایە و زیاتر پەیوەندییەکی بازرگانیشە، خۆ ئەگەر ئەو پەیوەندیە نەبوایە نوری مالکی یان لە برسان قڕی دەکردین، یان کوردی ناچار دەکرد خۆی رادەست بکات و بەرەی یەکەمیش وەک بەرەی دووەم دەستبەرداری خواستی سەربەخۆیی کوردستان ببێت، دەبێ ئەوەش بگوترێ کە بەرەی یەکەم لە هەموو پەیوەندیەکانی لەگەڵ وڵاتان نەک هەر دەستبەرداری خواستی سەربەخۆیی کوردستان نەبووە، بەڵکو تورکیای کردۆتە دەروازەی پەیوەندی بە وڵاتانی دەرەوە و ئاڵای کوردستانیشی وەک پەیامی سەربەخۆیی بردۆتە ناو کۆشکی کۆماری تورکیا، ئەوەش ئەو راستییە دەگەیەنێ کە بەرەی یەکەم لەگەڵ هەر وڵاتێک دۆستایەتی هەبێ خاوەنی پەیامی سەربەخۆیی کوردستانە و هیچ وڵات و هێزێک ناتوانێ دەستبەرداری ئەو پەیامەی بکات.
بەرەی دووەم کە بزووتنەوەی گۆڕان و کۆمەڵی ئیسلامی و بەشێکی ناو یەکێتی و پەکەکەن، گۆڕان و کۆمەڵی ئیسلامی و بەشەکەی ناو یەکێتی نەک هەر دژی سەربەخۆیی و دامەزراندنی دەوڵەتی کوردین، لە بەغدا دەنگ بە حەشدی شەعبی دەدەن و پشت لە پێشمەرگە دەکەن، خوازیاری گەڕانەوەی بەغدان و شەڕی بەرەی یەکەمیش دەکەن، لە ئاست هەڕەشەکانی نوری مالیکی پێدەنگن و بەرەی یەکەمیش بە ناسیۆنالیزمی توندڕەو و شەڕانی ناوەبەن، لە کێشەکانی نێوان هەرێم و بەغدا وەک پارێزەری بەغدا دەردەکەون و حەسرەت بۆ دیموکراتی و سیستەمی حوکمی بەغدا هەڵدەکێشن.
هەرچی پەکەکەشە درووشمی کۆمەڵگەی دیموکراتیک و پرۆژەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی هەڵگرتووە، بە پێی ئەو پرۆژەیەش دەبێ سنووری وڵاتان نەمێنێ و هەموو رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ببێتە یەک وڵاتی دیموکراتی، بۆ کوردستانیش بە کانتۆن کردنی شار و شارۆچکەکان و پارچە پارچە کردنی زیاتری کوردستانی کردۆتە ئامانج، ئەو دوو ئامانجی و دوو رووییەی پەکەکە پرسیارێکە و وەڵامەکەی تەنها لای پەکەکە و دەستەکانی پشت بەرپرسە باڵاو دەستڕۆشتووەکانیەتی، لە لایەک سنووری نیوان وڵاتان هەڵدەبڕێ و نەتەوە جیاوازەکان لە بۆتەی درووشمی خەیاڵ ئامێزی کۆمەڵگەی دیموکراتیکدا دەتوێنێتەوە، لە لایەکی تریشەوە سنوور لە نێوان شار و شارۆچەکەکانی کوردستان دادەنێ، جگە لەوەش لەگەل هەر سێ داگیرکاری ئێران و عێراق و سوریا دۆست و هاوپەیمانە و دژایەتی هەموو ئەو حزب و لایەنە کوردستانیانەش دەکات کە هەڵگری ئامانجی نەتەوەیین و وەک ئەو بیر ناکەنەوە، لە هەر پارچەیەکیش پاشکۆیەکی سیاسی درووست کردووە و دژایەتی هەموو حزب و لایەنە کوردستانیەکانی ئەو بەشەی پێدەکات، لە رۆژئاوای کوردستان (پەیەدە)ی درووست کردووە و لەگەڵ رژێمی سوریا هاوپەیمانی پێبەستووە و دژایەتی حزبە کوردستانیەکانی رۆژئاوای پێدەکات، لە باشوور (حەشدی گەریلا)ی درووست کردووە و هەوڵدەدات شنگال بە کانتۆن بکات، لە رۆژهەڵاتیش (پژاک) بۆ دژایەتی حزبەکانی رۆژهەڵات درووست کردووە و خۆشی بۆتە هاوپەیمان و هاوبیری کۆماری ئیسلامی.
دوای ئەو شرۆڤەیە و دەرخستنی هەڵوێستی هەردوو بەرە کوردیەکە دەڵێم: ئەو هەموو خوێن و خەباتەی رابردوومان ئەگەر بۆ سەربەخۆیی و دامەزراندنی دەوڵەتی کوردی بووبێ، ئەوا بەرەی یەکەم لەسەر هەقە و پێویستە بەرەی دووەم بە هەڵوێستە نانەتەوەیی و نانیشتیمانیەکانیدا بچێتەوە، خۆ ئەگەر وەک بەرەی دووەم داوادەکات و کۆیلە و ژێردەستەیی کورد و باڵادەستی تورک و فارس و عەرەب لە ئەڵوێستە سیاسیەکانیدا رەنگی داوەتەوە، ئەوا پێویستە بەرەی یەکەم دەستبەرداری هەڵوێستە نەتەوەییەکانی و سەربەخۆیی کوردستان ببێ و هاوشێوەی بەرەی دووەم لەبەر دەرگای داگیرکارانی کوردستان و دوژمنانی کورد بکڕووزێتەوە.