گەشتی زانستیی قوتابخانە

گەشتی زانستیی قوتابخانە
نوسەری ناوداری ئەمریکی (دیل کارنگی)دەلێ" ناتوانی سەرکەوتن بەدەست بھێنی، ئەگەر ھاتوو ئەوەی پێی ھەڵسای خۆشت نەوێت"
ئەگەر شی کردنەوەیەکی ووردیی پەروەردەیی بۆ ئەو ووتەیەی سەرەوە بکەین دەبینین تا لە قوتابخانە مامۆستا ناتوانێ سەربکەوێ و ئامانجەکانی بەدەست بھێنێ ئەگەر خۆشەویستی بۆ کارەکەی نەبێت، قوتابیش بە ھەمان شێوە ئەگەر قوتابیەکان و وانە و قوتابخانە و مامۆستایی خۆش نەوێ سەرناکەوێ.
مامۆستا کە کارەکەی خۆش دەوێ ھەموو رێگاکانی داھێنانی پەروەردەیی و فێرکاری دەگرێتە بەر بۆ سەرکەوتنی لە کارەکەی ئەویش پەروەردە کردن و پێگەیاندن و تێگەیاندن و فێرکردنی قوتابییە بە گرتنە بەری ھەموو ھۆکارەکان چ لە ناو قوتابخانە یان دەرەوەی قوتابخانە بە تاقیکردنەوەی ھەموو رێگاکان کە یەکێک لەو رێگایانەی گەشتی قوتابیان و قوتابخانەیە ، بێگومان گشتی قوتابخانە رۆلێکی کاریگەر دەگێڕێ لە بینات نانی کەسایەتی قوتابی و درووست کردنی کەسایەتیەکی باوەڕ بە خۆبوو و پەرە پێدراوی زانستی و رۆشنبیری و کۆمەڵایەتی و چاوکراوەیی زیاتری قوتابی بۆ ناسینی دەوروبەری خۆی چاککردنی ڕەفتار و گوفتاری قوتابی و زانینی شتی زیاتر لە ژیانی قوتابیدا.
ھەر ئەو گەشتانەن کە ترس و دڵە ڕاوکێ بابەت و پرۆگرامەکان لە دڵی قوتابی کەم دەکاتەوە ئەو ھەستە خنکاوییەی گەر لای ھەندێک لە قوتابیان ھەبێت لە قوتابخانەدا بێگومان بە ئەنجامدانی ئەو جۆرە گەشتانە ئەو ھەناسە بڕکێیە نامێنێ ، مەبەست لە گشتەکان ھەموو جۆرە گەشتەکانی (زانستی ، رۆشنبیری ،کۆمەڵایەتی، ئاینی، شوێنەواری، مێژوویی، ھی تری جۆراوجۆر).
بێگومان قوتابی پێویستی بە ئەنجامدانی ئەو جۆرە گەشتانە ھەیە کەلەلایەن بەرێوەبەرایەتی قوتابخانە (بنەڕەتی، ئامادەیی) رێک دەخرێ و ئەنجام دەدرێ بە ھەماھەنگی و ڕەزامەندی وەرگرتنی لەلایەن بەرێوەبەرایەتی پەروەردە کە زیاتر لە بەشی چاڵاکی قوتابخانەکانە، بەڵام وا باشترە لە داھاتوودا لە پەروەردەی قەزاکان (ھۆبەی گەشتەکانی قوتابخانە)ولە پەروەردەی گشتی پارێزگاکان بەشی (گەشتەکانی قوتابخانە)بکرێتەوە بۆ رێکخستنی رێنماییەکان سەبارەت بە گەشتە جۆراوجۆرەکانی قوتابخانە ،کە بێگومان لەلایەن وەزارەتی پەروەردە وە رێنمایی و بنەمایی تایبەت بە گەشتەکان دەربچێت کە ساڵانە لە رێگای پەروەردەکانەوە پێش کۆتایی ساڵ بدرێتە قوتابخانەکان و پێشنیار و ڕاو بۆچوونی کارگێڕی قوتابخانەکان لە وەرزی ھاوین بگەرێندرێتەوە بۆ پەروەردەکان تا بۆ سەرەتایی ساڵی خوێندن رێنماییەکان لەلایەن وەزارەتی پەروەردەوە رێک بخرێن و گەشتاندنیان بۆ بکرێت و قوتابخانەکان لە کاتی ئەنجامدانی گەشتەکان پێی پاپەندن و بە یەکانگیربێت، چونکە مافی سروشتی و پەروەردەیی ھەر قوتابیەکە ساڵانە چەند گەشتێک لە قوتابخانە بە چاودێریەتی و ھاوەڵیەتی چەند مامۆستا لە قوتابخانە گەشتە جۆراو جۆرەکان بە پێی وانە و بابەت و پرۆگرامەکان بە ئاگاداری و ڕەزامەندی دایک و باوک ئەنجام بدرێت کە گەشتەکان بۆ قۆناخی (بنەڕەتی، ئامادەیی) جیاوازن لە ئامادەیش بە پێی ھەردوو بەشی زانستی و وێژەیی جیاوازن ، وە گەشتەکان بە پێی بابەتەکان بۆ شوێنەکان ڕەزامەندی شوێنەکە و پەروەردەی سنورەکە وەربگیرێ لەو کاتەی کە ئەنجام دەدرێ تا ئەو کاتەی کە کۆتایی پێ دێت ھەمووی دیاری کرا بێت لە قوتابخانە ھەڵبواسرێت لە پەیجی قوتابخانەش بلاو بکرێتەوە بۆ ئاگاداری کەس و کاری قوتابی، زۆر جاران گەشتەکان بە پێی قۆناخەکان و بابەتەکان بۆ (کارگەکان، باخچەکان،نەخۆشخانەکان، مۆزەخانەکان، شوێنەوارەکان،فرۆکەخانە، بەرێوەبەرایەتی پۆلیس، بەرگری شارستانی ، چاپخانە،پەروەردە، زانکۆ و کۆلێژەکان، پەرلەمان، شوێنە شارستانیەکان، شوێنە جۆراوجۆرەکان). جگە لەوەی کە گەشتەکانی قوتابخانە یەکێکە لە چاڵاکیەکانی قوتابخانە و کاریگەری باش و ئەرێنی دەبێ لەسەر ھەڵس و کەوت و ڕەفتاری قوتابی و چۆنیەتی ڕاھاتنی قوتابی لەسەر گونجان لەگەڵ قوتابیەکانی تر و باشتر کردنی پەیوەندییەکان لە نێوان قوتابیەکان خۆیان لە نێوان مامۆستا و قوتابیەکان و وە کەسایەتیەکی جێگیرتر و پتەوتر دەداتە قوتابی و کە زیاتر شارەزایی دەوروبەر و ژینگەکەی خۆی بێت، متمانە و سیقەی زیارتیش دەداتە خودی قوتابیەکە و وە ھەستێکی نیشتیمان پەروەری و شار خۆشەویستی و ووڵات پێویستی لە دڵی قوتابی درووست دەبێ کە شانازی بە ووڵاتەکەی و خاک و نیشتیمانەکەی بکات و شانازی بە سەروەرییەکان و دەستەکەوتەکانی ووڵاتەکەی بکات و زیاتر و زیاتر پەیوەست و ھۆگری کوردستان دەبێت و شارستانیەتەکە و مێژووکەی خۆش دەوێت و شانازیش بە سەرکردنەکانی دەکات کە لە پێناو خاک و نیشتیمان و میللەتەکەمان قوربانیان داوە و سازشیان نەکردووە و دەستبەرداری مافە ڕەواکانی میللەتەکەمان نەبوونە و مێژووش ئەوەی تۆمار کردووە.
ئەو ھەموو بابەتە بە سوودانەی کە باس کران و چەندان وچەندانی تریش جگە لەوەی لە قوتابخانەکان لە رێگای تیۆری دەخوێندرێ ، بەڵام پێویستیان بەوە ھەیە کە قوتابییە خۆشەویستەکان نەوەکانی ئایندەمان بە پڕاکتیکی سەردانی ئەو سەروەرییانە بکەن و بە چاوی خۆیان ھەنگاوەکانی بەرەوو پێشکەوتن و سەرھەڵدان و ھەنگاوەکانی بەرەوو جێگیربوون و دەوڵەت بوون ببینن کە بێگومان لە ئەنجامی گەشتەکانیان بۆ ئەو شوێنانە دەبێتە ڕاستیەک و واقیعێکی حاشا ھەڵنەگر لە دڵ و دەروونی قوتابیەکانمان پێی دەگەشێتەوە.
بەرێوەبەری گشتیی چاڵاکی وەرزش و ھونەر

Top