نیشتمان لە چاوەڕوانی حزبەكاندا
February 19, 2017
وتار و بیروڕا
زۆرجاریش هەندێ گرووپ و حزب، بێ ئەوەی زیانە گەورەكە لەبەرچابگرن، تەنیا بۆ دژایەتیكردنی بەرامبەرەكانیان، كاریان لەسەر دروستكردنی تۆمەت كردووە، ئەم وێنە هەمەجۆرانە، كاریگەرییەكی زۆری بەسەر حزبایەتییەوە بەجێ هێشتووە، ئەو كاریگەرییە تائێستاش رۆڵی لە شێواندنی دۆخی سیاسیی كوردستان هەیە.
فرە حزبیی كوردستان، نموونەیەكی جیاوازە، بەوپێیەی ئەزموونی ئۆپۆزسیۆن نەبووە، وایكردووە نەبێتە هۆیەك بۆ زیاتر گردبوونەوە لە دەوری مەسەلە نیشتمانییەكاندا، بە پێچەوانەوە ئەو كارە بە ئاقارێكی دیكەدا چووە، لە هەموو ئەو وڵاتانەی فرەحزبین، هەندێ مەسەلەی نەگۆڕ هەن، هەموو حزبێك بەوانەی لە دەسەڵاتن و ئەوانەی لە دەسەڵات نین لەسەری كۆكن، لە كوردستان دۆخێك هەیە، حزبەكان بەدوای هەر كارتێكدا دەگەڕێن، بۆ ئەوەی وەك گوشار بەرامبەر حزبەكانی بەرامبەریان بەكاری بێنن، لەو رێگەیەشدا بەرژەوەندیی گشتی فەرامۆش دەكەن.
حزبەكان لەبەرئەوەی بەرژەوەندیی خۆیان زیاتر رەچاو دەكەن، نەیانتوانیوە كۆدەنگییەك لەسەر ئەوە دروست بكەن، ئاخۆ بەرنامەمان بۆ ناوچە و بەغدا چییە؟ ئەمە بۆ قۆناغی ئێستا زۆر گرنگە، چونكە هەموو پێكهاتەكانی عێراق كار بۆ ئاییندەی خۆیان دەكەن و لەبەرامبەر هەرێمی كوردستان یەكهەڵوێستن، كەچی حزبەكانی ئێمە، لەسەر بەرنامەیەك بەرامبەر بەغدا رێك نەكەوتوون، بەڵكو تێڕوانینی جیاوازیان هەیە، ئەم پەرتەوازەییە، رێگەی بۆ بەغدا و هێزە ئیقلیمییەكان خۆشكردووە، دەستوەردانیان لە ناوخۆی كوردستان ئاسانتربێت.
ئەم تێڕوانینە جیاوازانەی حزبەكانی كوردستان، لەگەڵ پێگەی ئێستای هەرێمی كوردستان نایەنەوە، چونكە ئەو فرە تێڕوانینە بۆ پرسە گرنگەكان، لە بەهای ئاستی دیپلۆماسیی كوردستان كەم دەكاتەوە، ئێستا كە ئەم وتارە بڵاودەبێتەوە، سەرۆك بارزانی بە سەرۆكایەتی شاندێكی سیاسی و سەربازی لە كۆنگرەی ئاسایشی میونشن بەشدارە، ململانێی حزبایەتی ئەم ئاستە بەرزەی دیپلۆماسی نادیدە دەگرێ، ئەمەش جیاوازیی فرە حزبیی كوردستان و وڵاتان دەردەخات، لە توركیا حزبی ئۆپۆزسیۆن قەت نەهاتووە لە رقی حزبی دەسەڵاتدار بڵێ پەكەكە تیرۆریست نییە، كەچی لای خۆمان تائێستا دیدی جیاواز بۆ بەغدا و دەوروبەر و تەنانەت هێزە گەورەكانی جیهانیش هەیە.
پێویستە حزبەكان جگە لە هەوڵدان بۆ چارەسەری قەیرانی دارایی و لێك نزیكبوونەوەی لایەنەكان، گرنگترین ئەركیان، رێككەوتنیان بێت لەسەر ئەوەی هێڵە سوورەكانی كاری سیاسی دیاری بكەن، چونكە دەمێكە نیشتمانی ئێمە بەدەست ئەو حزبایەتییە سەقەتەوە ئازار دەچێژێت، پێویستە سەروەریی نیشتمان لە ململانێی حزبی بپارێزرێت.