پارتی و سەرۆک بارزانی لە دوو بەرەی جەنگدا دەجەنگ

پارتی و سەرۆک بارزانی لە دوو بەرەی جەنگدا دەجەنگ
ئەگەرچی شەڕی نێوان شیعە و سوننە تا ئاستی سەربڕین و سووتاندنی لاشەی یەکتری و بە غەنیمەت بردنی ژن و ماڵ و سەروەتی یەکتری قووڵ بۆتەوە، لەگەڵ ئەو دوژمنایەتیە کۆن و خوێناویەی نێوانیان و رق و کینە لە یەکتری، بۆ پێشگرتن بە هەنگاوەکانی سەربەخۆیی کوردستان و راگەیاندنی دەوڵەتی کوردی و تەنانەت دووبارە زەوتکردنەوەی ئەو ئازادیەی بەری رەنجی دەیان ساڵ خەبات و قوربانیدانە، کۆک و هاوڕان و دەچنەوە سەر بەرەبابی تاوانکاری ئەقڵی بیابانگەرایی و شۆڤێنیزمی عەرەبی.
داعش کە خۆی بە نوێنەر و دەمڕاستی سوننە دەزانێ، هاوکات لەگەڵ پەلاماردان و راونانی سوپا شیعەکەی عێراق هێرش دەکاتە سەر کوردستانیش، حەشدی شەعبیش کە بۆ خۆپاراستن لە مەترسیەکانی داعش و بە مەبەستی سەپاندنی هەژموونی مەزهەبی بەسەر سوننەدا، بە فتوای مەرجەع و بە پشتیوانی ئێران هێنراوەتە ناو کایە سیاسی و سەربازیەکان، سەرانیان لێرە و لەوێ هەڕەشەی ئەوە دەکەن کە دوای شەڕی داعش و خۆسەپاندنی بەسەر سوننەدا نۆرەی کوردە، نیشانەکانی ئەو شەڕەش لە هەڵوێستی شەڕانگێزی و وتار و کرداریاندا رەنگی داوەتەوە، ئەوە بڕینی مووچە و قووتی خەڵکی کوردستان، ئەوە خۆ بورادن لە جێبەجێ کردنی ماددەی ١٤٠ی دەستوور، ئەوە هەڕەشکانی نووری مالیکی، ئەو بیانوو گرتنیان بە کوردەکانی دزخورماتوو و ناوچەکانی تر، لێرەدا دەپرسین و دەڵێین: دوای دەرکەوتنی ئەو نیشانانە و زۆری تریش، دەبێ ئەو لایەنانە کوردیانەی بە هاوپەیمانێتی نوری مالیکی دەنازن و بانگەشەی یەمپارچەی خاکی عێراق و چوونەوە بەغدا دەکەن، چ گومانێکیان لەوە مابێ کە حەشدی شەعبی دوای شەڕی دەعش شەڕ بە کورد نافرۆشێ؟ .
هەموو حزب و لایەنە کوردستانیەکان ئاگاداری ئەو راستییانە و زۆر راستی تری شاراوەی نێوان خۆیان و نوری مالیکین، کەچی هەندێکیان شەڕی داعش دەکەن و لە هەڕەشەکانی حەشدی شەعبیش خۆیان کردۆتە کەڕەی شەبەتفرۆش، ئەوانیتریش ئەوە هیچ کە شەڕی داعش ناکەن و وەک پشتیوانیش لە داعش هێزە نەتەوەییەکان و خوازیارانی سەربەخۆیی کوردستانیش تووشی سەرئێشە دەکەن، لەگەڵ حەشدی شەعبیش هاوپەیمانی دەبەستن و دژ بە دەنگە نەتەوەییەکان و بۆ وەستاندنی هەنگاوەکانی سەربەخۆیی کوردستان وەک ئەوەی فەرمان لە مەرجەع وەربگرن لەگەڵیان دێنە سەر خەت.
ئەوەی لەو ناوەدا لە بەرەکانی جەنگی دژ بە داعش لێبڕاوانە دەجەنگێ و قوربانی دەدات، پارتی و سەرۆک بارزانی و یەکێتی نیشتیمانی و هاوپەیمانێکی وەک حزبی سۆشیالیست و کوردپەروەرێکی وەک کاکە حەمەی حاجی مەحمودە، ئەوەی لە بەرەی پیلانگێڕیەکانی حەشدی شەعبی و ئامادەکاریەکانیان بۆ جەنگی کورد دێتە دەنگ سەرۆک بارزانی و دەنگە نەتەوەییەکانی ناو لایەنەکانی ترن، کەواتە سەرۆک بارزانی هەم لە بەرەی جەنگی پاراستنی دەستکەوتەکانی ئەمڕۆ دەجەنگێ و هەم رابەرایەتی جەنگی گەیشتن بە سەربەخۆیی کوردستان و دامەزراندنی دەوڵەتی کوردیش دەکاتە وەڵامی پیلانگێڕی نوری مالیکی و هەڕەشەکانی سەرانی حەشدی شەعبی.
Top