سیاسەتی سەرسام کردنی گەنج و لاوی کورد

سیاسەتی سەرسام کردنی گەنج و لاوی کورد
سەردەمانێک و بە تایبەتیش لە پەنجاکانی سەدەی رابردووەوە تا هەرەس هێنانی بلۆکی سۆشیالیزم، مارکسیەکانی کوردستان بۆ شاردنەوەى بچوکی خۆیان و بچوک کردنەوەى سەرکردە و پێشەوا نەتەوەییەکانی کورد، گەنج و لاوانی کوردستانیان بە مارکس و لینین و ماو و زۆر کەسی تر سەرسام دەکرد، ئێستاش ئیسلامی سیاسی هەمان رۆڵی مارکسیەکان دەگێڕن و گەنج و لاوانی کوردستان بە حەسەن بەننا و سەید قوتب سەرسام دەکەن، ئەوە لە کاتێکدایە نە مارکس و نە لینین و نە ماو نەیانزانیوە نەتەوەیەک هەیە وڵاتەکەی داگیر کراوە و تەنها لەسەر داواکاری مافی رەوای سەربەخۆیی و بە ئازادی ژیان کۆمەڵکوژ دەکرێ و بە هێز و زەبروزەنگ وەڵامی داخوازیە رەواکانی دەدرێتەوە، حەسەن بەنناو سەید قوتب و هاوبیرکانی ئێستا و رابردووشیان بۆ تەنیا جارێک لەسەر کومەڵکوژ و کافراندنی کورد نەهاتوونە دەنگ، ئەوەش لە دوو روانگەوە راسەوخۆ کاریگەری لەسەر پووکانەوەى هزر و بیری نەتەوەیی و بڕوا و متمانەی تاکی کورد بە خۆی لە بەین دەبات.
یەکەم:ـ ئەو هەڵوێستە نانەتەوەیی و نانیشتیمانیەی ئایدۆپەرستانی مارکسی و ئیسلامە سیاسیەکانی کوردستان و سەرسام کردنی گەنج و لاوانی کورد بە کەسانی بێگانە و فەرامۆش کردنی سەرکردە و پێشەوایانی خۆمان، بەردەوام شوێنکەوتوانیان کردوونە پاشکۆی حزبە مارکسی و ئیسلامیەکانی داگیرکارانی کوردستان و بکوژانی خۆمان، بەوەش بەشێک لە هێز و بیری کوردایەتیان لە کوردبوون دابڕیوە و ناوماڵی کوردیان لە بەرژەوەندی دوژمنانی خۆمان توشی کەرتکردن و پەرتەوازەیی کردووە.
دووەم:ـ لە کەس شاراوە نییە کە خواستی داگیرکارانی کوردستان تێکشکاندی ئیرادەی نەتەوەیی گەنج و لاوانی کورد و دوور خستنەوەیانە لە ئامانجە نیشتیمانیەکان، مارکسی و ئیسلامیەکانی کوردستان کورد گوتەنی تفی رووە و (با)یان هەڵداوە و ئەڵدەدەن و ئەو ئەرکەیان بۆ داگیرکارانی کوردستان بینیوە، باشترین نموونەش بۆ سەلماندنی ئەو راستییە: لە کۆندا مارکسیەکانی کوردستان بۆ کرێکارانی جیهان فرمێسکی چینایەتیان دەڕشت، لە کاتێکدا گەلەکەی خۆیان بە کرێکار و جوتیار و هەموو چین و توێژەکانیەوە لە ژێر هەڕەشەی لەناوچووندا بوو، لە ئێستاشدا ئیسلامیەکانی کوردستان بۆ ئیسلامیەکانی میسر و بۆرما دەگرین، لە کاتیکدا کورد بە خۆشیانەوە لە ژێر هەڕەشەی سەپاندنی هەژموونی مەزهەبگەرایی سوننە و شیعەی داگیرکارانی کوردستان دایە و هەڵوێستێکی نەتەوەییش دەرنابڕن.
مارکسی و ئیسلامیەکانی کوردستان نایشارنەوە و سەرسام کردنی گەنج و لاوانی کورد بە کەسانی بێگانە بە شانازی دەزانن، کاتیکیش باس لە شۆڕشگێڕی و سەروەریە مێژووییەکانی سەرکردە و پێشوایەکی کورد دەکرێ هەزار و یەک رەخنە دەگرن و بە شەخس پەرست و کۆیلە ناوت دەزڕێنن، بۆ نموونە:
کاتێک کەسێک باس لە رەمزێکی مێژوویی وەک بارزانی نەمر یان هەڵوێستە نەتەوەییەکانی ئێستای سەرۆک بارزانی دەکرێ، مارکسیەکان بە دواکەوتوو ناوی دەبەن و ئیسلامیەکانیش بە تۆمەتی پیرۆز کردنی شەخس دەیکافرێنن، یان ئەگەر وێنەی سەرکردەیەک یان شەهیدێک لە ماڵەوە هەڵواسی مارکسیەکان بە کۆیلە و ئیسلامیەکانیش بە دەرچوون لە شەریعەتی ئیسلام ناوت دەبەن، بەڵام لە بیریان چووە کە مارکسیەکان لە کۆندا خەسڵەتی مارکسیان هەڵدەگرت و لاسای لینین و ماویان دەکردەوە، ئیسلامیەکانیش لە کاتی گرتنی محەمەد مورسیدا لە گردبوونەوەیەکدا وێنەیان لەسەر سینگیان دادەنا و خۆیان پێوە رادەژاند و دەیانگوت: وەڵڵا وەڵڵا وەڵڵا بەم زوانە محەمەد مورسی ئازاد دەکرێ، بەڵام بۆ ئێمەی نەتەوەخواز و هەڵگرانی پەیامی سەربەخۆیی و رزگار بوون لە ژێردەستەیی، ناو هێنان و هەڵواسینی وێنەی سەرکردە و پێشوایانی کوردایەتی و شەهیدانی کوردستان و پابەند بوون بە رێباز و پەیامی نەتەوەییان حەرام دەکەن.
Top