گۆڕان بە تەخوین و ئیرهابی فکری شەڕی راستیەکان دەکات
February 14, 2017
وتار و بیروڕا
+ دکتۆر محەمەد حاجی تا لەناو بزووتنەوەى گۆڕان بوو هڵسووڕاو و گۆڕانحوازان دەیانگوت: زانست و زانیاری لێدەبارێ، کاتێ کە بزووتنەوەکەی جێهێشت و بوو بە پارتی، هەر ئەو هەڵسووڕاو و گۆڕانخوازانە تۆمەتی جاسووسیان دایە پاڵ و دەیانگوت: جاسووسی پارتی بووە و ئەویش تۆمارە دەنگیەکانی نەوشیروان مستەفای داون بە پارتی.
+ مەلا بەختیار گوتی: یوسف محەمەد کێشەکانی قووڵتر کردنەوە، ئیتر هەڵسووڕاوانی گۆڕان بە بەرنامە ئۆپەراسیۆنێکی جنێوفرۆشیان لە دژی ئەنجامدا و تۆمەتی تەخوینیشیان دایە پاڵ و بە رووداوگەلێک تاوانباریان کرد، کە دڵنیام لە کاتی ئەنجامدانی ئەو رووداوگەلە خودی نەوشیروان مستەفا دەستخۆشی لێکردووە.
سەردار عەبدوڵا تا ئەو کاتەی گوتی: نەوشیروان مستەفا هەوڵی دابەشکردنی کوردستان دەدا و دەیەوێ سلێمانی جیا بکاتەوە، قسە بەدەستی بزووتنەوەى گۆڕان و کەسی هەرە لە پێشی نەوشیروان مستەفا بوو، دوای گوتنی ئەو راستییە حاشا هەڵنەگرە، وەک ئەوەی یەک رۆژ هاوڕێ و هاوبیر و هاوکرداریان نەبووبێ، دایان بەر رێژنەی جنێو و ئیرهابی فکری.
+ سەلاحەدین بەهائەدین گوتی: یوسف محەمەد کەسێکی کەم ئەزموون بوو، نەیتوانی ئیدارەی پەرلەمان بدات، ئیتر وەک ئەوەی لە زەلکاوی خیانەتیان دەرهێنابێ، جنیوڕشێنیان کرد و بە هاوڕێی نیوەی رێگایان ناو برد و زۆر تۆمەتی خراپیان دانە پاڵ.
+ ئازاد جوندیانی تەنها دەستی لە کاری حزبی و یەکێتی بوون کێشاوەتەوە، ئەویش خراوەتە لیستی رەشی تەخوینی هەڵسووڕاوانی گۆڕان و ئەو ئیرهابە فکریەی نەوشیروان مستەفا لە ناوەڕاسنی شەستەکانی سەدەی رابردووەوە شەڕی نەیارە سیاسیەمانی پێدەکات.
لای هەڵسووڕاو و گۆڕانخوازانی نەوشیروان مستەفا هاوپەمانی لەگەڵ نوری مالیکی و حەنان فەتلاوی حەڵاڵە، کۆبوونەوەی ژێر بە ژێر و دووقۆڵی لەگەڵ ئەو جووتە دوژمنەی کورد و هەر دوژمنێکی تر وەک خەمخۆری بە هاوڵاتیانی کوردستان دەفرۆشێ وموزایەدەی گێرانەوەی مووچەو قووتی خەڵکی پێدەکات، بەڵام سڵاو کردن لە پارتی بە خیانەت دەزانێ و بە دەرچوون لە لە بەرەی گەلی ناودەبات، ئەوەش خوویەکی نەوشیروان مستەفایە و لە ناوەڕاستی شەستەکانی سەدەی رابردووەوە تێکەڵ بە خوێنی بووە و نەوە دوای نەوە بۆ پەیڕەوانی دەگوازێتەوە.