لەمەیاندا بەغدا سەركەوت
February 6, 2017
وتار و بیروڕا
بەوپێیەی قەیرانی دارایی و شەڕی داعش، خەڵكی كوردستانیان زۆر ماندوو كرد، هەندێ حزب، ئەو دۆخەیان بە باشترین ژینگەی كۆكردنەوەی دەنگ زانیوە، بۆیە ئەو رەوتەی حزبایەتی، نەریتێكی داهێنا، هەر كەس و لایەنێك باسی ئامانجی باڵای كوردستان بكات، باجی قورس دەدات، چونكە خۆ لە قەرەدانی بابەتی خاك و قسەكردن لە چۆنیەتی هێنانەدیی ئامانجە باڵاكە، كرایە مەسەلەیەكی زۆر سادە و ساكار و تا رادەی عەیبەشیان برد، قازانجی بەغدا هەر ئەوە نەبوو كە داوا رەواكە لەبیر بچێتەوە، بەڵكو سەركەوتنی لەوەدایە، ناكۆكییە حزبایەتییەكەی كوردستان، بەغدای لە ئاست تاوانی بڕینی قوتی خەڵك بێ بەری كرد.
ئێستا هەولێر نەك هەر لە بەغدا، بەڵكو لە زۆر پایتەختی دەوروبەر، لە رووی دیپلۆماسییەوە بە جموجۆڵترە، كەچی بەغدا بەو حاڵەشییەوە، دەیەوێ بە چاوی مرۆیی نەك سیاسی لە هەرێمی كوردستان بڕوانێ، بە دوو قسەی بەرپرسانی بەغدا كە باس لە دۆخی خراپی دارایی و مرۆیی كوردستان دەكەن، دیسان حزبایەتی لای خۆمان دەخرۆشێ، تەنانەت كەسێكی وەك مالكی، لە پەنای ئەو تاوانە گەورەیەی دەرهەق بە خەڵكی كوردستان كردوویەتی، هەر بەوە ناوەستێ، بەڵكو خەریكە هەوڵی گەڕانەوە بۆ سەر كورسیی سەرۆك وەزیرانی عێراق دەدات، لەمەشیاندا دەیەوێ كوردیش بەكاربێنێ، ئەو لە دیدارێكیدا لەگەڵ هەفتەنامەی ئاوێنە، بە ئاشكرا قسە لەبارەی شەراكەت دەكات كە هیچ مانایەكی نەماوە، كەچی لە كوردستان دەگوترێ ئەوە هەولێرە شەراكەتی ناوێ.
دوای پەیامەكەی بەڕێز مسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان، جووڵەیەك بە ئاراستەی لێك نزیكبوونەوەی حزبەكان و چارەسەری سەری هەڵداوە، وەك راگەیاندراوە، یەكێك لە ئەركەكانی ئەم قۆناغە، پێكهێنانی لێژنەیەكی بەردەوامی لایەنەكانە بۆ بەغدا، بۆ گفتوگۆ لەبارەی ئاییندەی كوردستان، بەمەش هەوڵی بەغدا مایەپووچ دەبێت، جارێكی دی وەرگرتنەوەی خاك و سازش نەكردن لەسەری، دەبێتەوە مژاری هەرە گرنگی هەموو لایەنەكان، ئەو مژارەی بەغدا حەز لە چارەی ناكات.
لە سۆنگەی ئەمەوە، لێك نزیكبوونەوەی حزبەكان و هەوڵی داڕشتنەوەی گوتاری ئەم قۆناغە بەرامبەر بەغدا، ئەركێكی هەرە لەپێشە، خەریكە سەرەتاكانی دەردەكەون، هەندێ سەركردەی لایەنەكانیش، دەستنیشانی ئەو مەترسیانە دەكەن، بەوەی نابێ چیدی لەپێناوی ململانێی حزبایەتی، بەچاوی سوك سەیری نەتەوە و رەمزەكانمان بكەین، ئەگەر جدییەت لەمەدا هەبێت، لە پەنای ئاستی باڵای دیپلۆماسیدا، هەموو هێزی ناوخۆشمان دەخەینەوە گەڕ.