ئەگەر شەهیدان زیندوو ببنەوە چی دەکەن؟

ئەگەر شەهیدان زیندوو ببنەوە چی دەکەن؟
هەر کەسێک لێکدانەوە بۆ لێدوانی کەسە باڵادەستەکانی ناو حزبەکانی کوردستان بکا و لە هەڵوێستەکانیان رامێنێ، هەست بە دوو لێدوانی تەواو جیاواز و دوو هەڵوێستی تا ئاستی دژایەتی کردنی یەکتری بەر چاو دەکەوێ، ئەم دابەش بوون و دوو لێدوانی و دوو هەڵوێستیەی سەرکردە باڵا و بڕیار بەدەستەکانی ناو حزب و لایەنە کوردیەکان، جیا لەوەی ئامانجە نەتەوەییەکانی خستۆتە ژێر گوشاری ئامانج و بەرژەوەندی حزبی، دەرگاشی بە رووی داگیرکارانی کوردستان دوژمنانی کورددا کردۆتەوە بێنە ناو ململانێکان و وەک دەیانەوێ گەمە لەناو ئامانج و خواستی کوردایەتی و کورد بووندا بکەن.
ئەگەر شەن و کەوێکی بێلایەنانە بۆ دابەش بوون و لێدوان و هەڵوێستەکانیان بکەین، دەگەینە ئەو راستییەی کە لێدوان و هەڵوێستی بەشێکیان لێدوان و هەڵوێستی نەتەوەیین و لێدوان و هەڵوێستەکانیان بە ئاراستەی سەربەخۆیی کوردستان و دامەزراندنی دەوڵەتی کوردی دان، لێدوان و هەڵوێستی بەشەکەی تریان لێدوان و هەڵوێستی حزبین و دوای ئەو مێژووە تاڵ و کارەسەتبارەی لەگەڵ بەغدا و عێراقی یەکپارچە هەمانە، ئەو بەشە تا ئێستاش پێیوایە دووری لە بەغدا سەرچاوەی سەرهەڵدانی کێشەکانە و بە گەڕانەوەش بۆ بەغدا کۆی کێشەکان چارەسەر دەبن، هەر بۆیەش لێدوان و هەڵوێستیان دەمارگیری ئایدۆلۆژی و خواستی رشتنی کۆنەقینیان پێوە دیارە و هەوڵەکانیان بە ئاراستەی چوونەوە بەغدا چڕ کردوونەوە، پرسیار ئەوەیە ئەگەر شەهیدان زیندوو ببنەوە لە بەرامبەر ئەو دابەش بوون و دوو لێدوانی و دوو هەڵوێستیەی سەرکردە و حزب و لایەنە کوردستانیەکان چی دەڵێن و چی دەکەن؟
گومانی تێدا نییە کە لە وەڵامی ئەو پرسیارەدا شەهیدان ئەو پرسیارگەلە دەکەن: کورد شۆڕشی بۆ چی کردووە؟ ئێمەی شەهید گیانی خۆمان لە پێناو چیدا بەخشیوە؟ ئامانجی شۆڕشەکان و بەری رەنجی خوێن و خەباتی ئێمە بۆ بەغدا پارێزی و یەکپارچەیی خاکی عێراق بووە؟! یان بۆ سەربەخۆیی کوردستان و دامەزراندنی دەوڵەتی کوردی؟ ئەگەر ئامانجی شۆڕشەکان بۆ بەغدا پارێزی بووە! بەغدا پارێزی ئامانجی شۆفێنیزمی عەرەبییە نەک ئامانجی شۆڕشەکانی کورد، ئەگەر بۆ سەربەخۆیی کوردستان و دامەزراندنی دەوڵەتی کوردیش بووە، ئەو هاوپەیمانی و هاوڕاییە لەگەڵ داگیرکاران و دوژمامنی کورد بۆچی و ئەو هەموو مەراییەی نوری مالیکی و هاوبیرکانی لە بەغدا لە پێناو چیدا؟
وەڵامی هەموو ئەو پرسیارانەی سەرەوە ئەو راستییەمان پێدەڵێن: ئەگەر شەهیدان زیندوو ببنەوە و لێدوانی لاوازی سەرکردە بەغدا پارێزەکانی کورد ببیستن و ئەو هەڵوێستە نانەتەوەیی و نانیشتیمانیەی بەغدایان ببینن، لە نوێ شۆڕش دەکەنەوە و جارێکی تریش لە پێناو سەربەخۆیی کوردستان و دامەزراندنی دەوڵەتی کوردیدا خۆیان بە شەهید کردن دەدەنەوە.
Top