ئیدریس بارزانی" ،نمونەی زیندووی وەفاداری بەرامبەر گەل و نیشتمان
January 31, 2017
وتار و بیروڕا
مێژووی مرۆڤایەتی شایەتی ئەوە دەدەن هەمیشە كە زۆربەی مرۆڤە راست و دروست و بەتواناكان، لە بارودۆخە تەنگەكان دروست دەبن، بەڵێ شەهیدی زیندوو كاك ئیدریس بارزانی بەهۆی ئەو هەموو رووداوانەی لەیەكەم چركەساتی كرانەوەی چاوی بەدونیا تووشی بوو، تا هاتنەدی ترووسكەیەكی ئازادی لە عێراق و شادبوونەوەی بە ئەندامانی خانەوادەكەی، هەمیشە بێ پشت و پەنا بووە، بەئیرادەیەكی پۆڵاین و باوەڕبەخۆ لەسەر پێی خۆی وەستایەوە، هەر ئەوانەش وایكرد كە مرۆڤێكی هاوڕێگا بێ بە زانین و رۆشنبیری و هاوكات تەبا لەگەڵ خەباتی رزگاری نەتەوەكەی لێ دەربچێ.
"ئیدریس مستەفا بارزانی" ئەو سەركردە ناسراوەی كوردستانە كە لە چەند قۆناغێكی گرنگی بزاڤی ئازادیخوازیی گەلەكەمان رۆڵی چاڵاك و بەرچاو و بەرهەمداری گێڕاوە و، بەو رەفتارە جیاكارییانەی لە كەسایەتی و سەركردەییەكەیدا هەیبوو توانی لە ژیان و خەباتیدا ئاستێكی نمونەیی بەرجەستە بكات، ئەم پێگە مێژووییەش جگە لە فاكتەرە خودییەكانی ژیری و تواناداری خۆی ئەوا هۆكارێكی سەرەكی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە پەروەردە كراوو دەرچووی ئەو قوتابخانە مەزنە بووە كە شیخ" عەبدولسەلامی" گەورە بەردی بناغەی بۆ داناوە و نەمرانی وەكو شێخ "ئەحمەد و مستەفا بارزانی نەمر" تیایدا قاڵبوونەتەوە و درێژەیان پێداوە، كە هەموو ژیانیان تەرخانی شۆرش و راپەرین و ئامانجی رزگاریی و ئاسودەیی گەلی كوردستاندا كردو لەم پێناوەدا ماندوو بوون لە فەرهەنگیاندا نەبووە.
"ئیدریس" كوڕی "مستەفا بارزانی" نەمر رابەری سەركردەی كوردە كە لە ساڵی 1944 لە گوندی "بارزان"ی مەڵبەندی خواپەرستی و كوردایەتی و بەرخودان لە دایكبووە، كوڕی رابەری مەزنی كورد "مستەفا بارزانی" نەمرە و لە نێو هەلومەرجی شۆڕشی سێهەمی بارزان 1943 – 1945 و بارودۆخی ئاڵۆزی ئەو كات و دامەزراندنی كۆماری كوردستان لە مەهاباد و رووداوەكانی دوای جوانەمەرگ كردنی ئەو كۆمارە هاتۆتە دنیا و هەناسەی داوە و چاوەكانی پشكەوتوون. كاتێك هەواڵی لە دایكبوونی كاكە ئیدریس دەدرێتە باوكی ئەو و باوكی نەتەوە ، بارزانی گەورە پێشرەوی شۆڕشی بارزانی دەكرد بۆیە هیچی پێنەكرا لەوە زیاتر لە ئێزدانی گەورە داوا بكات كە ئەو كوڕە بە تەنها كوڕی ئەو نەبێت ، بەڵكو كوڕی نەتەوە و نیشتمان بێت لە هەمان كاتدا .
"ئیدریس بارزانی" وەكو چیایەك هەمیشە پشتی سەرۆك "مسعود بارزانی" بووە و هیچ شت و كەسێ نەیتوانیوە كار لە برایەتی نێوانیان بكات.شەهیدی هەمیشە لە یاد "ئیدریس بارزانی" لە نوێنەرایەتی كردنی شۆرش و پارتی دا لەسەر ئاستی ناوخۆ و ناوچە و نێودەوڵەتیدا لە كات و شوێن و قۆناغە جیاجیاكاندا توانای بەهێزی دەسەلمێنن، دەوری لە رێكەوتنامەی 11 ی ئادار و وتوێژەكانی ساڵی 1974 لەگەڵ حكومەتی عێراق و لە دوای ساڵی 1975 لە درێژدان بە شۆڕش و پێكهینانی بەرەی "جودا" و دواتر بەرەی كوردستانی چەند بەرهەمێكن "ئیدریس بارزانی" رۆڵی گرنگی تیایاندا هەبووە، كە بەدەست هێنانیان شاهیدی لە سەر توانا و ژیری بەهێزی سەركردەیی و دیپلوماسیانەی دەدەن.
لە سەر ئاستی وڵاتانی ناوچەكە و جیهانیش تێكۆشان و هەوڵە دیپلۆماسییەكانی بە تایبەتی لە دوای ساڵی1975 بەرادەیەك بووە كە بناغەیەكی پتەوی دروست كردووە تا ئێستا بۆ ئایندەش شوێنەواریان ماوەو دەمێنێ، لە دوای نسكۆی شۆرشی ئەیلوول و لە ساڵانی سەرەتای شۆرشی گوڵاندا داینەمۆی رێكخستنەوە و هەڵیگرساندنەوەی شۆڕش بووە، كاك "ئیدریس بارزانی" بە تواناداری و ئیرادەی بەرزی دەكەوێتە هەوڵ و ململانێ لەگەڵ هەلومەرجەكەدا و مێرخاسانە شان دەداتە بەر ئەركی رێكخستنەوە و جۆشدانی شۆرش و زیندە بە چاڵكردنی پیلان و گرفتەكان وەك سەركردەیەكی قارەمان خەبات بكات .
شەهیدی هەمیشە زیندوو "ئیدریس بارزانی" لە دوای كۆچی دوایی "بارزانی نەمر" هەوڵیداوە زیاتر وێنەی ئەوبێت و درێژە بە رێبازی ئەو بدات، هەرچەندە زانیویەتی كە پڕ كردنەوەی جێگەی "بارزانی نەمر" بە تاقە كەسێك نەك هەر زەحمەتە بەڵكو شتی وا لە مێژوودا كەم روویداوە، لە ساڵی 1985 لە وەڵامی پرسیارێكدا كاك "ئیدریس" دەڵێ: "بارزانی نەمر" فێری كردین كە هەمیشە خۆمان بە خزمەتكاری گەل بزانین، بتوانین ئەمانەتی گەلی كورد و توانامان هەڵبگرێن خەباتی ئیستا بە مانایەك درێژە پێدای خەباتی بارزانییە.
شەهید "ئیدریس بارزانی" لە ناو هەموو چین و توێژەكاندا رۆڵی هەبوو وەك مامۆستا و سەركردەیەكی بە حیكمەت هەڵسوكەوتی كردووە، رۆشنبیر و خوێندەوارانی هاندەدان كە بە زانست و بەرهەمهێنان لە خزمەتی مرۆڤایەتی و گەلەكەیاندا بن و بەرامبەر بە لاوان و قوتابیان خودان هەڵوێستێكی برایانە بووە و هەمیشە ئومێد و ئاواتی زۆری بە قوتابیان و لاوان هەبووە زۆری بایەخی پێدەدان كە فێری خورەوشتی بەرزی مرۆڤایەتی و كوردانە بن و درێغی لە یارمەتی و هاوكاری كردنیان نەكردووە. ژیان و هەڵوێستەكانی شەهیدی هەمیشە لە یاد"ئیدریس بارزانی" پڕن لە نمونەی زیندووی وەفاداری بەرامبەر گەلەكەی و رێبازەكەی و دۆست و پێشمەرگە و هەڤاڵ و هاوسەنگەرانی.
بۆیە لە 30 مینی كۆچی شەهیدسەركردە ئیدریس بارزانی ، گەلی كوردستان بە هەر چوار بەشە دابرٍاوەكەی ، لە سەر هەمان رێبازی ئازادیخوازی و ئەو وانانەی كە بارزانی نەمرٍ فێرمانیكردووە كە تا رزگاركردنی كردنی گشت خاكی كوردستان و سەربەخۆیی یەكجاریی كورد وكوردستان بەردەوامین لە خەبات و ساتێك درێغی نەكەین ، سڵاو دەنێرین بۆ گیانی پاكی شەهیدانی رزگاریخوازی كورد وكوردستان و ڕابەری كورد مستەفا بارزانی و سەركردەی هەمیشە زیندوو كاك ئیدریسی هەمیشە زیندوو.