نوری مالیکی: کورد سەربەخۆیی ناوێ

نوری مالیکی: کورد سەربەخۆیی ناوێ
چەند رۆژێک بەر لە ئێستا سەرۆک بارزانی لە دیمانەیەکدا رایگەیاند و گوتی: ئەگەر نوری مالیکی بگەڕێتەوە دەسەڵات سەربەخۆیی رادەگەیەنم و چی دەبێ با ببێ، ئەو هەڵوێستەی سەرۆک بارزانی لە لایەن پارتی و نەیارەکانی زۆر لێکدانەوەی جیاوازی بۆ کرا، کە بە رای من لێکدانەوەى هیچ لایەکیان ئامانجی درووستی نەپێکا، هەرچی نەیارانی پارتی بوون وەک پێشەی خۆیان بە مەبەستی چەواشەکردنی هەڵوێستە نەتەوەییەکانی سەرۆک بارزانی دەیانپرسی: بارزانی بۆچی راگەیاندی سەربەخۆیی کوردستانی بە گەڕانەوەی نوری نوری مالیکییەوە گرێ داوە، کە لە راستیدا راگەیاندنی سەربەخۆیی کوردستان لای سەرۆک بارزانی جگە لە خواستی نەتەوەیی و زەمینەسازی و گونجاوی بارودۆخی سیاسی بە هیچ شتێکی ترەوە گرێ داوە، بەڵام کاتێ سەرۆک بارزانی باس لە گەڕانەوەی نوری مالیکی و راگەیاندنی سەربەخۆیی کوردستان دەکات، وەک سیاسییەکی ئەزموون دیدە ئەو راستییەی لەبەر چاوە هەرکاتێ نوری مالکی بگەڕێتەوە دەسەڵات، دەرگا بە رووی دانوستاندا دادەخا و ئومێدی پێکەوەژیانیش لە عێراق کۆتایی پێدێت، ئەوکاتیش کورد لە بڕیاردانی سەربەخۆییدا پێویست ناکات گفتوگۆ لەگەڵ بەغدا بکات، چونکە ئەوە نوری مالیکی بوو فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی دیجلەی تایبەت بە داگیر کردنەوەى کەرکوک و هاتنەوە هەولێر و سلێمانی و دهۆکی درووست دەکرد، ئەوە نووری مالکی بوو خۆی لە جێبەجێ کردنی ماددەی (١٤٠)ی دەستوور دەدزیەوە و مووچە و قووتی خەڵکی کوردستانی دەبڕی.
وەک وەڵامێک بۆ ئەو لێدوانەی سەرۆک بارزانی، نوری مالیکی بە نوێنەرایەتی هاوپەیمانەکانی لە کوردستان و لە باتی هەموو کورد هاتە قسە و گوتی: کورد سەربەخۆیی ناوێ، پرسیار ئەوەیە دەبێ کێ نوری مالیکی لەوە دڵنیا کردبێ کە کورد سەربەخۆیی ناوێ؟! ئەوەی جیگای تێبینی و سەرنجیشە بەر لەوەی نوری مالیکی ئەو لێدوانە بدات، زۆر جاران لەسەر زاری هەندێ حزب و بەشێک لە سەرکردەی دەستڕۆیشتووەکانی کورد و فراکسیۆنی کوردی هەمان لێدوانی لەوەی نوری مالیکیم بیستووە.
ئەو سەرکردە و فراکسیۆنە کوردیانە دەڵێن: زەمینە بۆ راگەیاندنی سەربەخۆیی کوردستان لەبار نییە، نوری مالیکیش دەڵێ: کورد سەربەخۆیی ناوێ، ئەو سەرکردە و فراکسیۆنە کوردیانە مووچە پێش سەربەخۆیی کوردستان دەخەن و دەڵێن: خەڵک مووچەی دەوێ و دەوڵەتی بێ مووچەی بۆچییە! نوری مالیکیش مووچەی خەڵکی کوردستان دەبڕێ و دەڵێ: کورد ماف و خۆشگوزەرانی دەوێ، گومان لەوەدا نییە کە ئەو هاودەنگی و هاوهەڵوێستییەی نێوان نوری مالیکی و سەرکردە و فراکسیۆنە کوردیەکان، دیوی ناوەوەی ئەو رێککەوتن و هاوپەیمانیە شاراوەیە دەردەخات کە نوری مالیکی بەردەوام هەڕەشەی پێ لە کورد و خواست و ئامانجە نەتەوەییەکان دەکا و ئەوانیش لێی بێدەنگن.
Top