بڕیاری بوێرانەی دەوێ
January 29, 2017
وتار و بیروڕا
دوابەدوای پەیامی سەرۆكی هەرێمی كوردستان، پارتی دیموكراتی كوردستان، گەڕێكی دیكەی گفتوگۆی لەگەڵ حزبەكان دەست پێكرد، بۆ ئەم مەبەستەش سەردانی حزبەكانی كرد، لەم گفتوگۆیانەدا، جارێكی دی كاری پێكەوەیی پارتی و یەكێتی بۆوە باسی رۆژ، لێ زۆری نەبرد، هەندێ حزب وەدەنگ هاتن، ئەو حزبانە لێك نزیكبوونەوەی پارتی و یەكێتییان وەك مەترسییەكی گەورە وێناكردەوە، چونكە لەو ماوەیەی ئەو دوو حزبە لێك دووركەوتنەوە، گۆڕەپانی حزبەكان خۆشتر بوو، بۆیە لێك نزیكبوونەوەی ئەو دوو حزبە بە قۆرغكردنی دەسەڵات پێشان دەدەن، پێیانوایە هەركاتێ ئەو دوو حزبە پێكەوەبن، هیچ دەرفەتێك بۆ ئەوان نامێنێ، لە راستیدا كاتێ پارتی و یەكێتیش پێكەوە حكوومەتیان بەڕێوە دەبرد، حزبی دیكەش لە حكوومەت بوون، بەڵام داخی ئەو حزبانە ئەوەیە، ئەو بۆشاییەی لە لێك دووركەوتنەوەی هەردوو حزبەكە دروست ببوو، دەرفەتێكی زێڕین بوو بۆ حزبایەتی و ناگەڕێتەوە.
پێویستیمان بە راستگۆیی و دەست دانان لەسەر برینەكانە، لێرەوە پرسیارێك خۆی قیت دەكاتەوە، ئەرێ حزبەكان خەمی خەڵكیانە یان هی خۆیان؟ دەركەوت كاتی خۆیشی كە زۆر پارتی و یەكێتییان دەكوتایەوە، لە پێناوی خەڵك نەبووە، بەڵكو بۆ ئەوە بووە ئەو دوو حزبە لە گۆڕەپانەكە نەبن، بڕیاردان لەسەر نەمانی ئەو دوو حزبە بەندە بە خەڵكی كوردستانەوە، نەك حزبەكان، بۆیە كە لێك نزیكبوونەوەی پارتی و یەكێتی بە خراپ وێنا دەكەنەوە، لەبەر بەرژەوەندیی خەڵك نییە كە بەردەوام باسی دەكەن، بەڵكو ترسە لەوەی بازاڕی حزبایەتیی ئەوان كەمتر دەبێتەوە، هەقە هەموو لایەك واقیعی كوردستان بخوێننەوە، هاوكێشەیەك هەیە، لە لێك دووركەوتنەوەی پارتی و یەكێتی بۆشاییەك دروست دەبێت، راستە ئەو بۆشاییە حزبگەلێكی زۆر دێنێتە سەر شانۆ، لێ ناتوانن رۆڵ بگێڕن.
پێشمەرگە رۆڵێكی گەورەی لە پارێزگاریكردن لە كوردستان و بەرزكردنەوەی زیاتری ناو و ناوبانگی كوردستان بینی، لەبەر ئەوەی پێشمەرگەش بەسەر پارتی و یەكێتیدا دابەش بووە، بۆیە بمانەوێ و نەمانەوێ، جارێكی دی واقیع گرنگیی پێكەوەیی ئەو دوو هێزە دەسەلمێنێ، بۆ ئەوەی ببنەوە هەوێنی قۆناغێكی نوێ و كۆكردنەوەی هەموو لایەنەكانی دی، لێ قەیرانی حزبەكان كۆسپی رێگەیە، چونكە ئەو قەیرانە كاریگەریی كردۆتە سەر تێڕوانین و هەڵوێستی لایەنەكان، تەنانەت بەشێكی سەركردەكانی یەكێتیش هێشتا لە ژێر ئەو كاریگەرییەدا ماون.
بۆ ئەوەی قەیرانی حزبەكان كە بەربەستە گەورەكەیە تێكبشكێندرێ، پێویستە یەكەم جار پارتی و سەركردەكانی یەكێتی بڕیارە بوێرەكە بدەن، دواتریش لایەنەكانی دی بە لەبەرچاوگرتنی واقیعەكە، بڕیاری بوێر بدەن، چونكە ئەو واقیعە پێی گوتین بێ پارتی و یەكێتی وڵات بەڕێوەناچێت.
* رۆژی 29/1/2017 لە رۆژنامەی خەبات بڵاوبۆتەوە.