شێخ عەبدولسەلامی بارزانی و ئەوانەی ئێستا
January 24, 2017
وتار و بیروڕا
داواکارییەکی تری شۆڕشەکەی شێخ عەبدولسەلامی بارزانی لەو کاتەدا گرنگیدان بووە بە پرۆسەی پەروەردە لە کوردستان و خوێندن بووە بە زمانی کوردی، ئێستا (١١٠) زیاتر بەسەر ئەو بەروارەدا تیدەپەرێ، کەچی ئەبودوکتۆراکانی تاریکبیر بایکۆت دەکەنە دوا خواست و داواکاری مامۆستایان، پەرلەمانتاری کورد و جێگرە کوردەکەی سەرۆکە عەرەبیەکەی پەرلەمان دێتە ناو بایکۆتچییان و دەڵێ: بایکۆت و پەکخستنی سلکی پەروەردە مافێکی رەوای خۆتانە و ئێوە بەردەوام بن لە بایکۆت، ئێمەی نوێنەریشتان لە بەغدای رووگەی سیاسی و ئابووریمانەوە مووچەتان بۆ دێنینەوە.
لەگەڵ ئەو راستیانە و زۆر راستی تریش، ئەو وتار گەورە و کردار بچووکانە زمانی موزایەدەیان لە جووڵە ناکەوێ و لە لوتکەی خەیاڵی سیاسییەوە بۆ پێدەشتی واقع دەڕوانن و دەڵێن: دەبێ کوردستان هاوشێوەی ئەوروپا و ئەمەریکا بێت، خەیاڵی ئەو خەیاڵبازانە لە کاتیکدایە کە ئەوروپا و ئەمەریکا (١١٠) بەر لە ئێستا بەرەو شەڕ و ئاشووب و وێرانکاری هەنگاویان دەنا، کەچی ئێستا شەڕی ئەستێرەکان دەکەن و سنوور لە نێوانیان هەڵدەگرن، شێخ عەبدولسەلامی بارزانیش (١١٠) بەر لە ئێستا ماف و ئامانجە نەتەوەییەکانی کوردی لە دووتوێی شۆڕش و راپەڕینەکەیدا جێکردۆتەوە و بە دوای ئازادی و خۆشگوزەرانی و ئاوەدانی وڵاتەکەیدا وێڵ بووە، سیاسی و رۆشنبیرەکانی ئێستاشمان لە تاقیگەی عرووبەدا پشکنین بۆ شێرپەنجەی هزر و بیری نەتەوەیی دەکەن و دەڵێن: دەرمانی هەموو دەردان گەڕانەوەیە بۆ کۆنە هەواری ژێردەستەیی و چوونەوە بەغدا دەکەنە ئامانج و سەبەخۆیی بە ژێردەستەیی دەگۆڕنەوە.