پاراستنی هاوسەنگی هێزی حزبی.. یان هێزی نەتەوەیی!

پاراستنی هاوسەنگی هێزی حزبی.. یان هێزی نەتەوەیی!
بزووتنەوەى گۆڕان و خودی نەوشیروان مستەفا و هاوپەیمان و هاوبیر و هاوبیچمەکانی لە هەندێ حزب و لایەنی تر، بە شێوەیەک هەوڵەکانیان لەسەر راستکردنەوە و پاراستنی هاوسەنگی هێزی حزبی، یان راستر بڵێم: هاوسنگی هێزی لە نێوان دوو شاری هەولێر و سلێمانی چڕ کردوونەوە، هاوسەنگی هێزی نەتەوەیی و دوژمنانی کورد و داگیرکارانی کوردستانیان لە بیر کردووە و هەر بەلایدا ناچن، ئەوە لە کاتێکدایە تەنها دوای پاراستنی هاوسەنگی هێزی نەتەوەیی نیوان کورد و داگیرکارانی کوردستان و دواتر بە پێی بنەما دیموکراتیەکان و بڕیاری گەل و ئەنجامی سندووقەکانی دەنگدان دەتوانین هاوسەنگی هێزی حزبی دەستەبەر بکەین, چونکە نەبوونی هاوسەنگی هێزی نەتەوەیی لە نیوان کورد و داگیرکارانی کوردستاندا دەرگا بە رووی دوژمناندا واڵا دەکات، کە ئەم حزب و ئەو لایەن بۆ پاراستنی هێزی حزبی چۆنی بیانەوێ ئاوا پەنا بۆ دەرەوەی خواست و ئیرادەی نەتەوەیی بەرن، هەر وەک لە ئێستادا بە ئاشکرا پەنا بۆ نوری مالکی و حەنان فەتلاوی دوژمن بە ماف و نەتەوەییەکانی کورد دەبەن و بە نەهێنیش مەگەر هەر خوا بزانێ چی تر دەکەن و پەنا بۆ کێی تر دەبەن.
بۆ ئەو مەبەستە و راستکردنەوە و پاراستنی هاوسەنگی هێزی حزبی، نەوشیروان مستەفا و دارودەستە شاراوەکانی لەناو حزب و لایەنەکانی تر و رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و میدیای بەناو ئەهلی و سەربەخۆ دەست بۆ دوگمە هەرە مەترسیدارەکان دەبەن، لە هەموو ئەو دوگمانەش مەترسیدارتر دوگمەی تێکدانی یەکڕیزی ناوماڵی کورد و کار کردنە لەسەر لاواز کردن و نەهیشتنی هزر و بیری کوردبوون و کوردیتەتی و بە لاڕێدا بردن و گۆڕینی خواست و ئامانجی سەربەخۆیی و دامەزراندنی دەوڵەتی نەتەوەییە، بە خواست و ئامانجی گەڕانەوە بۆ ژێردەستەیی و گونجان و پێکەوەژیانی مەحاڵ لەگەڵ بەغدای عرووبەی چەندین جار تاقیکراوە, لێرەدا پرسیاری گرنگ و جەوهەری ئەوەیە بۆ کورد وا باشترە لەژێر سایە و سێبەری بەغدا و هەژموونی عرووبەی تێکەڵ بە سیاسەتی توندڕەوی مەزهەبی و فتوای مەرجەع هاوسەنگی هێز لە کوردستان بپارێزێ، یان لە کوردستانەوە بە کۆدەنگی و یەکهەڵوێستی و ئیرادەی نەتەوەییەوە هاوسەنگی هێزی کوردایەتی لە بەغدا بەرامبە بە داگیرکارانی کوردستان بپارێزێ؟
کورد لە رابردوودا زۆرترین باجی بە دەست ئەو لایەنە ئایدۆلۆژی و کەسە دەروون نەخۆشانەی کوردوە داوە کە لە دیدگای ئایدۆلۆژیەوە بۆ ژیان و ئازادی نەتەوەکەیان دەڕوانن و لەو دیدگاشەوە هەوڵدەدەن هاوسەنگی هێز راستبکەنەوە و بیشیپارێزن، لە هەمان کاتدا دوژمنانیش زۆرترین کەڵکیان لەو هیزە ئایدۆلۆژی و کەسە دەروون نەخۆشانەی کورد وەرگرتووە و هەر کاتێ ویستبیان لە کوردستان توانیویانە هاوسەنگی هیزی نەتەوەیی کوردی بەرامبەر بە هیزی داگیرکاری خۆیان پێ بێننە خوارێ، چونکە لە کاتێ هەر تەنگاو بوونێکدا دوژمنان بۆ راستکردنەوە و پاراستنی هاوسەنگی هێزی خۆیان بەرامبەر بە کورد، پەنایان بۆ لایەنە ئایدۆلۆژی و کەسە دەروون نەخۆشەکانی کورد بردووە و بەو پەنا بردنەش هاوسەنگی هێزی نەتەوەیی کوردیان لەبار بردووە، هەر کاتێکیش هاوسەنگی هێزیان گۆڕیبێ رەحمیان بە هێزە ئایدۆلۆژیەکان نەکردووە، جا لەو کاتەدا یا ئەوەتا بەرەڵایان کردوون، یا ئەوەتا خستوویاننە ناو دۆزەخی لەناوبردن و سڵیان لە کوشتوبڕیان نەکردۆتەوە، مێژووی بزووتنەوەى رزگاریخوازی کوردیش پڕیەتی لە بەڵگە و بەسەرهاتی زیندوو، بۆیە بە پێی هەموو پێوەرە میژوویەکان و ئەو رابردووە تاڵ و پڕ کارەساتەی لەگەڵ داگیرکارانی کوردستان هەمانە، پێویستە کورد لە ئەمڕۆ و داهاتووشدا پاراستنی هاوسەنگی هیزی نەتەوەیی بخاتە پێشینەی هەموو هاوسەنگیەکانی ترەوە.
Top