بە رێکەوت رێم کەوتە لای بەرپرسێکی باڵا و لەسەر هەڵوێستی زۆرێک لە بەرپرسانی پارتی و پابەند بوونیان بە رێبازی بارزانی نەمر دوو رای پێچەوانە و تەوا جیاوازمان هەبوو, لە پر دوو بەرپرسی لەو پلە نزمتر بە ژوور کەوتن، بەرپرسەکە رووی تێکردن و گوتی: لەسەر بابەتێکی دیاریکراو لەگەڵ سوورە مەرگەیی رای جیاوازمان هەیە، نەیانهێشت قسەکەی تەواو بکات و گوتیان: قوربان رای جەنابت راستە، منیش گوتم: گفتوگۆکەمان لەسەر (ریاز...)و تومەز بەرپرسەکە جمووری کریستیانۆیە قسەکەیان پێبڕیم و گوتیان: بێگومان کریستیانۆ لە میسی باشترە، کەمێک پێکەنیم و گوتم: گفتوگۆکەمان لەسەر ریازە نییە و لەسەر ریازیاتە، من دەڵێم: دوو کۆ دوو دەکاتە چوار، کاک فڵانیش دەڵێ: دوو کۆ دوو دەکاتە پێنج، هەردوکیان گوتیان: خۆت دەزانی دونیا لە پێشکەوتنی بەردەوام دایە و زانستی ریازیاتیش لەو پێشکەوتنە بەدەر نییە و دەکرێ بەو زانستە نوێیەی ریازیات، دوو کۆ دوو بکاتە پێنج، ئێستا کادیرانی پارتی لە دووڕیانی رێبازی ماستاوچێتی و مامەحەمەیی و رێبازی بارزانی نەمردا بوونە دوو بەش و دوو ئاڕاستە و دوو هەڵوێست و دوو بیرکردنەوەی جیاوازیان هەیە.
هەرچی شوێنکەوتووانی رێبازی ماستاوچێتی و مامەحەمەیین، ئەگەرچی ئێستا بە رواڵەت لە پێشن و خۆیان بە براوە دەزانن، بەڵام لە ناوەرۆکدا کەسایەتی کوردبوون و کوردایەتیان دۆڕاندووە و دەکرێ بە ئەوەل براوە و ئاخیر دۆڕاویان ناو بەرین، هەرچی شوێنکەوتووانی رێبازی پیرۆزی بارزانی نەمریشن، ئەگەرچی ئێستا لە دواوەن و هەندێ خەڵکی ناحاڵی بە دۆڕاویان دەزانن، بەڵام لە راستیدا کەسایەتی کوردبوون و کوردایەتی خۆیان پاراسـتووە و ئەگەر ئەوەل دۆڕاویش بن، ئاخیر براوە هەر ئەوان دەبن، چونکە بە پێی بەڵگە میژووییەکان ریبازی بارزانی نەمر ریبازی راستەقینەی کوردبوون و کوردایەتییە و شوێنی ماستاوچییانی تێدا نابێتەوە.