هیچ بەرژوەندییەك لە پرسی سەربەخۆیی كوردستان گرنگتر و چارەنووسسازتر نییە

هیچ بەرژوەندییەك لە پرسی سەربەخۆیی كوردستان گرنگتر و چارەنووسسازتر نییە
سەدەیەكە بە هۆی پێداگری لە سەر مافەرٍەواكانمان تووشی دەیان نەهامەتی و جینۆساید بووینەتەوە ،بۆیە كاتی ئەوە هاتووە كە بەیەكدەنگ و یەكهەڵوێست بەرەو بە دیهێنانی ئامانجەگەورەكەمان هەنگاو بنێین .نابێت ئیتر هاشوهوشی نەیارانی كورد كاریگەری لە سەر بریاردانی پرسی سەربەخۆیی كوردستان بگرێت . چونكە لە هەموو روویەكەوە هەرێمی كورستان ژینگەیەكی لەباری بەراورد بە بەشە عەرەبییەكەی عێراق بۆ پێكەوەژیان و لێبووردەیی هەیە، هەروەها ژینگەیەكی سیاسیی ئەوتۆی فەراهەم كردووە كە توندڕۆیی ناوخۆیی تێدا بەرهەم نایەت، بەتایبەتی لەنێوان ئایین و نەتەوە جیاوازەكاندا، ئەوا پێگەی جوگرافی كوردستان دەبێتە وێستگەی یەكەم، یان پایتەختی ئەو گۆڕانكارییانەی كە پێویستە لە ئەمساڵ و لەساڵانی داهاتوو لەسەر ئاستی ناوچەكە بێتەئاراوە، ئەمەش دروست كوردستان وەك بەلجیكا لەناو دەوڵەتانی یەكێتی ئەوروپاو هەولێر وەك بروكسل لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا وێنا دەكات. ئەگەر ئاوڕێك لەمێژووی گەلان بدەینەوە، بەسەدان قارەمانی هەڵكەوتوو، بەسەدان شۆڕشی رزگاریخوازی گەلان لەپێناوی رزگاری‌و سەربەخۆییاندا لەپێناو گەیشتن بەمافی چارەی خۆنوسین دەكەونە بەرچاو، گەیشتن بەئامانجەكانیشیان بۆ هەندێكیان هەورازێكی سەخت‌و بۆ هەندیكیشیان نشێوییەكی ئاسان بووە.روداو‌و پێشهاتەكان بۆ سەرجەم ئەو گەلانەی بەدوای سەربەخۆییەوە بوونە دەرفەت‌و قۆناغێكی باش بووە بۆ رزگاری نەتەوەیی‌و نیشتمانی، لەپاڵ ئەمەشدا ئیرادەی گەلان‌و هەڵكەوتنی سەركردەی جوامێر رۆڵیان كەمتر نەبووە‌و نییە لەڕووداو‌و پێشهات‌و دەرفەتەكان، بەومانایەی زۆرجار دەرفەت هەڵدەكەوێ‌، بەڵام سوودی لێوەرناگرێت. هەڵبەتە نابێت ئەوەش لەبیر بكرێت كە لە پشت سەركەوتنەكانی پێشمەرگەشەوە بەسەر هێزی تیرۆریستیدا، سەركردایەتییەكی دڵسۆزو بەئەزموونی كاریگەریش ڕۆڵی بەرچاوی هەیە، بۆ گرێدانی پێوەندی و هەماهەنگی دیپلۆماسی و لۆجیستی و سەربازی دژی تیرۆر كە لەخودی هێژا سەرۆكی هەرێمدا خۆی دەبینێتەوە، هەر لەم سۆنگەیەشەوە: دەوڵەتانی كاریگەری دژی تیرۆر گەیشتنە ئەو دەرەنجامەی كە پێویستە مامەڵەی فەرمی و هاوشێوەی وڵاتێكی سەربەخۆ لەگەڵ سەرۆك و حكومەتی كوردستاندا بكەن. بۆیە ناكرێت هەرگیز سەردانی چەند جارەی كەسێكی وەكو سەرۆكی فەرەنساو سەرۆك وەزیرو وەزیرانی دەرەوەو بەرگری و فەرماندە سەربازییە هەرە باڵاكانی وڵاتانی ئەمەریكاو ئەوروپاو هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی تیرۆر بۆ كوردستان نادیدە بگرین بۆیە هەرێمی كوردستان لەگەڵ ئەوەی گشت تایبەتمەندییەكانی دەوڵەتبوونی لە خۆگرتووە لە هەمان كاتیشدا سنوورەكانی خۆی ئازادكردوووە و دەپارێزێت و لە هەمانكاتیشدا متمانەی نێودەوڵەتیی بەدەستهێناوە لە كاتی برٍیادانی بۆ سەربەخۆیی كوردستاندا .


لە ماوەی چەندین ساڵی رابردوو، هەر وەك بینیمان هەندێك حزب و هێزی بە ناو كوردستانی بە بەرزكردنەوەی دروشمی گەروە و بریقەدار و نەتەوەیی ، خۆیان بە شێوەیەك دەنواند كە ئەگەر تەنیا دەرفەتێكی بچووك بێتە پێش ئەوا یەكسەر راناوەستن و ئەگەر هیچ نەبێت فیدرالییەك ، ئۆتۆنۆمییەك یان مافێك بۆ میللەتی كورد دەستبەر دەكەن ، بەڵام رووداو و گۆرانكاریی و پێشهاتەكان دەریخست نەك خاوەن هیچ بریار و پرۆژەیەكی نەتەوەیین بەڵكو گشت دروشمەكانیان پێچەوانە بۆتەوە بۆ دژایەتی دەستكەوتەكان و هاودەستی كردن لەگەڵ نەیارانی كورد لە دژی هەرێمی كوردستان كە ماوەی 25 ساڵە سەرەرای گشت كۆسپ و تەگەرەكان توانیوێتی رووی شارستانی و دەوڵەتداری پیشانی جیهان بدات . لە بارودۆخی ئێستای كوردستاندا هیچ یەكێتییەكی نەتەوەیی لە ئارادا نییە، هەتا ئەگەر لە ئاستە نزمەكەیشیدا بێت لەنێوان ناوەندو حزبەكانی بزاڤی نەتەوەیی كورد لە هەر چوار پارچەی كوردستاندا، بەڵكو ململانێی گەرم وسارد دەبینین، هەرچەندە دوو ئاراستەی فیكریی سیاسی هەن یەكێكیان نەتەوەیی دیموكراسیی میانڕەوە كە ناوەندی هەرێمی كوردستانی عێراق سەركردایەتیی دەكات و سەرۆك مسعود بارزانی هێمای ئەو ناوەندەیە، ئەوی دیكە سەركێشەو پەیوەستە بە هێزە ئیقلیمییەكان كە ناوەندی سەركردایەتیی پەكەكە لە قەندیل بەرجەستەی دەكات، بەڵام ئاكارەكانی ململانێ هێشتا گەڵاڵە نەبووە لەسەر ئاستی میللی، هۆكارەكەیشی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە كەمتەرخەمیی لە ئاراستە میانڕەوەكەدایە تایبەت بە چەسپاندنی بنكەكانی فیكری و سیاسی و رێكخستنەوە، هەروەها دانانی بەرنامەیەك بۆ خەباتی دیموكراسیی هاوبەش. بەڵام لەسەر ئاستی بارودۆخی ناوخۆ لە هەر بەشێك بەجیا، دیارە رەوشەكە زۆر خراپە، چونكە حزبە كوردییەكان كە شكستخواردوو و بێدەسەڵاتن لەپێشەوەی دیمەنەكەدا، ئەو حزبانە هیچ پڕۆژەیەكی روون و یەكلاكەرەوەی نەتەوەیی ونیشتمانییان نییەو لەسەر پەرچەكردار كاردەكەن، لە مێژووی خۆیاندا هیچ چاكسازی یان گۆڕانكارییان لە فیكرو سەركردایەتییەكانیاندا نەبووە، تەنانەت ئەو حزبانە كە لەسەر ئاستی نەتەوەیی بە هەزارانن، زۆر دوورن لە نەریتە دیموكراسییەكان و هەماهەنگیی هاوبەشییان نییە و لێكدانەوەی جیاوازیشیان بۆ پرەنسیبی مافی چارەنووس هەیەو بەشێكی زۆریشیان كەوتوونەتە ژێر كاریگەریی لایەنە شۆڤینییەكانی حوكمڕان لە تاران و ئەنكەرەو دیمەشق و تەنانەت بەغدا. بۆیە هەموو لایەك شاهیدن كە جگە لە پارتی و سەرۆك بارزانی ، هەموو ئەو هێز و لایەنانەی كە تەنیا بە دروشم كوردایەتییان دەكرد ، هیچیان لە هەگبە دا نییە ..

پارتی دیموكراتی كوردستان وەك قوتابخانەی كوردایەتی و كۆڵنەدان كە بناغەدانەرەكەی مستەفا بارزانی نەمرە، هەرە لە سەرەتاوە بناغەی دەوڵەتبوونی كوردستان دارٍشتووە و داناوە و بە پێی هەڵومەرج و قۆناغەكان مامەڵەی لەگەڵ رژێمە یەك لەدوای یەكەكان دا كردووە تا گەێشتە 1970 و بەدەستهێنانی ئۆتۆنۆمیی و دواتر حكومەتی هەرێمی كوردستان و فیدراڵی تا گەیشتن بە قۆناغی ئێستامان كە بە باشترین دەرفەت دەزانێت تا كو پرسی سەربەخۆیی و دەوڵەتی كوردستان بچەسپێنێت ،چونكە مافێكی رٍەوایی میللەتی كوردە .دوای تێپەڕبوونی ١٠٠ساڵ بەسەر رێككەوتننامەی سایكس پیكۆ، لە ئێستادا گۆڕانكاری نوێ دروست بووە و هاوسەنگیی هێز گۆڕاوە و كوردیش لە ڕووی سەربازییەوە یەكەمە لە عێراقدا، بۆیە پێویستە ناو ماڵی خۆیان رێك بخەنەوە و ئەو هەلە لە دەست نەدەین.كاتێك كە رێككەوتنی سایكس پیكۆ واژۆ كرا، كورد بووە قوربانیی چوار دەوڵەت، بەڵام ئەمڕۆ گۆڕانكاریەكی نوێ دروست بووە و هاوسەنگیی هێز گۆڕاوە، لە ئێستایشدا لە ڕووی هێزی سەربازییەوە كورد لە پلەی یەكەمدایە دوای هێزی ئاسمانی، بۆیە وڵاتان گرینگیی زۆر بەكورد دەدەن، بەڵام ئەوەی كە كێشەیە، كورد لە نێوخۆیدا لە هەر چوار پارچەی كوردستان كێشەی ناوخۆییان هەیە و یەك نین، ئەمەش خاڵێكی لاوازە، كە لە رابردوودا زیانی بە كورد گەیاندووە. سەرۆك بارزانی خاوەنی ئەزموونە و لە هەموو دنیادا رێزی لێ دەگیرێت، كە ئەمە چانسێكە بۆ كورد و پێویستە لە دەست نەدرێت، ئێستاش هەلێكی زێڕین بۆ كوردستان هاتووەتە پێش و پێویستە لە دەستی نەدەین. نابێت فەرامۆش بكەین كە هیچ بەرژوەندییەك لە سەربەخۆیی كوردستان گرنگتر و چارەنووسسلزتر نییە .
Top