ئاستەنگەکانی بەردەم سەربەخۆیی کوردستان
January 16, 2017
وتار و بیروڕا
یان دەپرسین: لە کوێی دونیادا داگیرکاران خۆشگوزەرانی و دیموکراسییان بۆ گەلانی ژێردەستە هێناوە؟! ئەگەر داگیرکار بڕوای بە خۆشگوزەرانی و دیموکراسی بۆ گەلان هەبێ بۆچی دەبێتە داگیرکار؟!
کورد ئەگەر لە شتێک بە گومان بوو دەڵێ: ئەو ماستە موویەکی تێدایە، پێداگری ئەو دەستە و گرووپانەش لەسەر چوونەوە بەغدا و موزایەدەیان بە خۆشگوزەرانی و دیموکراسی نەک هەر موو، بەڵکو گوریسێکی سێ سەری سیاسی تێدایە، هاوپەیمانی ئەو دەستە و گرووپانە لەگەڵ بەغدای داگیرکار و رەمز و هێمای عرووبە و ناسنامەی توندڕەوی تائیفی بە شێوەیەکە، ئەگەر کەسێک لە مێژووی سەد ساڵی خەباتی کورد و زوڵم و ستەمی عەرەب بێئاگا بێ و موزایەدەی ئەو دەستە و گرووپانەش ببیستێ، ئەوەی لەلا درووست دەبێ کە سەربەخۆیی و دەوڵەتی کوردی دۆزەخ بۆ کورد هەڵدەخا و لە خۆشگوزەرانی و دیموکراسی بەغدای بێبەش دەکات، بەڕاستی کاتی ئەوە هاتووە لەو دەستە و گرووپانەی بەناوی خۆشگوزەرانی و دیمووکراسییەوە شەڕ بە ئیرادەی سەربەخۆیی و هەوڵەکانی دامەزراندنی دەوڵەتی کوردی دەفرۆشن و حەسرەت بۆ چوونەوە باوەشی عەرەب هەڵدەکێشن و کاروان بەرەو بەغدا رێکدەخەن، بپرسین: بەغدا ئەوەندە خۆشگوزەران و دیموکراسییە تا ئێوەی دژە سەربەخۆیی و بەغدا دۆست نەتوانن دەستبەرداری ببن؟! ئەرێ بۆچی و لە پێناو چیدا روو لە کارەساتەکانی مێژووی سەد ساڵی رابردوو وەردەگێڕن؟! ئەرێ لەو مێژووە پڕ کارەساتەدا جگە لە کوشتوبڕ و ئەنفال و کیمیاباران و راگواستن و کاولکردنی کوردستان هیچی ترتان بەرچاو دەکەوێ! ئای ئەو دەستە و گرووپانە چەند سەیرن! حزب و رێکخراوەکانی گەلانی ژێردەستە بە هەموو جیاوازیەکانیانەوە لەسەر سەربەخۆیی و دەوڵەتی نەتەوەیی کۆکن، کەچی ئەو دەستە و گرووپانەی لای خۆمان بە پێچەوانەوە لەسەر درێژەدان بە ژێردەستەیی لەگەڵ دوژمنان و داگیرکارانی کوردستان کۆکن و موو بە بەینیانەوە ناچێ.