نەوشیروان مستەفا لە لێدوانێکیدا راستگۆیانە هاتە دەنگ و بێ پێچ و پەنا و زۆر راشکاوانە گوتی: لە کوردستانیش سیستەمێکی هاوشێوەی سیستەمی (بەغا)مان دەوێ، وەک دیارە سیستەمی (بەغا)ش سیستەمی سەربڕین و سووتاندنی یەکتری و کاولکردنی وڵاتە، سیستەمی تەقە لە یەکتری کردن و رفاندنی نەیارە سیاسی و مەزهەبیەکانە، کاک نەوشیروان جیا لەوەی سیستەمیکی هاوشێوەی سیستەمی (بەغا)ی بۆ کوردستان دەخواست، بە کردەوەش هەوڵیدا ئەو جۆرە سیستەمەی (بەغا) لە کوردستانیش بسەپێنێ، چۆن لە سیستەمی (بەغا) نانەوەی ئاشووب و نائارامی و بڵاو کردنەوەی دڵەڕاوکێ و تەقە لە یەکتری کردن و رفاندنی نەیاری سیاسی و خەڵکی بیانی حەڵاڵ و رێ پێدراوە، کاک نەوشیروانیش لە تۆمارە دەنگیەکەیدا داوای شێواندنی ئارامی هەولێر و بڵاو کردنەوەی دڵەڕاوکێ دەکا و دەڵێ: تەقە لە دوو کونسوڵگەری بکەن و دوو ئەندازیاری کۆمپانیا بیانیەکان بڕفێنن بۆ خۆیان هەڵدێن، جا ئەگەر کونسوڵگەری و کۆمپانیا بیانیەکان هەڵبێن و کوردستان جێبێڵن دەپرسین: ئایا ئەوکات ناگەڕێینەوە بۆ ئەو سەردەمانەی کە دەرگا سیاسی و دیبلۆماسی ئابوورییەکانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بە سەرماندا داخرا بوون و, کەس هاواری ئەنفالی نەدەبیستین و ویژدانێک سۆزی بۆ هەڵەبجە نەدەجووڵا و دەنگێکیش نەبوو ژن و کچە بارزانیەکانی چاو لە دووی کوڕ و براکانیان بلاوێنێتەوە؟!
خوا هەڵناگرێ ئەگەر ئەو پیلانەی نەوشیروان مستەفا سەری گرتابا و سیستەمی کوردستانیش هاوشێوەی سیستەمی (بەغا)ی لێکرابا, ئەوکات خواستی شەڕانگێزی نەوشیروان مستەفا بەسەر خواستی ئاشتی و پێکەوە کارکردنی سیاسیدا زاڵ دەبوو، خواستی شارچێتی و پارچە پارچە کردنی کوردستان و گەڕانەوە بۆ (بەغا)ی عرووبە، شوێنی کۆدەنگی نەتەوەیی و هزر و بیری کوردایەتی و خواستی سەربەخۆیی کوردستانی دەگرتەوە, بەڵام چاوکراوەیی و پەرۆشی خەمخۆرانی وڵات رێگریان لەو خواستەی نەوشیروان مستەفا کرد و نەیانهێشت ئەو جۆرە سیستەمە ئارامی هاوڵاتیان بخاتە ژێر هەڕشە و هەولێری ئارام بکاتە (بەغا)ی فەوزا و وڵات بەرەو کاولکاری بەرێ.