راگەیەنراوەکەی بەشێک لە هەڵسووڕاوانی گۆڕان

راگەیەنراوەکەی بەشێک لە هەڵسووڕاوانی گۆڕان
بەشێک لە هەڵسووڕاوانی بزووتنەوەى گۆڕان لەسەر رێککەوتنی نێوان بزووتنەوەکەیان و یەکێتی نیشتیمانی هاتنە دەنگ و یەکێتییان بەوە تاوانبار کرد کە خۆی لە جێبەجێ کردنی ناوەرۆکی رێککەوتنەکە دەدزێتەوە, سەرەتا دەپرسین بۆچی بەشێک لە هەڵسووراوانی گۆڕان لە جێبەجێ نەکردنی ناوەرۆکی رێککەوتنەکە نیگەرانن و هەموویان نین؟ ئەوە پرسیارێکە پێدەچێ وەڵامەکەی لە بەرکی نەوشیروان مستەفا دابێ، خۆ ئەگەر ئەوە هۆکاری نیگەران بوونیان نەبێ، تەقینەوەی کێشە و ململانیکانی ناو بزووتنەوەی گۆڕانە کە ئەمڕؤش نەبێ سبەی ئەو تەقینەوەیە هەر روو دەدات, با لەوە گەڕێین و لێکدانەوە بۆ هەردوو ئەگەرەکە بکەین.
گومان لەوەدا نییە کە نەوشیروان مستەفا هیوای پیلانگێڕییەکی گەورەی لەسەر ئەو رێککەوتنە هەڵچنیبوو, کاتێکیش نەوشیروان مستەفا لە کاتی واژۆ کردنی رێککەوتنەکە گوتی: لەگەڵ یەکێتی کۆتایی بە بڕیاری تاکڕەوی سیاسی دێنین, کرۆکی ریککەوتنەکەی بۆ هەموو لایەک خستە روو, چونکە بەو وتنەی ئەو راستییەی بە هەموو لایەک گوت کە رێککەوتنەکە دژی پارتی دیموکراتی کوردستانە و پارتیش هەر لە سەرەتاوە هەستی بەو راستییە کرد، ئێستا وەک لە راگەیەنراوەکەی ئەو بەشەی هەڵسووڕاوان دیارە بەشێک لە سەرانی یەکێتی نیشتیمانی ناچنە ژێر ئەو بارە و رێگرن لەوەی نەوشیروان مستەفا بەو ریککەوتنە هیوایەکەی بێنێتەدی، ئەوەش نەوشیروان مستەفای لە وڵاتی غەریبیان نیگەران کردووە و دەیەوێ بەو راگەیاندنە گوشار بخاتە سەر یەکێتی، لەوەش دوو ئامانجی هەیە، یەکەمیان وا لە یەکێتی بکات بە تەواوی بێتە ژێر باری، ئەگەر ئەوەشی بۆ نەکرا مەبەستیەتی بەو راگەیەنراوە کێشەی ناو باڵەکانی یەکێتی قوڵتر بکات و لانی کەم باڵێکیان بێنێتە ژێر باری پیلانگێڕیەکانی.
ئەگەر هۆکاری راگەیەنراوەکەش نیگەرانی بەشێک لە هەڵسووڕاوان بێ و بەشەکەی تر نیگەران نەبن، ئەوا هۆکاری راگەیەنراوەکە تەقینەوەی کێشە و ململانێکانی ناو بزووتنەوەى گۆڕانە، ئەوەی بە سیاسەت و لێدوانە جیاوازەکانی هەڵسووڕاوانی بزووتنەوەى گۆڕانیشەوە دیارە، نەوشیروان مستەفا لە کاتی جیا بوونەوەی لە یەکێتی و درووست کردنی بزووتنەوەى گۆڕان پاشخانی سیاسی و فکری هەڵسووڕاوانی لەبەر چاو نەگرت و زیاتر لە هەوڵی ئەوەدابوو چۆن دەنگە ناڕازیەکان کۆ بکاتەوە، بۆ قەرەباڵغ کردنی دەوری خۆی و زیاتر گوشار کردنیش بە زەق کردنەوەی کێشەکان هەوڵی ئەوەی داوە ناڕەزایی زیاتر بکات، بۆ ئەو مەبەستەش درووشمی خەیاڵاوی و دوور لە واقعی لای هەڵسووڕاو و هەوادارانی کردنە ئامانج، ئەمڕۆش دەرکەوت کە درووشمە خەیاڵاویەکانی نایەنەدی، بۆیە پێدەچێ ئەو هەڵسووڕاوانەی هیچ ئەزموونێکیان لەسەر رابردووی نەوشیروان مستەفا نەبوو لە بێئومێدا ناچار ببن راگەیەنراوێکی لەو بابەتە بڵاو بکەنەوە, لێرەدا دەمەوێ ئەوە بڵێم: هۆکاری بڵاو کردنەوەی راگەیەنراوەکە چ بە رێنمایی نەوشیروان مستەفا بێ و چ تەقینەوەی باڵەکانی ناو بزووتنەوەى گۆڕان بێ، ئەنجام بەڕەی پیلانگێڕی لە بن پێی نەوشیروان مستەفا دەردەکێشرێ، چونکە راگەیەنراوێکی لەو بابەتە لە ئێستادا کە لایەنەکان لە هەوڵی لێک نزیک بوونەوەدان، بە هەر مەبەستێک بێ نەوشیروان مستەفا ناتوانی هەموو یەکێتی بنێتە ژێر باری خواستی پیلانگێڕیەکانی، ئەگەر یەکێتیش لە جێبەجێ کردنی رێککەوتنەکە یەکدەنگ نەبێ، نەوشیروان مستەفا هیچی پێناکرێ و ناچار دەبێ ناوبڕێکی سیاسی بداتێ و بە بەرنامە و پیلانگێڕی نوێ بێتەوە لامان.
Top