لەسەر دوو مێز یاری دەکەن و دەرچووی کوردایەتیش لێدەدەن
January 8, 2017
وتار و بیروڕا
لەوەش مەزهەلەتر و گاڵتەجاڕتر ئەوەیە لەسەر دوو مێزی جیاواز یاری بەدەستهێنانی دەستکەوتی حزبی دەکەن، لەسەر مێزی بەغدا بە وەرەقەی پێکەوەژیان دەرچووی بەرژەوەندی حزبی و تاکە کەسی لێدەدەن, لە کوردستانیش بە وەرەقەی دیموکراسی و خەمی خەڵک و ئازادی بیروڕا دەرچووی موزایەدەی سیاسی بە قووتی خەڵکەوە لێدەدەن, هەر دوای ئەوە دەرچووی کوردایەتیش لێدەدەن و لەسەر لێدوانە هەڕەشە ئامێزەکانی نوری مالیکی دێنە دەنگ و وەک کورد دەدوێن و دوور لە روویان هەڵوێستی کوردانەش دەردەبڕن, دواتر و بۆ ئەوەی نەبنە جێگای رەخنە و گلەیی هاوپەیمانەکانیان و وەرەقەی سەر مێزی بەغدایان نەسووتێ, لە راگەیاندنەکان گوتاری نەتەوەیی و خواستی سەربەخۆیی کوردستان بە توند و شەڕانی ناو دەبەن, وەک ئەوەی کورد لەوەتەی هەیە داگیرکار بووبێ و پەلاماری خاکی گەلانی تری دابێ دەڵێن: دەبێ خۆمان لەو خیتابە توندە شەڕانیەی ناسۆنالیزمی کوردی بپارێزین, لێرەدا ئەو پرسیارە درووست دەبێ کە تاوانبار کردنی خیتابی نەتەوەیی و خواستی سەربەخۆیی کوردستان, بە خیتابی ناسۆنالیزمی توند و شەڕانی بۆ چی و لە پێناو چیدا؟
تاوانبار کردنی خیتابی ناسۆنالیزمی کوردی بە توند و شەڕانی جگە لە رەوایی دان بە ئەنفال و کیمیاباران و گۆڕی بە کۆمەڵ و رازی بوون بە بەردەوامی ژێردەستەیی و چەوسانەوەی زیاتری کورد هیچ مانا و لێکدانەوەیەکی تر هەڵناگرێ, ئەوەشیان بۆ ئەوەیە نیەت پاکی خۆیان بۆ هاوپەیمانەکانی بەغدایان دەرببڕن و پێیان بڵێن: لە بەڵێنی پاراستنی یەکپارچەیی خاکی عێراق پاشگەز نابینەوە و وەک بیلبیلەی چاوەکانمان دەیپارێزین, ئەگەرنا ناسۆنالیزمی کوردی بە درێژایی مێژوو جگە لە رەتکردنەوەی ژێردەستەیی و بەگژدا چوونەوەی زوڵم و سەتەمی نەتەوەیی و گەیشتن بە سەربەخۆیی کوردستان داوای چی تری کردووە؟! تا ئێوەی بەناو نوێنەرانی کورد لە بەغدا تاوانی توندی و شەڕانی بیدەنە پاڵ, لە کاتێکدا ئەو خیتابەی ئەو بە ناو نوێنەرانە و حزبەکانیان بە توند و شەڕانی ناو دەبەن, مافی رەوای هەموو گەلانە و تاکە گەلێک لێی بێبەش بێت کوردە.