ئەو رۆژەی خەنجەری کوردایەتی لە پارتی هەڵدەکێشم

ئەو رۆژەی خەنجەری کوردایەتی لە پارتی هەڵدەکێشم
ساڵی ١٩٨٥ دووەم جارم بوو کە بەدیداری کاک ئیدریس بارزانی شاد بووم, دوای ئەوەی ماوەیەک بۆی باسی کوردایەتی و شۆڕش و پیرۆزیەکانی ئەرکی پێشمەرگایەتی کردم, گوتم: کاک ئیدریس دەزانی کەی لەو شۆڕشەی ئێستا هەڵدەگەڕێمەوە؟! فەرموی جا کە لە ئێستاوە بڕیارت داوە رؤژێک دێ لە شۆڕش هەڵبگەڕێیەوە بۆچی چەکی پێشمەرگایەتیت کردۆتە شان؟ منیش گوتم: کاک ئیدریس کە کوردستان رزگار بوو ئەو جاش و خیانەتکارانەی دەستیان بە خوێنی پێشمەرگە سوورە و پشتیان لە کورد کردووە و بۆ بەرژەوەندی تایبەتی چوونە باوەشی رژێمەوە لێیان دەبوورن, منیش ئەوکات ناچار دەبم روو لە چیا بکەمەوە و بۆ جارێکی تر چەکی پێشمەرگایەتی بکەمەوە شان, سەیرێکی کردم و فەرمووی: سوورە مەرگەیی ئەگەر ئەوە روویدا من یەکەم کەس دەبم روو لە چیا دەکەمەوە و دەبێ تۆ دووبارە پەیوەندی بە منەوە بکەیەوە.
بەڵێ کوردستان رزگار بوو, بەڵام نەک لە جاش و خیانەتکارەکان بووردن, بەڵکو هێنرانە سەر سفرەی حازر و دەستیان بەسەر رەنجی پێشمەرگە و خوێنی شەهیدانیشدا گرت, بە داخەوە مەرگ نەیهێشت کاک ئیدریس رزگاری کوردستان و وەلانانی پێشمەرگە و هێنانە پێش و تەراتێنی ئەمڕۆی جاش و خیانەتکارەکان ببینێ و بەڵێنەکەی بەرێتە سەر و رابەرایەتی شۆڕشی لێک جیاکردنەوەی پاک و پیس بکات, بەو هۆیەوە منیش بەڵێن شکێنیم کرد و کاک ئیدریسم لە چیا نەبینی تا بتوانم بەڵێنەکەم بەرمە سەر.
لە ئێستادا کە دوا قۆناغی رزگاری نیشتیمانی و سەربەخۆیی کوردستان دەستی پێکردووە و دەرفەتەکەش بۆ بەدیهێنانی ئەو ئامانجە زۆر لەبارە, بەڵام هەندێ دەستە و گرووپ بە ناوی جیا جیا و موزایەدەی پەرۆشی خەڵک لە جاش و خیانەتکارەکانی ئەوکات خراپتر دەستیان لەگەڵ دوژمنان تێکەڵ کردووە, زۆر لەوانیش خراپتر بە گژ خواست و ئیرادەی سەربەخۆیی کوردستاندا دەچنەوە و دڵیان بۆ یەکپارچەیی خاکی عێراق و دووبارە ژێردەستە کردنەوەی کورد لێدەدات, جا ئەگەر کورد لەو قۆناغەش سەرکەوت و کوردستان بە سەربەخۆیی گەیشت, ترسم لەوەیە چۆن جاشەکان هاتنە سەر سفرەی حازر و دەستیان بەسەر رەنج و خوێنی پێشمەرگە و شەهیداندا گرت, ئەوانیش خۆیان بکەن بە قارەمانی بەدیهێنانی سەربەخۆیی کوردستان و بەدیهێنەرانی راستقینەی سەربەخۆیی بەلاوە بنێن, بێگومان هەر واش دەبێ, بەڵام ئەگەر ئەوە رووبدات و پارتی پێدەنگ بێ, بەڵێن بێ من یەکەم کەس دەبم خەنجەی کوردایەتی لە پارتی هەڵدەکێشم.
Top