ئامانج و ئاواتی سەرۆك بارزانی، بەدیهێنانی دەوڵەتی سەربەخۆیی كوردستانە
January 2, 2017
وتار و بیروڕا
هەموو تەمەنی پێشمەرگە ، سەرۆك بارزانی لێواو لێو و پر لە شانازیی و كوردایەتی و پێشمەرگایەتی و ماندووبوون و شەونخونی بووە لە پێناوی ئازادی گەلی كوردستان، یەك لەو سەركردانەیە كە لە ماوەی تەمەنی خۆیدا واپێویست بووە، كە رووبەڕووی تەحەدیاتی گەورە ببێتەوە چ لەسەرئاستی ناوخۆیی بێت یان ئاستی نێودەڵەتی و هەرێمایەتی بووبێت، بۆیە سڵی لە هیچ رووبەڕوونەوەیەك نەكردۆتەوە لە پێناوی بەرژەوەندی گەلەكەی، هەموو خەڵكی كوردستان و دبلۆماتە رۆژئاوایی و ئەمریكییەكانیش، هەڵوێستەكانی ئەویان لەبیرە كاتێك بڕیار بوو رژێمی بەعس بڕوخێنن، لە كۆنگرەكانی لەندەن و بەیروت و سەڵاحەددین، لەگەڵ ئۆپۆزسیۆنی عێراقیدا، كە بە چ شێوەیەك لەسەر مافەكانی گەلی كوردستان و دیموكراتی بوونی دواڕۆژی عێراقدا، پێی دادەگرت.
سەرۆك بارزانی توانی بە جوانترین شێوە پێشمەرگە رێكبخاتەوە و بەهێزترین هێز دروست بكات لە خەڵكی بەشەرەفی كوردستان كە جێگای شانازی و بەختەوەری هەرهەموو مرۆڤایەتین لەسەر ڕووی زەوی، جەنگاوەری بێوێنەن كە هەردەم لە راژەی تێكڕای مرۆڤایەتی و توانی خۆی بگونجێنێ لەگەل سیاسەت و بەرژەوەندیەكانی .دەوڵەتە زلهێزەكان لە پێناو خزمەتكردنی كوردستانیان و مرۆڤایەتی لە هەموو روێكەوە ، ئەنجامی راستگۆیی و هەوڵ و تواناكانی وەرگرتووە وا ئێستا لەسەر شانۆی سیاسەتی هەموو دەوڵەتەكانی جیهانە، دیارە پێشمەرگە دلێر و قارەمانەكان بەو پەڕی بوێری و ئازادی و ئازایەتیەوە خزمەتی مرۆڤایەتی بەگیان واژۆیان دەكات بەرگری و پاسەوانی لە كورد و دەسكەوتەووە نەتوەیی و نیشتمانی و خاكی پیرۆزی كوردستانیان و حكومەتی هەرێمی كوردستان و بەرژەوەندیەكانی دەكات ، لەگەل خزمەتكردنی ئایندە و دان پێنانی مافە نەتەوەیی و ئایینی و مەزهەبی و پێكەوەژیانی هەر هەموو كوردستانیان بێ جیاوازی .زۆر گرینگ و پێویستە تێكڕای خەڵكی بەشەرەفی كوردستان و هاوسەنگەر و هاوڕای سەرۆك بارزانی بن، بۆ لاوازكردنی مەبەستە گڵاوەكانی ناحەز و دوژمنان..
هەروەها دوای رووخانی رژێمی بەعس و پرۆسەی ئازادی عێراق سەرۆك مسعود بارزانی بە مانگ لە بەوەغدا دەمایەوە تا توانی لەگەڵ وەفدە یاوەرەكەیدا، مافەكانی گەلی كوردستان بەیاسایی و دەستووری بكات، كێ هەیە نەزانێ لە سەر مافی پێشمەرگە و چەسپاندنی لەدەستووری هەمیشەیی عێراقدا، چۆن رووبەرووی سەرۆكی ئەوكاتەی ئەمەریكا جۆرج بۆش دەبوەوە، هەمیشە لە ناخۆشترین و سەخترین وێستگەكانی ژیانی سیاسی خۆیدا تەئكیدی لەسەر مافی تەواوی سەربەخۆیی گەلەكەی كردۆتەوەو، وەنەبێ ئەو نەزانێ كە ئەمە پێش هەموو كەسێك سەرئێشەیەكی گەورە بۆخودی خۆی دروست دەكات، بەڵام لە پێناوی ئەوەی تاكی كورد باوەڕی بەخۆی بێت و ئەو هەستە خۆ بەكەم زانینەی نێو ناخی تاك و كۆمەڵگەی كوردی بسڕێتەوە، پێویستە سەربەخۆبێت، چونكە بارزانی سەرۆك دەزانێت بەبێ وەدەست هێنانەوەی ئەو مافە ئەستەمە تاكی كوردستان لەو شعوورە رزگاری ببێت، كە ئەمە بۆتە گرێیەكی گەورەیی سەر دڵ ودەروونی هەموو تاكێكی كورد. لەو كاتانەی توركیا وەك گای ئیسپانی لە بەرامبەر رەنگی سوور و سپی و سەوزی ئاڵای كوردستان هار و هاج دەبوو، بارزانی سەرۆك لە ناوجەرگەی پایتەختەكەیدا داوای سەربەخۆیی گەلی كوردستانی دەكرد، كاتێكیش ویستی لەشكركێشی بكاتە سەر كوردستان، خۆی لەگەڵ پێشمەرگەدا لەسەر سنوور وەستا بوو تا رێگە لە داگیركەران بگرێت و كوردستان لە مەترسییەكان و شەرٍەف و كەرامەتی نەتەوەكەی بپارێزێت .
لە لایەكی دیكەوە پەیامی جەنابی سەرۆك خۆی لە خۆیدا مانا و مەبەستی بەرپرسیارانە دەگەیەنێ بۆ سڕینەوەی ئەم ناكۆكیە و چارەسەری تەواوی كەموكوڕییە سیاسی و ئیدارییەكان، دەستپێكردنی قۆناغێكی تازە،بەڵام دواترین پەیامی سەرۆك بۆ نەمانی ئەم ناكۆكیە نەك تەنها بۆ لایەن و كێشەیەكی دیاریكراو نەبو بەڵكو بۆ تەواوی خەڵكی كوردستان و حكومەت و لایەنە سیاسییەكان بوو كە ئیتر یاری بە بەرژەوەندی گشتی نەكەن و راستی و دروستی كێشەكە بەلاڕێدا نەبەن بۆ مەرامی بەرتەسك و تایبەت بەكار بهێنن،ئەگەر بەبێ گەڕانەوە بۆ پەیامەكانی تری پێشووی جەنابی سەرۆك كە بە دامركانەوە یان راگرتنی دۆخی سیاسی یان هەر مەزندەیەكی تەسك بینی هەندێ لایەنی سیاسی بۆ كرابێ،دواین پەیامی هیچ پاساو هەڵناگرێ كە ئاماژەی بە تەواوی ئەو كەموكوڕیانە كردووە كە خۆی لێی ناڕازییە و خۆی بە هاوبەش دەزانێ لە چارەسەركردنی،تەنانەت پڕۆژە و هەنگاوی داهاتووشی خستۆتە روو كە چارەسەرەكان چۆن بخرێنە خزمەتی خەڵك و داهاتوو،لە سەرووی ئەم هەڵوێست و پەیامەشی بە ڕاشكاوی خۆی چارەسەری بۆ ئەو بیرو بۆچوونانەش دیاركردووە كە بۆ جەنابیان دەگەڕێتەوە،بەبێ رەچاوكردنی رۆڵی خۆی لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی و مێژووی و ناوەخۆ خۆی جیاكردۆتەوە لە داهاتوو وەكو ئاسانكارییەك بۆ نەمانی كێشەكان كە ئەم هەڵوێستەی مانا و مەبەستێكی گەورە و مێژوویی هەڵدەگرێ كە بۆ خزمەت و نەمانی ناكۆكیەكان سازش لە رۆڵی خۆی بكات. بە رادەیەك بەم هەڵوێستەی هەموو لایەكی خستە بەردەم راستیەكان كە چی و چەند و چۆن بە درێژایی تەمەن و توانای خزمەتی میللەتەكەی كردووە بەڵام ئێستا سازش لەسەر رۆڵی خۆی بكات! تەنها بۆ ئەوەی كۆتایی بە ناكۆكیەكان بێت و ئەوەش بۆ ئەوەی بۆ پێشهاتەكان و برٍیاردان لە سەر چارەنووسی و ئەو ئاواتە لە مێژینەیەی كە دەیان ساڵە خەبات و تێكۆشانی بۆ دەكەین ساز و ئامادە بین .
ئەگەر بە بەووردی بروانینە سیاسەتی حەكیمانەی سەرۆك بارزانی دەبینین كە هیچ كاتێك لە ڕابردوو ئێستادا جیاوازی لە نێوان كوردو نەتەوەو ئایینەكانی تردا نەكراوە،هەمیشە پارتی ویستویەتی ئامرازێك بێت بۆ ئەوەی بەوپەڕی ئازادی لە كوردستان بژین و گشت مافە ئاینی و نەتەوەیەكانیان دەستەبەربكرێن.نابێ نوخبەی سیاسـی تێڕوانینو فكرەی جیاوازبێ لەگـەڵ هاوڵاتیان و میللەت،ئەبێ بزانین كە ئەوە مێژوونیە ڕەحم بەو لایەنە ناكات كە نەیویست لەو بوارەدا بەرپرسانە هەڵسوكەوت بكات،بەڵكو هەر ئەو لایەنە خۆیەتی كە نەیتوانی ببێتە وەسفێكو ئامرازێكی جوان بۆ مێژوو،چونكە ئەركی مێژوو بریتیە لە نیشاندانی ڕویی ڕاستەقینەی كۆیی ڕوداو بەسەرهاتەكان،بۆیە ئەبێ هەموو حزبو لایەنە كوردستانیەكان مێژوویەكی جوانو پڕاو پڕ لەسەروەری بۆ خۆیان تۆماربكەن بەوەی دەست لەناو دەست وەك یەك تیمو هەست كردن به بەرپرسیارەتی نەتەوەیی و سیاسی و ئەخلاقیان بەرامبەر بە گیانفیدایی و ماندوبونی برا پێشمەرگەكان و ڕوحی گەشی شەهیدە نەمرەكان،ببن بە پاڵپشتو هاوكاری هەوڵە بەردەوامی سـەرۆك بـارزانی،ئەو كێشەو گرفتە ناوخۆیانەی كە لەم دوایەدا لە نێوان حزبەكاندا دروست بوون بیخەنە لایەك،چونكە هەموو ئەم كێشانە قابیلی چارەسەرو گفتوگۆ كردنن نەیكەن بە مەرجی پێشوەختە بۆ پشتگیریكردن لە ڕاپرسی، پێویستە بەدەم بانگەوازەكەی جەنابی سەرۆكەوە بچن كە لە بارەی ڕاپرسیەوە ئاراستەی كوێی لایەنەكانی كردوە بۆ ئەوەی تێكڕا بتوانن میللەتی كورد لەو نەهامەتی و مەینەتیەی سەدان ساڵە تێیكەوتووە دەرباز بێ و ئاییندەیەكی ڕۆشن و بۆ جیلی تازەو داهاتومان بنیادبنێین و ببێتە خاوەن دەوڵەتێكی سـەربەخۆ