له‌ سایکسبیکۆوه‌ بۆ سه‌ربه‌خۆیی کوردستان و ده‌رفه‌ت و ئاسته‌نگ

له‌ سایکسبیکۆوه‌ بۆ سه‌ربه‌خۆیی کوردستان و ده‌رفه‌ت و ئاسته‌نگ
ئه‌مڕۆ که‌ زیاتر له‌ سه‌د ساڵ به‌ سه‌ر ڕیکه‌وتننامه‌ی سایکسبیکۆدا تێپه‌ر ده‌بێت کورد که‌ زه‌ره‌رمه‌ندی یه‌که‌می ئه‌و ڕێکه‌وتنمانه‌بووه‌ ئه‌وڕۆ کاره‌کته‌ری سه‌ره‌کی و کۆمه‌ڵێک ڕێکه‌وتنی دیکه‌یه‌ که‌ سودمه‌ندی یه‌که‌می ئه‌و ڕێکه‌وتننامانه‌ ده‌بێت. پرۆسه‌ی ئازادی عێڕاق که‌ کۆتایی به‌ده‌سته‌ڵاتداری سونه‌ له‌ عێڕاق هێنا، سیازده‌ ساڵی ڕابردوو ده‌سته‌ڵاتی شیعه‌ وێنایه‌کی جوانی پێکه‌وه‌ ژیانی نیشانی گه‌لانی عێڕاق نه‌دا، له‌ ماوه‌ی سیازده‌ ساڵی ڕابردودا شه‌ڕی تائیفی و ناسه‌قامگیری ئاسایش و ململانێی سیاسی هۆکارێکی گرنگی داوه‌ته‌ ده‌ست زلهێزه‌کانی دنیا تاوه‌ک بیر له‌ داڕشتنه‌وه‌ی نه‌خشه‌یه‌کی نوێ بکه‌نه‌وه‌ له‌ عێڕاق و خۆرهه‌ڵاتی ناوڕاست به‌ تایبه‌ت سوریا و عێڕاق. سه‌د ساڵی ڕابردوو له‌ جه‌نگی جیهانی یه‌که‌م زلهێزه‌کانی دنیا (فه‌ره‌نسا و به‌ریتانیا و روسیا) به‌ به‌رگرتن له‌ فراوانخوازی ده‌سته‌ڵاتی ئه‌ڵمانیای ئه‌وکات و خاکی ئیمپراتۆریه‌تی عوسمانی ئاماده‌بوون له‌ پێناو پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندی و هه‌ژمونیان ڕێگای جیاواز بگرنه‌ به‌ر. ڕاکێشانی هێڵی ئاسنینی به‌رلین به‌غدا له‌ نێوان ئیمپراتۆریه‌تی عوسمانی و ئه‌ڵمانیادا هۆکارێکی باشی دایه‌ ڕێکه‌وتنی سایکسبیکۆ که‌ مه‌ترسیه‌کی گه‌وره‌بوو بۆ سه‌ر به‌رژه‌وه‌ندییه‌کانی به‌ریتانیا. ڕێکه‌وتنی سایکسبیکۆ که‌ کوردستان دابه‌ش ده‌کات له‌ غیاب و ئاماده‌ نه‌بونی کورده‌ له‌ ڕێکه‌وتنه‌ ژێر به‌ژێره‌کان و پاڵپشتی کورد له‌ ئیمپراتۆریه‌تی عوسمانی ئه‌وسا، ئه‌وه‌ش هۆکاری پشتگوێخستنی کورده‌ له‌ لایه‌ن ده‌وڵه‌تانی زلهێزه‌وه‌.

سایکسبیکۆ و سه‌د ساڵ جه‌نگی به‌رده‌وام

پاش سایکسبیکۆ په‌یماننامه‌کانی (سان دی مۆریان و فێرسای و سان ریمۆ) و دواجار (سیڤه‌ر دێت)، له‌ سه‌رجه‌م ئه‌و په‌یماننامه‌ وڕیکه‌وتنانه‌ نه‌بونی نوێنه‌ری کورد و پشتگوێخستنیان له‌لایه‌ن زلهێزه‌کان و نه‌بونی به‌رژه‌وه‌ندییان له‌گه‌ڵ کورد و نه‌بونی هه‌ستی کوردایه‌تی لای کورده‌کان، کورده‌کان ده‌رفته‌ی دروستبونی قه‌واره‌ی سه‌ربه‌خۆی خۆیان له‌ به‌رانبه‌ر دروستبوونی ئه‌و کۆمه‌ڵه‌ ده‌وڵه‌ته‌ له‌ده‌ست ده‌ده‌ن. له‌و ساته‌وه‌ پاش سه‌د ساڵ له‌ جێبه‌جێکردنی سایکسبیکۆ ئه‌و ده‌وڵه‌تانه‌ هه‌ر له‌ کێشه‌ و ململانێدان، به‌ تایبه‌ت زۆربه‌ی ئه‌و ده‌وڵه‌تانه‌ی که‌ سایکسبیکۆ نه‌خشه‌ی بۆ داڕشتون و دروستی کردون به‌رده‌وام ململانێی سیاسی و تائیفی و ناسه‌قامگیری ئاسایشی و دواتر به‌ کوده‌تا تێپه‌ڕ ده‌که‌ن. هۆکاری سه‌ره‌کی ئه‌مه‌ش له‌سه‌ر گونجاندن و به‌رژه‌وه‌ندی گه‌لانی ناوچه‌که‌ نه‌بوو به‌ڵکو به‌رژه‌وه‌ندی ئابوری و سیاسی فه‌ره‌نسا و به‌ریتانیا له‌به‌شیک له‌و ده‌وڵه‌تانی که‌ له‌ ڕێکه‌وتنه‌که‌دا هه‌بوون. نا سه‌قامگیری ئاسایشی ئه‌و ده‌وله‌تانه‌ش راسته‌وخۆ په‌یوه‌ندی به‌ ئابوری و سیاسی و ئاسایشی له‌سه‌ر ده‌وڵه‌تانی خۆرئاوا هه‌یه‌ به‌ تایبه‌ت له‌ ئه‌مڕۆدا ئامڕازه‌کانی په‌یوه‌ندی گرتن و گواستنه‌وه‌ و گه‌یاندن زۆر خێرا وده‌ستوبرده‌، هه‌ربۆیه‌ پاش سه‌د ساڵ ده‌وله‌تانی خۆرئاوا بیر له‌ گۆرانکاری جیۆسیاسی و جیۆگرافی ناوچه‌که‌ ده‌که‌نه‌وه‌.

داعش ده‌وڵه‌تێک بۆ بنیادنانی نه‌خشه‌یه‌کی نوێ

هه‌ر له‌ سه‌ره‌تای شه‌ڕی داعش کۆنتڕۆڵکردنی به‌شێکی زۆری خاکی سوریا و عێڕاق و پێشڕه‌وی کردنی به‌رده‌وامی ئه‌و ڕێکخراوه‌، ده‌وڵه‌تی ئیسلامی له‌ عێڕاق و شام ناسراو به‌ داعش، هه‌ر له‌سه‌ره‌تای ده‌رکه‌وتنیدا وه‌ک ڕێکخراوێکی تیرۆریستی خۆی ناساند و ترس و تۆقاندنی له‌ نێو گه‌لانی دونیادا بڵاو کرده‌وه‌ تا راده‌ی ده‌ستی تیررۆی گه‌یانده‌ ده‌وله‌تانی ئه‌وروپا. مامه‌ڵه‌کردنی داعش و بڵاوکردنه‌وه‌ی ترس و تۆقاندن بیانویه‌کی باش بوو بۆ ئه‌وه‌ی ده‌وله‌تانی زلهێز به‌ ڕیکه‌وتنی گه‌وره‌ و شه‌ڕی ئه‌و ڕێکخراوه‌ بکه‌ن و زه‌نگی دابه‌شبونی خۆرهه‌ڵاتی ناوڕاست و نه‌خشه‌ی نوێی بده‌ن به‌گوێی جیهاندا، ئه‌مه‌ و هاوکات له‌سه‌ره‌تای ئه‌و جه‌نگه‌‌دا زۆرێک له‌ دیبلۆماتکاره‌کانی دنیا پیداگرییان له‌سه‌ر ئه‌م ده‌ربڕینه‌ ده‌کرد "ڕیکه‌وتننامه‌ی سایکسبیکۆ له‌سه‌ر خۆڵ نه‌خشینرا، ئێستا به‌خوێن ده‌سڕدرێته‌وه‌" ئه‌مه‌ش ئه‌و ده‌نگۆییه‌ که‌ ته‌ه‌واوی زلهێزانی دنیا باوه‌ڕیان پێی هه‌یه‌ و پاش داعش خۆرهه‌لاتی ناوڕاست جیۆگرافیایه‌کی نوێی ده‌بێت که‌ کاریگه‌ری گه‌وره‌ی ده‌بێت له‌ جیهاندا. ئه‌مه‌و هاوکات کۆماری ئیسلامی ئێران وه‌ک هێزێکی گه‌وره‌ له‌ ناوچه‌که‌دا سه‌رقاڵی پیاده‌کردنی ته‌واوکاری سیاسه‌تی خۆیه‌تی ئه‌ویش "که‌وانه‌ی شیعی"یه‌، ده‌وڵه‌تانی خۆرئاواس بۆ ئه‌و فراونخوازی ده‌ستوه‌ردانه‌ی ئێران له‌ هه‌وڵی گه‌وره‌دان بۆ به‌رگرتن به‌و سیاسه‌ته‌ ئه‌وه‌ش ته‌نها به‌ دروستبونی ده‌وڵه‌تی کوردی ده‌بێت.

کورد و کوردستان له‌ نه‌خشه‌ی نوێی پاش داعش

کورده‌کان که‌ له‌ ڕێکه‌وتنه‌کانی سایکسبیکۆ تا سیڤه‌ر دۆراوترین گه‌لی نێو ئه‌و ڕێکه‌وتنانه‌بوون، بێهزی کورد و نه‌بونی هه‌ستی کوردایه‌تی له‌لای کورده‌کان و فه‌رامۆشکردنی کورد بوو له‌ لایه‌ن ده‌وڵه‌ت زلهێزه‌کانه‌وه‌. ئه‌مڕۆ کورد که‌ کاره‌کته‌ری سه‌ره‌کی سه‌ر شانۆ و نوسینه‌وه‌ی ڕێکه‌وتنه‌کانه‌ ده‌بێت براوه‌ی یه‌که‌می ئه‌و جیگۆگرافییه‌ نوێیه‌بێت. جه‌نگی تیرۆر که‌ پێشمه‌رگه‌ و کورد پێشڕه‌وی ئه‌و ڕێکخراوه‌ تیرۆریستییه‌ی وه‌ستاند و ئه‌فسانه‌ی داعشی تێکشکاند. هێزی پێسمه‌رگه‌ی کوردستان که‌ ئه‌مڕۆ به‌ فه‌رمانده‌یی سه‌رۆک بارزانی بووه‌ته‌ ناسنامه‌ و هێزێکی گه‌وره‌ی که‌ شه‌ڕی جیهان ده‌کات دژی تیرۆر. هه‌ر زوو مژده‌ی ئه‌وه‌ی به‌خشی که‌کورد نه‌ک ده‌بێته‌ خاوه‌نی قه‌واره‌ی سه‌ربه‌خۆ به‌ڵکو هێزێک ده‌بێت له‌ پێشهات و ڕووداوه‌کان پرسی پێ ده‌کرێت. پێشمه‌رگه‌ هێزێک له‌ ڕابرودا که‌ ته‌نها چیاکان پشتیوانی بووه‌ ئه‌مڕۆ زلهێزه‌کانی دونیا هاوکار و پشتیوانیه‌تی‌، سه‌دان ڕاوێژکاری سه‌ربازی ده‌وڵه‌تانی خۆرئاوا وزلهێزه‌کانی دنیا ڕاهێنانیان پی ده‌کات و خاوه‌نی چه‌کی نوێی و ته‌کنه‌لۆژییا سه‌ربازی نوێیه‌. ئه‌م هاوکاری هه‌ماهه‌نگییه‌ی زلهێزه‌کانی دونیا بۆ پێشمه‌رگه‌ له‌ ده‌رئه‌نجامی ئه‌و سیاسه‌ت و به‌ره‌وپێشچونه‌ی سه‌رکردایه‌تی کورده‌‌ له‌ ناوچه‌که‌دا که‌ زلهێزه‌کانی گه‌یاندووه‌ته‌ ئه‌و باوه‌ڕه‌ی که‌ دروستبونی قه‌واره‌یه‌کی سه‌ربه‌خۆی کوردی زامنی ئاسایش و سه‌قامگیری ناوچه‌که‌یه‌.

ئیداره‌ی نوێی ئه‌مریکا و شاندی کوردستان

له‌ هه‌ڵمه‌تی هه‌ڵبژاردنه‌کانی ئه‌مریکادا و به‌تایبه‌ت هه‌ڵمه‌ته‌کانی دۆناڵد تره‌مپ، به‌ یه‌که‌مجاربوو ناوی کورد و پێشمه‌رگه‌ ببێته‌ هه‌ڵمه‌تی بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردن له‌ ئه‌مریکادا. پڕچه‌ک کردنی پێشمه‌رگه‌ و گه‌شه‌دان پێیان و هاوکاری زیاتر له‌ بانگه‌شه‌کانی سه‌رۆکی هه‌ڵبژێردراوی ئه‌مریکا، په‌یامێکی دلخۆشکه‌ره‌ و گه‌وره‌ی هه‌ڵگرتووه‌ بۆ په‌یوه‌ندی کوردستان ئیداره‌ی نوێی ئه‌مریکا. ئه‌مه‌ش واده‌کات پاش هه‌لبژاردنه‌کان وشاندێکی گه‌وره‌ی کورد به‌ سه‌رۆکایه‌تی سه‌رۆکی ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی هه‌رێمی کوردستان کاک مه‌سرور بارزانی ده‌گاته‌ ئه‌مریکا و له‌وێ دیدار و کۆبونه‌وه‌ی گرنگ ساز ده‌کات. سه‌رۆکی ئه‌نجومه‌نی ڕاوێژکاری ئاسایش هه‌رێمی کوردستان دیاره‌ له‌ سه‌ردانه‌که‌یدا به‌ڵێنی گه‌وره‌ی پێدراوه‌ هه‌ر بۆیه‌ له‌ پاش گه‌ڕانه‌وه‌ی کۆنفراسێک له‌ ژێر ناوی سه‌ربه‌خۆیی کوردستان و ده‌رفه‌ت و ئاسته‌نگ له‌ زانکۆی ئه‌مریکی دهۆک ساز ده‌کات که‌ خودی جه‌نابیان سه‌رۆکی بۆردی ئه‌و زانکۆیه‌یه‌.

سایکسبیکۆ و سه‌ربه‌خۆی کوردستان و ده‌رفه‌ت و ئاسته‌نگ

هه‌ولێر له‌ پاش سه‌د ساڵی سایکسبیکۆ بووه‌ته‌ مه‌یدانی کۆبونه‌وه‌ی زلهێزه‌کانی دونیا، له‌ رابردودا کورد له‌ غیابی سه‌رکرده‌ و فه‌رامۆشکردنییه‌و‌ه‌ بێئاگا له‌وه‌ی چی ڕووده‌دات و بێ ئاگا له‌ کۆبونه‌وه‌ و په‌یماننامه‌کان، به‌لام ئه‌مڕۆ به‌ پێچه‌وانه‌ی ئه‌وه‌ی له‌ ڕابردودا ڕویداوه‌ کورد و سه‌رکرده‌ی کورد ڕێکخه‌ر و ده‌سپێشخه‌ر و ئه‌و کۆبونه‌وانه‌یه‌ که‌ کار بۆ نه‌خشه‌یه‌کی نوێ ده‌که‌ن له‌ خۆرهه‌ڵاتی ناوین. سیاسه‌تی سه‌رکردایه‌تی کورد له‌سه‌ر ده‌ستی سه‌رۆک بارزانی و به‌هێزکردنی په‌یوه‌ندییه‌ نێوده‌وله‌تییه‌کان هه‌ولێری کردووه‌ته‌ پایته‌ختی سیاسی خۆرهه‌لاتی ناوڕاست. لوبی کوردی له‌سه‌ر ده‌ستی سیاسه‌ته‌کانی سه‌رۆک ئه‌مڕۆ له‌وپه‌ڕی به‌هێزیدایه‌. هاتنی به‌رده‌وامی شاندی گه‌وره‌ی ده‌وڵه‌تان و سه‌رۆک و سه‌رۆکوه‌زیران و وه‌زیرانی به‌رگری جیهان به‌ به‌رده‌وامی بۆ هه‌ولێر، ئه‌وه‌ سیاسه‌تی‌ سه‌رۆک بارزانییه‌ که‌ ده‌وڵه‌تانی زلهێزی دنیای خستووه‌ته‌ سه‌ر ئه‌و ڕایه‌ی که‌ به‌خێرای کار بۆ قه‌واره‌یه‌کی سه‌ربه‌خۆی کوردی بکه‌نه‌وه‌ له‌ ناوچه‌که‌دا. هه‌موو ئه‌و په‌یوه‌ندییانه‌ی وایکردووه‌ که‌ کورد بیر له‌ داڕشتنی نه‌خشه‌ڕێیه‌ک بۆ دروستبونی ده‌رفه‌تی ئه‌و ده‌وڵه‌ته‌ و ئاسته‌نگه‌کانی بکاته‌وه‌. ڕۆژانی 15-16ئه‌م مانگه‌ کۆنفرانسی سه‌ربه‌خۆیی کوردستان ده‌رفه‌ت و ئاسته‌نگ له‌ زانکۆی ئه‌مریکی دهۆک، له‌ ژێر سه‌رپه‌رشتی به‌ڕیز مه‌سرور بارزانی سه‌رۆکی ئه‌نجومه‌نی ڕاوێژکاری ئاسایشی هه‌رێم و به‌ ئاماده‌بوونی ڕێزدارنێجیرڤان بارزانی سه‌ۆرکی حکومه‌تی هه‌رێم و نوێنه‌ر و که‌سایه‌تییه‌ سیاسییه‌کانی هه‌ر چوار پارچه‌ی کوردستان، باڵوێزی وڵاتانی جیهان و نوێنه‌رانی ده‌وله‌ته‌ زلهێزه‌کانی جیهان و ئه‌کادیمی‌ په‌یامگه‌لێکی گه‌وره‌ی تێدا بوو، که‌ کاتێک باڵوێزی پێشوی ئه‌مریکا له‌ وتاره‌که‌یدا گووتی "ئێستا هه‌ر چیاکان پشتیوان و هاوڕێتان نین، هاوڕێ و پشتیوانی زۆرتان هه‌یه‌"
کۆنفرانسی سه‌ربه‌خۆیی کوردستان، به‌رنامه‌ و نه‌خشه‌ڕێیه‌ک بۆ ئاماده‌بونی سه‌ربه‌خۆیی کوردستان دیاری ده‌کات که‌ چۆن به‌رانگا‌ری به‌ربه‌سته‌کان ببێته‌ و له‌و نێونده‌شدا چۆن جیرانێکی باشی ده‌وڵه‌تانی هاوسێی بێت.
Top