رۆژی تۆڵەیە بروسکەیەک بۆ گۆڕانخوازان

رۆژی تۆڵەیە بروسکەیەک بۆ گۆڕانخوازان
هەڵسووڕاو و گۆڕانخوازان.. ئەی ئەوانەی لە مێژووی پڕ لە خیانەتی نەوشیروان مستەفا بێئاگان و بێ ئاوڕدانەوە لە رابردوو کەوتوونەتە داوی درووشم و وتاری بێ کرداری, ئێستا دەرکەوت نەوشیروان مستەفا ئێوەی تەنها بۆ (گۆڕین)ی راستییەکان و رشتنی کۆنەقین و شەڕی خانەوادەی بارزانی شۆڕگێڕ و کوردپەروەر دەوێ, ئایا بیرتان لەوە کردۆتەوە رۆژێک شەڕی یەکێتی نیشتیمانی کوردستانتان پێدەکا و خۆی گوتەنی: قووت و سامانی گشتیتان پێ لە قوڕگی کۆنە هاوسەنگەرەکانی خۆی دێنێتەوە دەرێ؟! رۆژێکیش وەک ئەوەی هیچ رووی نەدابێ لەگەڵ یەکێتی رێکتان دەخاتەوە و بە جووتە بە گژ بڕیاری تاکڕەوی سیاسیتاندا دەکات, رۆژێک وەک شوفێری تاکسی لە خەتی (سەری رەش) ئیش دەکا و رۆژێک لە هێڵی ئاسمانی بەریتانیا, رۆژێکیش دەستەچیلەتان دەداتە دەست و پێتان هەڵدەکوتێتە سەر بارەگاکانی پارتی, رۆژێک لە ناو هۆڵی پەرلەمان تەپڵ و دەهۆڵتان پێ دەکوتێ و رۆژێک لەفەی فیفیتە و پێ دەباتە ناو حەرەمی پەرلەمان و رۆژێکیش بەڵێنی درۆیینی چوار ساڵ ئارامیتان پێدەدات, رۆژێک پێشوازیتان پێ لە نوری مالیکی قووت و مووچەبڕی خەڵکی کوردستان دەکات و رۆژێکیش لە بەغدای ئەنفال و کیمیا شەڕتان پێ لەگەڵ پێ بەگەڵ خواستی سەربەخۆیی کوردستان و ماف و ئامانجە زەوتکراوەکانی گەلەکەمان دەکات, دوای ئەو هەموو بەزمەی ئەو کابرا گێچەڵخوازە بە ئێوەی دەکات, خۆشی لە هەندەرانەوە بە ئەقڵی سیاسی و هزری گەوجێنراوتان پێدەکەنێ, بۆیە دەپرسم.. بێدەنگیتان تاکەی؟! ئەرێ کاتی تۆڵە کردنەوە نەهاتووە؟!
بە راستی ئەمڕۆ رۆژی تۆڵەیە و پێویستە تۆڵەی ئەو هەموو خراپەکاریانە لە نەوشیروان مستەفا بکەنەوە کە بۆ مەرامی تایبەتی بە ئێوە کردووە و, لە دەرەوەی بازانەی نەتەوایەتی بێباکانە هەڵیسووڕاندوون, یان لانی کەم تۆڵەی ئەوەی لێبکەنەوە کە لە قۆناغیکی هەستیاری وەک ئێستادا و لەبەردەم مەترسییەکانی داعش و هەڕەشەکانی نوری مالیکی و حەنان فەتلاوی و قەیس خەز عەلی و ئەبوئیزرائیل جێهێشتوون و لە بەریتانیا مانی لە قسە و لیدوانیش گرتووە, جا ئەگەر دەتانەوێ تۆڵەی لێبکەنەوە..؟! من لە رووی پەرۆشیم بۆ ئێوە و وەفاداریم بۆ خوێنی شەهیدان و دڵسۆزیم بۆ بەختەوەری نەتەوەکەم, پێتان دەڵێم چۆن چۆنی تۆڵەی لێبکەنەوە, دیارە نەوشیروان مستەفا دوژمنی کۆدەنگی نەتەوەیی و رێبازی بارزانی نەمرە, بۆیە باشترین تۆڵە کردنەوەتان لە نەوشیروان مستەفا گەڕانەوەتانە بۆ باوەشی گەل و رێبازی بارزانی نەمر, چونکە وەک پێم گوتن تاکە شتێک کە نەوشیروان مستەفا قەڵس و تەنگاو بکات و دەماری سیاسی تووشی شۆرت بکات, کۆدەنگی نەتەوەیی و یەکگرتنی چین و توێژەکانی خەڵکی کوردستانە لە ناو رێبازی پیرۆزی بارزانی نەمردا, ئەو رێبازەی کە رێبازی بەدیهێنانی دواخەونی کورد و کوردستانیانە و نەوشیروان مستەفا بە درێژایی مێژوو چاوی پێی هەڵنەهاتووە.
Top