ململانێی پێنج حزبەکە لەوەڕگایەک بۆ ئینتیهازەکان

ململانێی پێنج حزبەکە لەوەڕگایەک بۆ ئینتیهازەکان
ئەو ململانێ و ئینکاریە سیاسیەی پێنج حزبەکە لەسەر پلە و پۆست و مەرامی تاکە کەسی و بەرژەوەندی تایبەتی و باڵادەستی حزبی دەستیان داوەتێ, جیا لەوەى دەرگای بە رووی دەزگا هەواڵگریەکانی دوژمناندا کردۆتەوە تا لێیەوە بێنە ناو ماڵی کورد و وەک دەیانەوێ تەراتێنی تێدا بکەن, ژینگەی سیاسی کوردستانیشیان بۆ ئینیهاز و راڕاکان کردۆتە لەوەڕگایەک و بە ئارەزووی خۆیان تێیدا دەلەوەڕێن.
لەسەر دەرگا کردنەوەیان بە رووی دەزگا هەواڵگریەکانی داگیرکارانی کوردستان و دوژمنانی کورددا قسەم نییە, چونکە روون و ئاشکرایە کام لایەنی کوردی لە بەغدا ئامانجە نەتەوەییەکان هەرزان فرۆش دەکا و رێککەوتنە شاراوەکانی لەگەڵ لایەنە عەرەبی و دژە کوردەکان بۆ بردنەوەی ململانێکان لە کوردستان دەکاتە کارتی گوشار, کام لایەنیش لە بەغدا بەرگری لە ئامانجە نەتەوەییەکان و سەربەخۆیی کوردستان دەکات و دەستەکەوتەکانیش دەپارێزێ, ئەوەی لەم بابەتەدا مەبەستمە لێی بدوێم و بیخەمە پێش چاوی خوێنەران, بە لەوەڕگا کردنی ژینگەی سیاسی کوردستانە, لەوەشدا بێ جیاوازی هەر پێنج لایەنەکە لە پێشبڕکێدان و بەو هۆیەوە زەمینەیان بۆ ئینتیهاز و راڕاکان رەخساندووە باشترین لەوەڕگا هەڵبژێرن و بە کامی دڵی خۆشیان تێیدا بلەوەڕێن.
هەر پێنج لایەنەکە هەرزان فرۆشی گران کڕن, خەڵکی بوودەڵە و راڕای یەکتری دەکڕن و خەڵکی دڵسۆز و ماندووی خۆیان وەلا دەنێن, وەک ئەوەی بێژەری کەناڵێک بەو، هەندێ جنێو بە پارتی بڵێ و چەند تۆمتێکی بۆ هەڵبەستە, لە بزووتنەوەی گۆڕان ئۆڤەرێکی پەرلەمانتاری پەرلەمانی بەغدات پێشکەش دەکرێ, گۆڕان بەو, دوای ماوەیەک بڵێ نەوشیروان مستەفا لەگەڵ دەنگدەرانی ڕاستگۆ نەبوو, وەک ئەوەی گەورەترین پیلانی سەر کوردت پووچەڵ کردبێتەوە و کەس نەزانێ کە نەوشیروان مستەفا هەموو تەمەنی بە ناڕاستی هێناوە! لە پارتی کورسییەکی راوێژکاری یان پۆستی ئەندامی ئەنجومەنی سەرکردایەتی پارێزگایەکت بۆ دادەنرێ, پارتی بی بە رێکەوتیش رێت بکەوێتە گردەکە نیشانەی هەڵسووڕاوی و گۆڕانخوازیت بە گەردندا هەڵدەواسن و ئەندامی جڤاتی نیشتیمانی و راوێژکاری تایبەتی نەوشیروان مستەفاش مسۆگەر دەکەی, لە یەکێتییەوە بڕۆ ناو گۆڕان لە هەموو گوناحەکانی گەندەڵی پاک دەبیەوە, دوایی بگەڕێوە ناو یەکێتی دەڵێن: ماڵە گەورەکەی ئاوەدان کردەوە, لەوەش سەیرتر باڵێکی ناو یەکێتی بە سەدان کادیری باڵەکەی تری سڕ کردووە, هەر ئەو باڵە لە مەکتەبی سیاسی و ئەنجومەنی ناوەد کورسی یەدەگی بۆ کادیرانی ئینتیهازی لایەنەکانی تر داناوە, کە سەنگەری خەبات یان راستتر بڵێین خەباتی گیرفان دەگوازنەوە, لە کۆمەڵ و یەکگرتووی ئیسلامییەوە بچیتە ناو هەر لایەنێک دەتکافرێنن و بلیتی چوونە دۆزەخت بۆ دەبڕن, بەڵام لە هەر لایەنێکەوە ریش بێڵیەوە و کەمێکیش سمێڵت کورت بکەی و بڵێی کۆمەڵ یان یەکگرتووم, ئەگەر لە دارودەستەی (سەلمان روشدی) یان نەوەی (ئەبوجەهلیش) بی, دەستبەجێ دەبیە بانگخواز و موجاهید.
Top