ئەرێ ئێوەش هەستتان پێکردووە؟!

ئەرێ ئێوەش هەستتان پێکردووە؟!
شیعە هاوکات لەگەڵ نوێ بوونەوە و قووڵ بوونەوەى زیاتری دوژمنایەتی لەگەڵ سوننە و کێشە و ململانێکانی ناو خۆیان, کەچی ناوە ناوە هەڕەشە لە کورد دەکەن, ئەوە هەڕەشەکانی نوری مالیکی, ئەوە حەنان فەتلاوی, ئەوە قەیس خەز عەلی و ئەبوعیزرائیلی پاڵەوانی مردەڵە و تۆقیو لە داعش, ناوە ناوە هەڕەشە لە کورد دەکەن.
ئەرێ ئێوەش هەستتان پێکردووە..؟! لە بەرامبەر هەڕەشەکانیان حزبێک لە چوار حزبەکان بۆ تەنها جارێکیش قیڕەقیرێک ناکەن؟! نووسەر و رۆشنبیرانی بێلایەن و رۆژنامەنووسانی سەربەخۆش لۆکەیان لە گوێی خۆیان ئاخنیوە و لە بن لێوانیشەوە بۆڵەبۆڵێک ناکەن؟! مافی مرۆڤیش باسی مافی نەتەوەیەک ناکا و ژمارە و داتابێژیش ژمارە و داتای هەڕەشەکان ناخاتە روو؟! نە تاووتوێیەک, نە رای تۆیەک, نە سەکۆیەک, نە گەرماوگەرمێک, نە ئاڕاستەیەک بۆ تەنها جارێکیش ناڵێن ئێوە بڕیار بدەن راستییەکان لای کامیانە؟!
کەچی ئەو حزبانە و نوسەر و رۆشنبیرە بێلایەنکان و رۆژنامەنووسە سەربەخۆکان و مافی مرۆڤ و ژمارە و داتابێژەکان, لە لاکۆڵانێک گۆمیلکە ئاوێک ببینن بە یەک ئاڕاستەدا بۆی دەچن, گەرماوگەرم لێیدەدوێن و رای توندی لەسەر دەردەبڕن, لەسەر سەکۆ ژمارە و داتای لەسەر دەڵێن. پێت بخلیسکێتە ناوی مافی مرۆڤ دەیکاتە هەرا و راستییەکانیش بۆ خۆیان قرۆخ دەکەن.
Top