لە رێویان پرسی کێت شاهیدە؟ گوتی کلکم

لە رێویان پرسی کێت شاهیدە؟ گوتی کلکم
دوای سووکایەتیەکانی سروە عەبدولواحیدی پەرلەمانتاری بزووتنەوەى گۆڕان و هەڵسووڕاوی نەوشیروان مستەفا بە دایک و خوشک و هاوسەری شەهیدان و, بەدەنگهاتنی کەسوکار و وەفادار و دڵسۆزانی شەهیدان, لە بەرەکەی تریش واتا لەناو بزووتنەوەى گۆڕان بۆ داکۆکی و پشتیوانی لە سووکایەتیەکانی سروەی پەرلەمانتار بەشێک لە هەڵسووڕاوان هاتنە سەرخەت, ئەوە ئاساییە چونکە ئەو هەڵسووڕاوەنەی لەناو بزووتنەوەی گۆڕان هاتنە سەرخت هاوڕا و هاوبیری سروە عەبدولواحیدن, بەڵام ئەوەی ئاسایی نییە و پێویستی بە لێدوان و لێوردبوونەوەیە هاتنە سەر خەتی حەنان فەتلاوی پەرلەمانتاری عەرەب و سەلیم جبووری سەرۆکی پەلەمانی عێراقە, فەرموون ببینن سەلیم جبووری چەند سەرسەختانە داکۆکی لە سروە دەکا و بە دڵسۆزی سەرسامە و بە لێوەشاوەیی هەڵدەڵێ.
سەلیم جبووری هۆشداری دەدا و داوا دەکات کاردانەوەکان لەسەر لێدوانەکانی سروە عەبدولواحید رابگیرێن و دەڵێ: داوا دەکەین کاردانەوە و ناڕەزایەتییەکان لە بارەی لێدوانەکانی سروە عەبدولواحید رابگیرێن, دواتر دەڵێ: پەرلەمانتارە کوردەکانی بەغدا رۆڵی کاریگەریان بینیوە لە چارەسەری کێشەکانی نێوان بەغدا و حکومەتی هەرێمی کوردستان و لە نێویشیاندا سروە عەبدولواحید.
لێرەدا دەپرسین چارەسەری کام کێشە و کام رۆل بینین و کام پێشەنگی سروە عەبدولواحید؟ سەلیم جبووری کە ئەوەندە بە رۆڵی پەرلەمانتارە کوردەکانی بەغدا و لە نێویشیاندا سروە عەبدولواحید سەرسامە, ئایا پەرلەمانتارە کوردەکانی بەغدا تا ئێستا توانیویانە نوری مالیکی و قەیس خەزعەلی لە هەڕەشە کردن لە کورد بێدەنگ بکەن؟!
کورد دەبێ لەوە بگات کاتێک عەرەبێک لە هەڵوێستی کوردێک رازی بێ و پێی هەڵبڵێ, وەک ئەوەی سەلیم جبووری لە هەڵوێستی هەندێ پەرلەمانتاری کورد رازییە و لە نێویشیاندا هەڵوێستی سروە عەبدولواحید, ئەوە نیشانەی خۆ بە دەستەوەدانی ئەو پەرلەمانتارانەیە و هیچیتر, لە بیرمان نەچێ کاتی خۆی سەددام حوسێن وەک ئەوپەڕی رازی بوون لە هەڵوێستی خۆ بە دەستەوەدانی مستەشارەکان نیشانەی ئازایەتی, یان راستتر بڵێین نیشانەی خۆفرشی و خۆ بە دەستەوەدانی بە بەرۆکدا هەڵدەواسین و دەستی لە شان دەدان, ئەوەی ئەمڕۆش سەلیم جبووری لەسەر هەندێ پەرلەمانتاری کورد و بە تایبەتیش لەسەر سروە عەبدولواحید دەیڵێ, نووسینەوەی مێژووی سەددام حوسێن و مستەشارەکانە بە دیوێکی تردا.
Top